‌بارشەلۆنا لە دواین خولەکەکاندا سێ خاڵی گرنگی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید وەرگرت.

وێستگە سپۆرت-

لە خولی ئیسپانیا، یانەی بارشەلۆنا توانی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید بباتەوە و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ڕیاڵ مەدریدی نزیکترین ڕکابەریدا زیاتر بکات. 

شەوی ڕابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی 30 لالیگادا، یانەی بارشەلۆنا لە یاریگای میتۆپۆلیتانۆ بووە میوانی ئەتلەتیکۆ مەدرید. 

لە سەرەتاکانی تایمی یەکەمدا یاریزانانی بارشەلۆنا باشتر دەرکەوتن و چەند هێرشێکی زۆریشیان بردە سەر گۆڵی یانەی خاوەن یاریگا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە گۆڵ تۆمارکردن و ئەوەبوو ئاتلەتیکۆ یارییەکەی هەڵگەڕاندەوە و لە خولەکی 39 دا توانیان گۆڵی یەکەم لە بارشەلۆنا تۆمار بکەن، بەڵام بارشەلۆنا بێوەڵام نەبوون و لە خولەکی 42 دا گۆڵی یەکسانییان تۆمارکرد و لە دواین ساتەکانی ئەو تایمەشدا ناوبژیوان نیکۆ گۆنزالێزی یاریزانی ئەتلەتیکۆ بە کارتی سوور کردە دەرەوە، ئەو تایمەش بەوئەنجامە کۆتایی هات. 

لە تایمی دووەمدا یاریزانانی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە 10 یاریزانەوە بەردەوامییان بە یارییەکە دا و توانیان تا دواین چرکە ساتەکانی یارییەکە بەو ئەنجامە بهێڵنەوە، بەڵام لە دواین چرکەساتەکاندا لیڤا گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تۆمارکرد و سەرەنجام یارییەکە بە بردنەوەی بارشەلۆنا کۆتایی هات. 

بەو بردنەوەیەش بارشەلۆنا جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید دووەمدا بەرزکردەوە بۆ 7 خاڵ و هەنگاوێکی دیکە لە یەکلا کردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیک بووەوە. 


AM:11:23:05/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری