تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان تێنەپەڕیوە

‌ساڤۆ سەردار

سەردەشت نوێنەری جیلێکی نوێی فیکر و بیرکردنەوەیە، جیلێک لە دەرەوەی بازنە تەسک و سەتحیەکانی حیزبی کوردی ، لە دەرەوەی  ڕەنگی سەوز و زەرد ، بۆ بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی سەرۆک خێڵ و عەشرەت و بتەکان  بۆ شکاندنی موقەدەساتەکان،  تێگەیشتنێک لە دەرەوەی پیاوانی کۆمیتە و لق و بارەگاکان فراوانتر لە گوتارەکانی موستەشارەکانی بەرپرسەکان . 

 کەیسی سەردەشت نوێنەری تەنھا دەنگێکی ناڕازی نییە ... بگرە نوێنەری نەوەی دوای ڕاپەڕینە کە لە جیاکاری و دابەشکاری دنیای ئێمە ناڕازیە خەون بە دنیایەکی عادیلانەترەوە دەبینێت ...

 کوشتنی سەردەشت تەنھا کوشتنی تاکە کەسێک  نییە  ھەوڵێکە بۆ خەفەکردن و کوژاندنەوەی ھەر بیرکردنەوەیەکی نوێ لە دەرەوەی بازنەی حیزب و نیزامەکانی سیستم ، وەک بێدەنگ کردنی ھەر دەنگێک لە دەرەوەی سنورەکانی بیرکردنەوەی ئەوان ، بێئاگا لەوەی سەردەشت و پەیام و خەونەکانی لەناو ئێمەدا دەژین و بە تیرۆرکردنی ئەو خامۆش نابن بگرە زیاتر کڵپە دەستێنن.

تیرۆرکردنی سەردەشت غەمێکە تێنەپەڕیوە بەردەوام لێرەیەو لە تەنیشتیمانە دەکرێت بەرۆکی ھەر قەڵەمێکی تری یاخی بگرێت،  
سەرکوتکردنی دەنگە دڵێرەکان لە ئێستادا لەشێوەی فۆڕمی جیا جیادا خۆی نمایشدەکات دیارترنیان و بەربڵاوترینیان تیرۆری مەعنەوی و کەسایەتیە  لەکەدارکردن و دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوایە شکاندن و ناو زڕاندنە .

 لە کۆتایدا وەک سەردەشت دەڵێت : "ئەکرێ راستیەکان درەنگ بگەن، بەڵام گومانمان نیە کە  ڕۆژێک ھەر دەگەن ئێمەش نەفەسی ئەمەمان هەیە کەبەدیار ئەم وێستگەیە دابنیشین کە لاپەڕەکانی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە" .

درود لە ڕۆحی سەردەشت عوسمان و ڕێبوارەکانی ڕێگای ئازادی، ئەو باڵندانەی کە سیستەم نەیتوانی دەستەمۆیان بکات.


AM:12:38:06/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی