‌ڕیاڵ مەدرید بە ئەلباسێتێ دۆڕا و لە جامی شا کرایە دەرەوە.

وێستگە سپۆرت-

لە جامی شای ئیسپانیا، ڕیاڵ مەدرید نەیتوانی لە ئەلباسێتێ بەرێتەوە و لە جامەکە کرایە دەرەوە.

لە یارییەکانی قۆناغی 16 ی جامی شای ئیسپانیادا، ڕیاڵ مەدرید بووە میوانی یانەی ئەلباسێتێ کە یانەیەکی خولی پلە دووی ئیسپانیایە. 

لە تایمی یەکەمدا، یاریزانای ڕیاڵ مەدرید بە تەواوی کۆنترۆڵی تۆپیان بەدەست بوو، بەڵام نەیان دەتوانی گۆڵ لە یانەی خاوەن یاریگا تۆمار بکەن، هەر بۆیە ئەلباسێتێ ئەمەیان قۆستەوە و لە خولەکی 42 گۆڵ یەکەمیان تۆمار کرد، یانەی ڕیاڵ مەدریدیش دوای ئەو گۆڵە کەوتەوە خۆی و لە خولەکی 45 و کاتی زیادکراودا، توانی گۆڵی یەکسانی تۆمار بکات و ئەو تایمە بە یەکسانی و بە گۆڵێک بۆ هەردوولایان کۆتایی بێت. 

لە تایمی دووەمدا، و لە خولەکی 82 دا یانەی خاوەن یاریگا دووبارە گورزی خۆی لە ڕیاڵ مەدرید دا و گۆڵی دووەمیان تۆمارکرد، هەرچەندە گۆنزالۆ گارسیا لە خولەکی 90 دا ئەنجامەکەی دووبارە بۆ ڕیاڵ مەدرید یەکسان کردەوە بەڵام پێش کۆتایی هاتنی کاتی یاسایی یارییەکە، ئەلباسێتێ گۆڵێکی دیکەیان تۆمارکرد و دواجار یارییەکە بە بردنەوەی ئەلباسێتێ لە ڕیاڵ مەدرید کۆتایی هات. 

بەو ئەنجامە ڕیاڵ مەدرید لەسەر دەستی ئەلباسێتێ کرایە دەرەوە لە جامی شای ئیسپانیا. 


AM:10:58:15/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌