‌سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی بۆ پشتیوانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییە چارەنوسسازەکەیدا دەرکرد.

وێستگە سپۆرت-

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پێناو پشتگیری کردنی عێراق لە یارییەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا، بڕیارێکی سەیری دەرکرد. 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، کە ڕۆژی چوارشەممە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت کاتژمێرێک درەنگتر دەست بە دەوام دەکەن، ئەویش لە پێناو ئەوەی کە هەموو گەلی عێراق بەرە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە و کاتژمێر 6:00 پشتگیری هەڵبژاردەی نیشتیمانییەکەیان بکەن بۆ ئەوەی بەسەر بۆلیڤیادا سەربکەوێت و بگاتە مۆندیال. 

لە بەیاننامەیەکی فەرمی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا هاتووە وێڕای کاتژمێرێک درەنگخستنی دەوام بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان، بڕیاری داوە کە پاداشتی دارای گەورە بە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە بدرێت، ئەگەر سەربکەون بۆ مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە مانگی 6 ی ئەمساڵدا لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوە بچێت. 

سەرۆکی وڵاتی بۆلیڤیاش هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە، کە ئەو یارییە چارەنوسسازەی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق بێ بەرامبەر لە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکانەوە پەخش دەکرێت و سەرجەم هاونیشتیمانیان دەتوانن بینەری ئەو یارییە بن لە پێناو پشتگیری کردنی هەڵبژاردەی بۆلیڤیا. 

بڕیارە بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە لە کاتژمێر 6:00 ی بەرەبەیان بە کاتی هەرێمی کوردستان بە ڕێوەبچێت. 



PM:08:22:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری