بتی خۆت بناسە 'بەشی یەکەم'

‌په‌یكار عوسمان

- "بت" کێشەیەکی زەینییەو ئەو کاتەشی کە مادی و بەرجەستەیە، هەر دیدی تۆ کردویەتی بە بت، نەكئەوەی خۆی ئەوەبێت. یەعنی بت لەخۆیدا وجودێکی دەرەکیی نیە، بەڵکو لە تۆدا مانایەکی ناوەکیی هەیە، هەر ئەم مانایەشە، کە شتێك ئەکات بە بت، یان لە بتێتیی ئەخات.

- یەعنی بت سەر بە جیهانی مادە نیە، سەر بە جیهانی مانایە، ماناش سەر بە جیهانی مرۆڤەو هەر مرۆڤە کە توانای بەرهەمهێنانی مانای هەیە،، بەڵام ئەو مانایەی کە مرۆڤ لە ڕێگەی بتەوە بەرهەمی ئەهێنێ، خودی بێماناییە! چونکە "مانا" بنەمای هەیە، بەڵام "بت" بێ بنەمایەو لەبری ئەوە، پەردەی تەقدیسی هەیەو نایەڵی بێ بنەماییەکەی ببینیت،، لەم نەبینینەشەوە چیرۆکی بێمانایی دەستپێئەکا.

- "جەهل" ئەوەیە، شتێك ژێرخانە ماناییەکەی گۆڕاوە، کەچی تۆ هێشتا لە سەرخانە کۆنەکەیدایت. ئا لێرەدا جەهل و "وەهم" ئەبنەوە بە یەك و تۆ لەو وەهمەدایت، کە سەرخانی مانای یەکەم، حەقیقەتی نەگۆڕی ئەو شتەیە،، لەکاتێکا بە گۆڕانی ژێرخانەکەی، ماناکەی گۆڕاوەو ئێستا ئەو شتێکی ترە!

- یەعنی ئەو تاڵیبانەی کە پەیکەری بودا ئەتەقێنێتەوەو ئەو داعشەی کە ئاسەوارەکانی مەتحەفی موسڵ ئەشکێنێ و ئەو سەلەفییەی کە هجومێکی بروسلییانە ئەکاتە سەر  شیرەبەفرینەیەك، ئەمانە هەمان کیشەیان هەیەو کێشەکەش هەر ئەوەیە، کە شتەکە لە مانایەکی نوێ ی خۆیدایەو ئەوان لە مانا کۆنەکەیدان!

- کاری یەکەمی مرۆڤ، ئەوەیە کە لەناو سەردەمی خۆیدابێ و ئاگابیت بە ژێرخانی مەعریفی قۆناغەکە. کاری دووەمی ئەوەیە کە "کارای ئیجابی" ناو واقعەکەی خۆی بێت و لەسەر ئەساسی  ئاگاییەکەی، دەسکاری سەردەمەکە بکات، چاکسازی لە سەرخاندا بکاو ئەگەریش پێویستبوو، هەر لە بنەوە ژێرخانەکە بگۆڕی و سەردەمێکی نوێ بخولقێنێ. کاری مرۆڤی بەجێماویش، ئەوەیە کە بەرکاری داخوازییەکانی دوێنێیە، ئیتر "کارای سلبی" ناو واقعەو هەرچۆنێ بجوڵێتەوە زەرەر ئەدا، چونکە ئەسڵەن ئەو لێرە نیەو لە وەهمی سەردەمێکی تردایە!

- ئەم نەوعە مرۆڤە نابێ لەگەڵیدا بیکێڵیت، چونکە هەڵگری "جەهلی موقەدەس" هەمیشە لە سایکۆلۆژیای شەڕدایەو شتەکە بۆ ئەو گفتوگۆ نیە، بەڵکو شەڕی حەق و باتڵە. جا باشترین کار، ئەوەیە کە لەو گەڕێیت و خەریکی خۆت بیت، بۆئەوەی بگەیتە ئاستێك، کە ئیتر ئەو لە تۆدا دنیایەکی تر ببینێ و لەوێوە بیهێنیتەوە بۆ ناو سەردەم. (لە شەڕدا ئەو هەرگیز نایەتە ناو ئێستاو زیاتر ئەچێتەوە بۆ دوێنێ)!

- وتمان بت ئەو کاتەشی کە بەرجەستەیە، هەر مادیی نیەو زەینییە، بەڵام ئەگەر ماناکە لە پەیکەرێکدابێت، ئەوە ئیشەکە ئاسانترەو ئەزانی چی بشکێنیت، هەر وەکو ئەوەی کە پێغەمبەر کردی. بەڵام ئەگەر سەردەمی بتی مادیی نەمابێ و مانا زەینییەکە گەڕابێتەوە بۆ ناو زەین و بتەکانیش نادیاربن، بتپەرستی ئا لێرەدا کێشەیەو بتشکاندن ئا لێرەدا قورسە،، چونکە ئیتر تەواوی پرۆسەکە لە نادیارو لەناو خۆتدا ڕووئەداو وەکو جاران عەلامەتێکی مادیت نیە بۆ ناسینەوەی کیشە مەعنەوییەکە!

- پەیکەرە مادییەکە، جاران هاوکاربوو بۆ هۆشیاریی و بۆ ناسینەوەی بتی مەعنەوی، بەڵام ئێستا هاوکارە بۆ گەمژەکردن و بۆ دوورخستنەوەت لە کێشە زەینییەکە! یەعنی هەموو سەردەمێك بتی خۆی هەیەو تۆ ئەبێ بتی سەردەمی خۆت بشکێنی، نەك بتی سەردەمێکی تر، کە ئەسڵەن ئەمەیان بۆ تۆ بت نیە. 

- خودا لەوێدا ئەبێ بە بت، کە تێگەشتێك بۆ خودا، ببێ بە خودی خودا. دین لەوێدا ئەبێتە بتپەرستی، کە دەسدرێژی و تەعەدای مەعریفەی سەردەمێکە، لە مەعریفەی سەردەمێکی تر. ئا لێرەدا ئەشێ لات و عوزاکەی تۆ، ئەڵڵاو موحەمەدبێ و ئەبوجەهلیش بانگخوازەکەبێ و بەخۆت نەزانیبێ!

- "بتپەرستی" ئەم سەردەمەی ئێمەش، هەر تایبەت نیە بە ئایدۆلۆژیا دینییەکان، بەڵکو ئایدۆلۆژیا مۆدێرنەکانیش کارگەی گەورەی بەرهەمێنانی بتن و تۆ بە هەر فکرێك دۆگمابیت، بەوە بتپەرستیت و لێرەدا بتپەرستێکی ئیسلامی و مارکسی و قەومی.. فەرقی نیەو ناوەڕۆکی شتەکە، دۆگماکەی ناو زەینی تۆیە، نەك لۆگۆ و ناوی ئایدۆلۆژیاکان. 
- یەعنی "دۆگماتیزم" ناوە مۆدێرنەکەی بتپەرستییەو لەم ناوەشدا مەعریفەی مرۆڤ گەیشتۆتە لوتکە،، چونکە گەیشتۆتە مانای موجەڕەدی "بت" و چیتر بت جسمێکی تایبەت، یان فکرێکی دیاریکراو نیە، بەڵکو هەر شتێك و هەر فکرێکە کە بتباتە هەمان دۆخ.   

- جا بۆ ڕزگاربوون لە بتپەرستی، لانیکەم سێ مەعریفەت پێویستە. یەکەم تێگەیشتن لە چەمکی دۆگما. دووەم ناسینی دۆگمای گشتی قۆناغەکە. سێیەم ناسینی دۆگمای تایبەتی خۆت. ئەم ئاگاییە نەبێ، ئیتر تۆ، لە بتێکا ئەچەقیت، یان لە باشترین حاڵدا، لەبتێکەوە ئەچی بۆ بتێکی تر. بەڵام ئەگەر هەبێ، ئیتر تۆ لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامی پرسیاردایت و لەسەر هیچ وەهمێك ناخەویت و فلتەرێکی هۆشیارییی ئامادەت هەیە، بۆئەوەی هیچ شتێکت لێ نەبێ بە بت و نەچیتە دۆخی دۆگمایی.

- لوتکەی ئاگایی و ئازادی و بەرپرسیارێتی مرۆڤیش، شکاندنی "بتی ئەو" نیە، بەڵکو شکاندنی بتی خۆتە. شکاندنی بتی ئەو، تەنیا شەڕێکی ئایدۆلۆژی و دەمارگیرییەکی بتپەرستانەیە بۆ بتەکەی خۆتی ئەکەیت،، بەڵام شکاندنی بتی خۆت، ناسینی ماهییەتی بت و ڕزگاربوونە لە دۆخی بتپەرستی. کاتێکیش کە بتی تایبەتت تێپەڕاند، هەروا دانانیشی و ئاسایی کێشەت بۆ دروستئەبێ لەگەڵ بتی گشتیشدا، چونکە ئیتر ماهییەتی بت و بتپەرستیت ناسیوەو ئەم ناسینەش بەرپرسیارێتی ئەخاتە سەر شانت،، پێغەمبەرانیش ئا لەم ناسینە ناوەکییەوە بەر دنیای دەرەوەی خۆیان کەوتوون!

- ئیبراهیم لەناو بیرکردنەوەی خۆیدا، هەزار خودای گۆڕی و یەك یەك هەموو بتەکانی ناو زەینی خۆی شکاند، تا گەیشتە قۆناغی هۆشیاری و ناسینی خودی بت و ئیتر هیچ بتێك نەمایەوە،، دوای ئەوە ئینجا بتی شارەکەی شکاند. بەڵام ئێمە پێنج ملیۆنین، هەمووی سیاسییەو هەمووی ئەیەوێ چاکیکا.. کەچی هەر خراپ ئەبێ، چونکە کەس لە بتی خۆیەوە دەستپێناکاو هەمووی هەر خەریکی شەڕو چەلەحانێیە لەگەڵ بتەکەی ئەودا، لە ڕێگەی ئەم شەڕەشەوە، هەرکەس دەس ئەگڕێتەوە بە بتی خۆیەوەو بەردەوام دێینەوە خاڵی سفر!

- پرسیارە سادەکە ئەوەیە، ئەی چۆن بتی خۆت بناسیتەوە؟ وەڵامەکەی ئاسانە، "داخوازی بت"، هەمیشە ڕق و جیاکاری و شەڕە، بت هەمیشە پێت ئەڵێ تۆ پاکیت و ئەو پیسە، تۆ هەڵبژاردەی خودایت و ئەو جەماعەتی شەیتان.. بەڵام "داخوازی پاکبوونەوە لە بت"، ئاشتی و دۆستییە. عیسا وتی دوژمنەکانیشتان خۆشبوێ، موحەمەدیش وتی هیچم لێتان ناوێ جگە لە دۆستایەتی (الا المودة فی القربی)، ئەو دوو قسەیەش لە بتەوە ناکرێ، لە پاکبوونەوە لە بتەوە ئەکرێ!


PM:04:06:25/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی