مەبەست لە شێواندنی چەمكەكان و لەكەداركردنی چالاكانی بزاڤی فیمینیستی چییە؟

‌کاوە محمود

چالاكانی بواری داكۆكیكردن لە مافی ژنان و مافی مرۆڤ و سەرجەم ئەوانەی بە دیدی فیمینستییەوە، وەك تاك و ڕێكخراو لە گۆڕەپانی فەزای گشتیدا كاردەكەن، و سەرجەم چالاكییەكانیان، كە بەشێكە لە تێكۆشان بۆ وەدیهێنانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پرۆسەیەكدا، كە مەبەست لێی یەكسانی و دادوەری كۆمەڵایەتییە، دووچاری ئاڵانگاری ڕۆژانە لە لایەن هێزی پارێزەرخواز و كۆنەپەرست دەبنەوە و، ئەو هێزانەش بە پۆشینی جلوبەرگی پاراستنی شوناسی خێزان و ئاین و نەریتی كۆمەڵایەتی كار بۆ شێواندنی تێكڕای چەمكەكانی مۆدێرنە و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و بابەتی سكۆلار و بنەماكانی فیمینیستی دەكەن.

لە سەرجەم كۆمەڵگاكان كە بە قۆناغی ڕاگوزاری تیپەڕدەبن، ناكۆكی و ململانێیەكانی نێوان ئەو هێزە نەریتییە كۆنانەی كە كار بۆ بەرهەمهێنانەوەی شێواز و پەیوەندی و نەریتە سواوەكان كە بنەماكەی چەوساندنەوەیە و سیمای سەرەكی كۆمەڵگای پیاوسالارییە، دەكەن، دژ بەو هێزانەی، كە لە ڕوانگەی چەمكی هاووڵاتیبوون و یەكسانی جێندەری و عەدالەتی كۆمەڵایەتییەوە لە پێناوی بەرهەمهێنانی نەریت و ڕێسای نوێ و ئاراستەكردنی كۆمەڵگا بە ڕێگای پێشكەوتن و گەشەپێداندا كاردەكەن.

گوتاری هێزی پارێزگارخواز نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هەموو شێوە و وێنەكانییەوە بریتین لە گوتاری ناسەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئاراستەكردنی تۆمەتی جۆراجۆر و شێواندنی چەمكە مەعریفییەكان و لەكەداركردنی چالاكانی بواری گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە مەبەستی لاتەریككردنیان و سەپاندنی ڕەوشێك و هەلومەرجێكی كۆمەڵایەتی، كە چالاكانی بواری گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان لە نێو کۆمەڵگادا گۆشەگیر بكرێن.

تۆمەتە لە قاڵبدراو و ئامادەكراوەكان كە هێزی كۆنەپەرست لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەكاری دەهێنن، بریتین لەوەی كە نەخشە و پلانی سكۆلار و بزاڤەكانی فیمینستی و ئەوانەی پەیامی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییان هەڵگرتووە كاركردنە بۆ «داماڵینی بەرگی شەرم و حەیا و گوێنەدان و تێكدان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و رێزنەگرتنی باوك و برا و هاوسەر بە ناوی ماف و ئازادی تاكەكەس كە ئامانج لێی نانەوەی پشێوی و هاندانە بۆ تێكدانی ماڵ و خێزان و كۆمەڵگا».

بەشێكی دیكەی ئەم گوتارە چەواشەكارییە بریتین لە تاوانباركردنی داكۆكیكەرانی مافی ژنان بە لاسایكردنەوەی ڕۆژئاوا و بەكرێگیراوی و جێبەجێكردنی ئەجێندەی دەرەكی و بڵاوكردنەوەی بەدڕەوشتی و ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار بۆ كەسی لادەر و بڵاوكردنەوەی كتێبی بێ بایەخ.

میكانیزمەكانی بڵاوكردنەوەی گوتاری كۆنەپەرستی شێوازی جۆراجۆری وەرگرتووە و بەشێك لە سۆشیال میدیا و پەیجە داخراوەكان ڕۆڵی مێش و مێشولەی ئەلیكترۆنی بۆ هەراسانكردنی بۆچوونی مۆدرێن و پێشكەوتنخواز دەبینن و، هێزی پارێزگارخواز و كۆنەپرستی ناوچەكە ڕۆڵی ڕاوچی لە ئاوی لێڵدا دەبینن و كار بۆ لەكەداركردنی هەر كەسایەتی و ڕێكخراوێكی مەدەنی و چالاكانی بواری یەكسانیخوازی دەكەن و وەكو نێچیرێك تەماشایان دەكەن، كە دەیانەوێ لە ڕێگای بەكارهێنانی زانیاری نادروست و چەواشەكاری ڕاوی هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و كەسایەتییەكانیان بكەن.

مەبەست لە ئاراستەی هێزی كۆنەپەرست و پارێزگارخوازی نێو كۆمەڵگا ڕاگرتنی پرۆسەی گۆڕانكارییە لە ڕێگای ڕێگاگرتن لە سەرجەم ئەو یاسایانەی كە شوناسێكی پێشكەوتن و یەكسانی تێدایە و مافی ژنان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی مسۆگەر دەكات و، لە هەمان كاتدا لە ڕێگای بوونیان لە نێو دامەزراوە فەرمییەكاندا ڕێگرن لەبەردەم ئەو یاسایانەی كە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان هێزی پێشكەوتنخواز لە كۆمەڵگادا لە رێگای دیموكراسییەوە كاریان بۆ پەسەندكردنیان بە شێوەیكی فەرمی كردووە.

لە خستەڕووی ئەم تابلۆیە، كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا بە ڕوونی دیارە و ئەگەر ئاماژەمان بە ڕاوچی و نێچیر كردبێت، گرنگە ئاماژەش بەوە بكەین كە ئەو ڕاوكردنە لە ئاوی لێڵدا دەكرێت كە مەبەست لێی تەنیا میكانیزمەكانی هێزی پارێزگاریخواز نییە، بەڵكو ئەو ڕەوشە لێڵەیە كە دەسەڵات و شێوازی حوكمڕانی پەیڕەوی دەكات و بە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و شەڕە زۆن و لاوازی دامەزراوەكان و هەژموونی حزبی لەسەر كاری حكوومەت و نەبوونی دەستوور و.. هتد، هەلومەرجێكی وای خولقاندووە، كە دەسەڵات سەرجەم نەریت و بەهای دیموكراسی و ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان بكاتە قوربانی سازشكردنی سیاسی و ڕازیكردنی هێزی سەلەفی و بەشێك لە ئیسلامی سیاسی توندڕەو، كە تا ئێستا خەون بە چەمكی جیهاد و ڕەوابوونی هێز بۆ فەرزكردنی چەمكی دەوڵەتی خلافەت و ئیمارەی ئیسلامی و سەردەمی داگیركردنی وڵاتان بە ناوی غزوە و فتوحاتەوە دەبینن.  

لەم هەلومەرجی بوونی ئاوی لێڵ و زیادبوونی شاڵاوەكانی هێزی پارێزگارخواز لە كۆمەڵگایەكی پیاوسالاریدا و بوونی فشاری جۆراجۆر، كار بۆ خولقاندنی ڕاڕایی و جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لە سەنگەری هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی دەكرێت و لێرەشدا گرنگە جەخت لەسەر ڕەسەنایەتی هزری یەكسانیخوازی و ئایندەی ڕوونی ئەم هزرە بكرێت، كە ناكرێ بە هیچ شێوەیەك كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بڕوانێتە ئەنجامدانی گەشەپێدان و سەقامگیری و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بێ بوونی ڕۆڵی كاریگەری ژنان و بێ نەخشە و بەرنامەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، كە بنەماكەی دیموكراسی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی جێندەری و پاراستنی سەرجەم مافەكانی مرۆڤ بێت.

ڕاڕایی و پاشگەزبوونەوە لە چەمكە مەعریفییەكان كە بەشێكن لە سۆسیۆلۆجیای هاوچەرخ و بەكارنەهێنانی بە هۆی فشاری هێزی كۆنەپەرست، مانای بەجێهێشتنی گۆڕەپانی تێكۆشان و تەماشاكردنی وەرزییانەی چەمكی خەباتە كە بێ دەستنیشانكردنی ناكۆكی و ململانێیەكان و بەردەوامبوون، گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی نایەتەدی.

بەشێك لە تێكۆشان لە پێناوی مافی ژناندا بە كاركردن بۆ بنیاتنانی چەمكی دەوڵەتی سكۆلار دێتە دی، كە لە سایەیدا هەنگاوی جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت مسۆگەر دەكات و ئەمەش بە شێوازێكی پراكتیكی دابینی كۆمەڵێك ئازادی دەكات و رۆڵی دامەزراوە ئاینییەكان رێك دەخات بە جۆرێك كە ئەم خاڵانە مسۆگەر دەكات:

 ـ پاراستنی بێلایەنی گوتاری ئاینی لە كاری سیاسی و حزبیدا و، ماوەنەدان بە بەكارهێنانی پەیڕەوە ئاینییەكان بۆ تەكفیركردنی بەرانبەر و بەكارهێنانی ئاین وەك درووشم و گوتاری سیاسی بۆ تەیاركردنی جەماوەری ئاینپەروەر بە مەبەستی كاری حزبی و بانگەشە بۆ پرۆژەیەكی سیاسی دیاركراو لە بەرگێكی ئاینیدا.

ـ ماوەنەدان بەوەی كە پەیڕەو و گوتاری ئاینی ببێتە ئامرازی هەڕەشەكردن و سوكایەتیكردن بە بیروباوەڕ یان ئاینێكی دیكە، یان بە پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی، یان ئەو ماف و ئازادییانەی بەپێی دەستور دابینكراون، زەوت بكرێن.

ـ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پەیڕەوە ئاینییەكان و گوتاری ئاینی وەك بەڵگەهێنانەوە بەمەبەستی سوكایەتیكردن بە ژن و زەوتكردنی ئازادییەكانی و، ڕەواییدان بە پەیرەوكردنی توندوتیژی دژ بە تاك و پێكهاتەكان، یان بە جۆرێك كە دامەزراوە ئاینییەكان و ئەوانەی لەو پیشەیەدا كاردەكەن خۆیان بە مودەعی و قازی و جێبەجێكاری حوكم دەربخەن، كە تێكڕای ئەم كارانە ئەركی دەوڵەتە بەپێی یاسا.


PM:08:50:31/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی