دوژمن کەی یەکێتی و پارتی دەناسێت؟

‌هێـڤـار هـیـوا

ئەمرۆ 19 ساڵ بەسەر ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوباتدا تێپەردەبێت کە تێیدا 103 کەس شەهید بوون و زیاتر لە 140 کەسی دیکەش برینداربوون. 

رووداوی یەکی شوبات لە هەردوو لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی‌ 3ـی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ھەولێر روویاندا. ئەم رووداوە یەکێک لە رووداوە جەرگبڕەکان. هاوکاتیش بوو لەگەڵ یەکگرتنەوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتی ئەوکات و گەراندنەوەی لقی پارتی بۆ سلێمانی و مەڵبەندی یەکێتی بۆ هەولێر. 

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، لەو رۆژەدا کاتێک تەقینەوەکان بوون، کێ وتی بێ زەحمەت تۆ پارتیت با بتکوژم یاخود تۆ یەکێتیت؟ ئایا هەموویان بە یەک چاو سەیر نەکران و شەهید نەکران؟ ئایا جیاکاری لە نێوان هیچ لایەنێکیان کرا؟ ئایا هەموویان پێکەوە و لە هەمان کاتدا رۆژی جەژن و خۆشییان لێ نەکرا بە شین؟ چونکە ئاشکرا بوو لە نێوان شەهیدە نەمرەکان و بریندارەکاندا لایەنگری پارت و لایەنە سیاسییەکانی جیاواز لە یەکێتی و پارتیشی تێدا بوو. 

کەواتە بۆ دوژمن کورد هەر کوردە! نە سەوزە و نە زەرد، نە هەولێرییە و نە سلێمانی و نە دهۆکییە! تەنها کوردە و دەبێت "لەناوببردرێت."

چەند خۆشە؛ سەرباری ئەم رۆژە پڕ کارەسات و مەینەتییەی کورد هاوشان لەگەڵ نەهامەتیی و رووداوە جەرگبڕە مێژووییەکانی دیکە، سەرانی کورد و دەسەڵات و خاوەن هێزەکانی ئەم هەرێمە، دەست لەناو دەست بەرەو چارەسەری کێشەکان بڕۆن. چەند جوانە هەر لایەک تا ئەوپەڕی نەرمی بنوێنێت بۆ تێگەیشتن و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ برا و هاوسەنگەر و هاوزمانەکەی. چونکە هیچ کات دوژمنێکی بێگانە جیاکاری نەکردووە لە نێوانمان و بە یەک چاو ویستی لەناوبردنی هەموومانیان هەبووە، ئیتر بۆ ئێمە لەناو خۆماندا جیاکاری و دووبەرەکی دروستبکەین. 

ئەمرۆ دەبێت ببێتە رۆژی یەکگرتنی هەموو لایەن و رەنگە جیاوازەکان و سەد هێندە گیانی یەکتر قبووڵکردنیان زیاتر بکەن.


AM:11:21:01/02/2023

ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی