‌ئەرسناڵ یاری لوتکەی لە ئینتەر میلان بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی داهاتوو.

وێستگە سپۆرت-

لە چامپیۆنسلیگ ئەرسناڵ توانی لە ئینتەر میلان بەرێتەوە و ڕاستەوخۆ سەربکەوێت بۆ قۆناغی 16 ی پاڵەوانییەتییەکە.

لە یاریی لوتکەی گەڕی حەوتەمی چامپیۆنسلیگدا، یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای جۆزێپی میاتزا، بووە میوانی ئەنتەرمیلانی ئیتاڵی. 

هەر لە سەرەتاکانی تایمی یەکەمەوە هاوسەنگی هێز بە یارییەکەوە دیار بوو بەڵام تۆپچییەکانی لەندەن هەر زوو گورزی خۆیان وەشاند و لە خولەکی 10 ی ئەو تایمەدا گۆڵی یەکەمیان تۆمار کرد، بەڵام یانەی خاوەن یاریگا دەستەوەستان نەبوون بەرامبەر ئەو گۆڵە و لە خولەکی 18 دا ئەنجامەکەیان یەکسان کردەوە. دواتر گەبەرز باشتر دەرکەوتن و دووبارە لە ڕێگای خیسۆسەوە گۆڵی دووەمیان تۆمار کرد و ئەو تایمە بە ئەنجامی 2-1 لە سوودی تۆپچییەکان بە کۆتا هات. 

سیناریۆی تایمی دووەمیش وەک سەرەتاکانی تایمی یەکەم بوو هاوسەنگی بە یارییەکەوە دیاربوو هەردوو لا بەردەوام بوون لە هێرش بردنە سەر گۆڵی یەکتر، بەڵام دووبارە ئەرسناڵ لە خولەکی 83 دا گۆڵێکی تری لە ئینتەر میلان کرد و سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی 3-1 بە بردنەوەی ئەرساناڵ کۆتایی هات. 

بەم بردنەوەیە ئەرسناڵ بەبێ دۆڕان 21 خاڵی کۆکردەوە و ڕاستەوخۆ سەرکەوت بۆ قۆناغی 16 ی جامەکە. 


PM:12:09:21/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌