كارێكی باش ئەگەر مەسرور بارزانی بیكات

‌پشتیوان جەمال

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێك لە دەزگا میدیاییەكان رایگەیاند، وەزارەتی رۆشنبیری رادەسپێرێت بۆ زانینی سەرچاوەی دارایی دەزگا میدیاییەكان تا بزانرێت سەرچاوەكەیان كوێیە؟

پێشتر زۆر رەخنەمان لە هەندێك كاری مەسرور بارزانی گرتووە، بەڵام ئەم قسەیەی كارێكی باش و گونجاوە ئەگەر بیكات، چونكە "فەوزا"ی  میدیای نوێی ئەمڕۆ كە زیاتر بۆتە سۆشیاڵ میدیا، هیچ لە گەندەڵی سیاسییەكان كەمتر نییە، ئەوەی روونە میدیاكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی زۆربەیان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و خودی مەسرور بارزانی پاڵپشتی دارایی دەكرێن و كەمترین بەرپرسی دیكەیان میدیای هەیە.

بەڵام فەوزا سەرەكییەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە كە بەداخەوە زۆربەی بەرپرسانی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی میدیاكان دەكەن، هەر بۆیە ئێستا میدیا "سەربەخۆكان" لە پەنجەكانی دەستێك تێناپەڕن، ئەوانی دیكەشیان وەك لە نێو هاوڕێیانی میدیاكاردا و بە تەنزەوە باس دەكرێت هەر ئەوە ماوە پارە لە "داعش" وەربگرن!!

ئاساییە میدیا لەلایەن بەرپرس هاوكاری بكرێت، بەڵام نەڵێت سەربەخۆین، یان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە و بەشێوەی ریكلام هاوكاری دەكرێت ئەوەشیان ئاساییە، بەڵام كۆمپانیاكە كاریگەری لەسەر بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی میدیاكە نابێت، بەڵام ئاخر چ مەنتقی تێدایە لەشاری سلێمانی میدیا هەیە لە ژێر ناوی "سەربەخۆ"ییەوە بازرگانی بە پیشەكەیەوە دەكات، بۆ نموونە بەڵگەنامەی لەسەر بەرپرسێكی حكومی یان حیزبی دەستكەوتووە پەیوەندی پێوە كردووە و پێیانوتووە بەڵگەیەكمان لەسەرت دەست كەوتووە، ئەگەر پارەمان پێدەدەیت بڵاویناكەینەوە و ئەگەر پارەش نادەیت خراپتر لەسەر دەنووسین؟ یان ئێستا میدیا هەیە لە ژێر ناوی "سەربەخۆ"ییەوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ هاوكاری دەكرێت!!

بۆیە دوای قسەكەی مەسرور بارزانی و بۆ دەرخستنی راستگۆیی زیاتری میدیاكان بۆ هاوڵاتیان، دوو بژاردە هەیە، یان ئەوەیە حكومەت بەدواداچوون بۆ لایەنی میدیایی دەزگاكان بكات و سەرچاوەی داراییان ئاشكرا بكات، یان ئەوەیە میدیاكان سەرچاوەی داراییان ئاشكرا بكەن "وەك ئەوەی میدیایەك كردی".



PM:04:43:24/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی