حەسەن زیرەکم چۆن ناسی و چۆن بردم بۆ ڕادیۆی کوردی بەغدا؟

‌مام جەلال

بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (۱۹۵۴-۱۹۵۳)، لەگەڵ هاوڕێی دێرینم کاک مستەفا قەرەداغی کە تازە لە ئەمریکا هاتبوەوە، پێکەوە لەژورێک دەژیاین، لە ئوتیل(شیمال الکبیر)ی خوالێخۆشبوو کاکە حەمە، لەو ئوتێلەشدا حەسەن زیرەک وەک کرێکار کاری دەکرد، منیش ئەوسا وەک لاوێکی چەپی خۆ بە مارکسیست زان عەوداڵی هۆشیار کردنەوە و ڕێکخستنی ڕەنجدەران و کرێکاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداکرد، کەزانیم کوردی کوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەویەوە کە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لە گەڵیا چومە ناو باسەکەوە و لەڕێی کوردایەتیەوە ڕامکێشا بەلای خۆمدا، تا وای لێ هات ئەو بڵاوکراوانەی نهێنی چی هی خۆمان و چی هی حیزبەکانی تر لای ئەوم دادەنا و ئەویش لە ژورەکەی سەرەوەی ئوتێلەکە بۆی دەشاردمەوە، شەوانیش ناو بە ناو کە ئیشی کەم دەبوو دەهاتە لام لە ژوورەکەم تا ڕۆژێکیان بە سەری داچوم گۆرانی (کیژان دەچنە مێرگوڵان )ی دەگوت منیش تاوێک هەستم لێ ڕاگرت و گوێم لێ گرت و زۆر بە لامەوە خۆش بوو، ئیتر پیرۆزبایم لێ کرد و تەشویقم کرد.

شەویش کە دەهاتە ژورەکەمان داوام لێ کرد گۆرانیەکم بۆ بڵێتەوە بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆش بوو، ئەویش هەندێ گۆرانی تری فۆلکلۆری کوردی بۆ گوتین، کە لە ناویاندا (دەسماڵ حەریری سوورە)شم زۆر بە لاوەخۆش بوو ئیتر لە گەڵ کاک حەسەن زیرەکی هەڤاڵ و دەنگ خۆش دا تا دەهات بەینمان خۆش تر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ کارەکانی لە سەر سوک دەبوون، دەهاتە لام لە ژورەکەمان و گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەک دیتم دەنگی خۆشەو بە تایبەتی شارەزایەکی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا، بۆیە کەڵ کەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ کەوتە سەر، بۆیە هەڵسام چوومە لای کاک عارف تاڵەبانی خزممان کە ئەوسا مفتش ئیداری بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی کووردی بەغداد بوو، لە لای کاک عارف باسی حەسەن زیرەک و گۆرانیەکانیم بۆ کرد، ئەویش بەلایەوە باش بوو کە بیبەینە ئیزاعەی کوردی بەغدا، هەر بۆیەش لە بەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی کوردی کردو و ئەویش ڕازی بوو، داوای کرد من حەسەن زیرەک بەرمە لای و ئەوانیش تاقی بکەنەوە ئەوە بوو منیش چوم بۆ ئوتێل و موژدەکەم دا بە حەسەن زیرەک ئەویش لە خۆشیدا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ ڕۆژی دوەم کە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی کوردی زۆر لە سەر خۆ لەتاقی کردنەوەکاندا بەشداری کرد و سەرکەوتوو بوو، لەو ڕۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانی بێژ بەو شەرتەی هەفتەی جارێک بچێت گۆرانی بڵێت و هەر جارەی ۳ یان ۴ دیناری بدرێتێ ئەوەش ئەوی ڕۆژی زۆر زۆر بوو، چونکە ئەو لە ئوتێلەکە جگە لە خواردن و نوستن تەنها ۳دیناری وەر دەگرت، بەم جۆرە حەسەن زیرەک بو بە گۆرانی بێژ لە ڕادیۆی کوردی بەغداد، وەزعی مالیشی باش بوو هەر لە سایەیی خەبات گێڕیشدا بە کاک حەسەنە سورم ناساند کەئەویش کرێکار بوو لای کاک ئیبراهیمی مسەوەر، هەر دووکیانم لە شانەیەکدا کۆ کردەوە، هەر دوکیانیش بون بە هەڤاڵ، پاشان حەسەن زیرەک خوشکی حەسەنە سوریشی هێنا.

هەر چەند ئەم ڕاستیانەی سەرەوە وا بۆ یەکەمین جارە بڵاو دەکرێتەوە بەڵام خانمی حسن زیرەک لێی ئاگادارە،

خوالێخۆشبوو خۆشی جارێکیان باسی کردوە، بەڵام چونکە لە زەمانی شادا نەی دەوێرا ناوی من بهێنێت دەڵێ یەکێک ئەوی بردوەتە ڕادیۆ کە پێیان دەگوت مام.

سەرچاوە: گۆڤاری خاك ژمارە 50


PM:06:32:26/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی