‌دى لافۆنتێ: شایستەى نازناوەکە بووین

وێستگە سپۆرت-

دی لا فۆنتێ دوپاتیکردەوە ئەوان باشترین هەڵبژاردەی ئەوروپان و بە شایستەی بوونەتە پاڵەوانی یۆرۆ.

پاش بردنەوەیان لە ئینگلتەرا دی لا فۆنتێی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا رایگەیاند، ناتوانێت لەوە خۆشحاڵتر بێت کە دڵخۆشی یاریزانان و هاندەران دەبینیت، ئەوان یارییەکی نایابیان ئەنجامداوە و بە شایستەی بوونەتە پاڵەوانی یۆرۆ.

وتیشی: هەمیشە دەتوانین پێشبکەوین، ئەوە ئامانجی ئێمەیە، بەهێزی تیپەکەمان ئەوەیە کە هەمیشە بیر لە پێشکەوتن دەکەینەوە و بەدەستی دەهێنین چونکە ئەم یاریزانانە نمونەن بۆ هەمووان و ئاستیان زۆر باشە.

باسی لەوەشکرد وەک پێشتر وتویەتی یاریزانەکانی باشترینن لە جیهاندا، لە نێوان تایمی یەکەم و دووەمیش ئەوەی بۆیان دووبارە کردوەتەوە و داوای لێکردوون متمانە بە خۆ بوونیان لەدەست نەدەن چونکە گرنگترین شتە.

سەبارەت بە بەدەستهێنانی یۆرۆ و سوود بینین لەو ئەزموونە، دی لا فۆنتێی وتی: وەک پێشتر ووتم ناکرێ لەوە زیاتر دڵخۆش بین، ئێمە تیپێکی ڕاستەقینە و پاڵەوانی ئەوروپاین، هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت زیاتر شانازی بەم تیپە دەکەم، سوپاس بۆ پاڵپشتی هەموو هاندەران لە سەرتاسەری ئیسپانیا.


AM:10:22:15/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌