کێ مووچەی پۆلیسی دارستانی دزی؟

‌دڵشاد ئەنوەر

دوێنێ، باندێک موچەی بەشێک لە کارمەندانی پۆلیسی دارستانی گەرمیانیان دزی و هەڵاتن، بە پێی سەرەداوەکان،باندەکە لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە هاتوون، دزیەکەیان ئەمجامداوە و بۆ ئەوێش گەڕاونەتەوە.

ئەمە یەکەم حاڵەتی دزی گەورەو ڕێکخراو نیە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووەوە تا دوێنێ، ئەمە سێ یەم حاڵەتی دزیکردنە، کە ڕەنگە هەمان باندبن، هەر جارەو بە جۆرێک دێن، بە ڕۆژی نیوەڕۆ بڕێک پارەی زۆر دەبەن و بۆی دەردەچن.

یەکەم دزی:

چەند مانگێک لەمەوبەر، کاتێک پیاوێکی گەرمیانی دەڕواتە بانک بۆ وەرگرتنی پارەی گەنم و بڕی ٥٠ ملیۆن دینار وەردەگرێت، باندێکی سێ کەسی چاودێری دەکەن، یەکیان شۆفێر، یەکیان چاودێریکار، ئەویتریشیان پارە بەر، ڤیدۆی باندەکە بەردەستە، ڕوونە گەرمیانی نین.

سەیارەیەکی جۆری ئاڵتیمایان پێ یە، ژمارەی سەیارەکەیان تەزویر کردووە و بەو ژمارەوە داخلی گەرمیان بوون، کاتێک پیاوەکە بە پارەوە لە بانک دەردەچێت، وەک لە کامیراکاندا دەرکەوتووە، ڕوونە چاودێری دەکەن، هێندە بێ باکانە و شارەزاییانە هەڵسوکەوت دەکەن، خەریکە بە ڕۆژی نیوەرۆ پەلاماری دەدەن.

چاودێری پیاوەکە دەکەن، پیاوەکە دەڕواتە شارەوانی بۆ ئیشی خۆی و سەیارەکە دەوەستێنێ، ئەوانیش فرسەت دەهێنن، پارەکە ئەبەن و بە سەیارە ژمارە تەزویرەکە بە ڕێگەی کفری دا، دەگەڕێنەوە و بۆی دەردەچن.

دزی دووەم:

دزی دووەمیش 15 ڕۆژ لەمەوبەر و بەهەمان شێوازی دزی یەکەم ئەنجام دەدرێت، وا دیارە هەر باندێکی سێ کەسی بن و پێشتریش چاودێری ئەو کەسەیان کرددبێت کە پارەکەی دەبەن.

دزیەکە لە حەی سناعەی کەلار ڕوویداوە، پیاوێک 15 ملیۆن دینار ناو سەیارەکەی بووە، چاودێریکراوە و سەرقاڵ کراوە، لەولاشەوە، پارەی ناو سەیارەکەی براوە.

دزی سێیەم:

دزی سێ یەم دوێنێ ڕوویدا، کاتێک لیژنەیەکی پۆلیسی دارستان موچەیان وەرگرتووە و بۆ نانخواردن لایانداوە، پارەکەیان کە بڕەکەی 39 ملیۆن و 710 هەزار دینار بووە، لەناو سەیارەکە براوە.

ئەوانەی پارەی پۆلیسی دارستانیان پێبووە، نەفس سیناریۆی یەکەم دزی، 3 کەس بوون، یەکیان شۆفێر، یەکێ چاودێریکار و یەکێ پارە دز.

دووانیان دەمامک و کڵاویان لەسەرە، دیارە هیتفۆنێش لە گوێیاندایە، تا موبایل زۆر بەکار نەهێنن و نەبنە جێی گومان، سەیارەیەکی ئۆپتیمایان پێبووە، ژمارە تەزویر، دوای دزیەکە بە ڕێگەی جەلەولادا گەڕاونەتەوە.

هەر سێ دزیەکە لە کاری باندێک دەچێت، هەر جارە و بەشێوەیەک خۆیان دەگۆڕن، چاودێری شەقام دەکەن، بۆ نموونە، سەیارەیە ئاڵتیما، یان هەر جۆرە سەیارەیەکی تر دەبینن، ژمارەکەی دەنوسن، دواتر ئەو ژمارە ساختە دەکەن و دەیدەن لە سەیارەکەی خۆیان و بۆ دزیەکە بەکاری دەهێنن.

هاتنە ناو گەرمیان، دزی بەڕۆژی نیوەڕۆ و بردنی پارەی زۆر، سێ بارە بوونەوەی حاڵەتەکە، لەلایەن باندێکەوە کە لە خوارووی عێراقەوە بێن، ئاسایی نیە، مەترسیداریشەو شتی خراپتریشی بەدوادا دێت، گەر هەوڵی جدی بۆ گرتنیان نەدرێت.

پێویستە دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیسی هاتووچۆ وردتر مامەڵە بکەن، لەگەڵ ئەو سەیارانەی داخل دەبن، لێکۆڵینەوە بکرێت لە ژمارەی سەیارەی هەموو گومانلێکراوێک، هەوڵی ساغ کردنەوەی ئەوەش بدرێت، ئایا ئەمانە چاوساغی ناوخۆییان هەیە یان نە، چۆن؟

بە پێچەوانەوە، دزی گەورە و شتی خراپتریش دەکەن، گەر بۆیان بچێتە سەر.


PM:01:25:28/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 2368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی