روی سلێمانی بەرەو پارتی!

‌سەردەشت حەمەساڵح

پێش ھەڵبژاردن ویستم ئەم بۆچونەم دەربڕم، بەڵام دوامخست بۆ دوای پڕۆسەکە، نا لەبەرئەوەی دڵنیا نەبوم، نەخێر یەقینم ھەبوو ھەرواش بو و لە ئایندەشدا پارتی جەماوەری لە سلێمانی زۆر زیاد دەکات، لێ باشتر بوو دوایخەم، لەبەرئەوەی کەسانێک لەمەتنی باسەکە ناگەن و پێیانوایە ئەم راستییانە دژایەتییە!، لەکاتێکدا بۆ چاکبون دەبێ برینەکان دەستنیشان بکەین، ئەوجا تیماریان بکەین.

ھۆکارگەلێک ھەن ئەو ھەڵکشانەی جەماوەری پارتی دەردەخەن، کە پێموایە لە ئایندەدا ئەو حزبە دەنگی زیاتر دەبێت. ھەرخۆی ببینن لەم ھەڵبژاردنەدا ئاماژەکان رونتر دەبنەوەو خەریکە بنی گۆمەکە بۆ ھاوڵاتییان دەردەکەوێ. 

وەک رێژەی دەنگ، پارتی جیاواز لەشارەکانی تر لە سلێمانی دەنگی زیادی کردوە. ئەمە سەرەڕای ئەو ماکینە ئعلامییە بەردەوامەی کە دژی ئەو حزبە لە بێوچاندایە، کە خەڵک ھیلاکی ئەو بالۆرانەیە!

ھەروەھا کۆی حزب و سەربەخۆکان دەیانویست لەسەر حسابی پارتی دەنگ بھێنن، وەک دەمانبینی ھەریەکەو لای خۆیەوە ھێرشی دەکردە سەر ئەو حزبە، ئەوەش ئەو پەندە دوپات دەکاتەوە کە دەوترێ «داری بەردار بەردی تێ دەگیرێ».

لەکاتێکدا دەبێ تۆ بەرنامەی خۆت بۆ ئەو خەڵکە ئاشکرا بکەی، پاکێجی تۆ چییەو چۆن دەتوانی خزمەت بکەی؟ چونکە ئەوە ھەڵبژاردنە نەک شەڕە گەڕەک!

ئەو خەڵکە تێگەشتوەو بێزی لەو جۆرە نمایش و پڕوپاگەندانە دێتەوە، چونکە دەزانن کاتییەو پێشتر بینیویانە دوای ھەموو ھاتوھاوارو ھێرش و پەلاماردانەکان، کێبڕکێ بووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی!..

پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆتە خاوەنی قەزییەی کوردو خاوەنی نەتەوەیی و نەیارەکانی بەئاگا یان بێ ئاگا ئاڵاکەیان داوەتە دەستی.

دژایەتی کردنی ریفراندۆم کارێکی نا عەقڵانییە، پارتی سنگی خستۆتە بەر ھەموو ئەو تیرانەی بەو ئاراستەیە دەھاویژرێن، ئەمەش راستگۆیی ئەو حزبە لای ھاونیشتمانییان دەردەخات، بەمەش پارتی دەریدەخات بۆ پێناوی سەربەخۆیی باج دەدات. ھەربۆیە نەک لە کوردستان بگرە لە عێراق کەس بەو دژایەتییە سودی وەرنەگرت و پێچەوانەکەی دەرچوو.

ھەروەھا یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتدا بەشدارن، لەبری ئەوەی چاو بە کارەکتەرەکانی خۆیان لە ناو حکومەتدا بخشێننەوەو سزای کەمتەرخەم و بێسودەکان بدەن، کەچی لەمەشدا نمایشێکی ھەڵەیان کردو حکومەتیان کرد بەھی پارتی و ھەموو کەموکورتییەکانیان خستە ئەستۆی ئەو حزبە! کە لۆژیکیانەتر دەبوو ھێندەی قەبارەی خۆیان دانییان بە کەموکورتی خۆیان بنایە.

لەم سنورەدا دەسەڵات بۆتە دروشمی جوان، بەڵام لەواقیعدا بێزراو، بەڵێ تا سەر ئێسقان بێزراون، خەڵک توڕەیەو ئەمانیش بەخۆیاندا ناچنەوەو باکیان نییە!

لە روی بازرگانییەوە سەدان بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەن کە لەم سنورەدا سەرانەو شەراکەت دەستی خستۆتە گەروی کاسب و بازرگانانەوە، زۆریشیان دەڵاڵ و پیاوی خۆیانن، بۆیە ناتوانن چاکی بکەن!

لە روی کۆمەڵایەتییەوە دەسەڵات نەک بێ بەرنامەیە، بەڵکو تێکدەرو ھەراسانکەرە، لەمڕوەوە نمونەکان ھێندە زۆرن فریا ناکەوی باسی ھەفتەی پێشو بکەی کەتنی تازە خۆی قوت دەکاتەوە!

لە روی ھەموو روەکانەوە دۆخەکە ناتەندروست و ئاڵۆزو لەسکە دەرچووە، بەئاشکرا ئەم شارە بێ خاوەنی پێوە دیارە، بۆیە خەڵکی رێی تر ھەڵدەبژێرێ و پێویستییان بە خاوەنێک ھەیە، نەک وەک پۆلی بێ مامۆستا بێ. فرسەتێ دووان سییان ئێوە ھەر بێباکن، ھەر وتان باش و ھیچ، ھەر وتان چاکی دەکەین و ھیچ، ھەر وتان گلەیی و گازندەکان ھەڵگرن بۆ دوای ھەڵبژاردن و ھەر ھیچ!! دەی چاوەڕوانی زۆر بچوکبونەوەش بکەن، خەتای خەڵک مەگرن کە خۆتان خەتاکەن، ئەم شارە حەقیەتی روتان لێوەرگێڕێ.

خەڵات عومەر، نوسەری گەورەی کورد، دوای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ کە گۆڕان لە یەکێتی زیاتر دەنگی ھێنا وتی «ئەم شارە، (سلێمانی) لایەنێک تێیدا دۆڕا، جارێکی تر ھەستانەوەی زەحمەتە». بۆیە تاکە دەرفەت وەرگرتنی ئەم راستیانەیەو قۆڵھەڵماڵین بۆ چاکسازی، بێ گوێدانە کەسی نا بەرپرس.


AM:11:42:17/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 1060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی