لەناو ئەو مێژووەی بەجێماوە

‌د.ساماڵ مانیی

كز بوونی هەتاوی بەرەو ئێوارەیەک بوو زەنگی کۆتایی ڕۆژەکەی لێدەدا و لە ساڵانی سەرەتای بیستەکانی ژیانمدا بووم. کۆتایی ڕۆژێکی یەکجار قەرەباڵغ و پڕ لە دەنگە دەنگی پیاوانە و ناڕەزایەتی و دیبەیتی سیاسی بوو. 

ئەو سەردەمەی من سیاسیکار و پێشمەرگە بووم، بیرکردنەوەی زۆرینەمان کوردستانی بوو، لە جۆش و خرۆشی شۆڕشکردندا بوو، بێ دوودڵی و گومان لە داهاتوو، خۆمان بەختدەکرد لەپێناوی جێگیرکردنی هەندێک پرنسیپی بەرز  و نیشتیمانێکی ئازاد کە هەموومان تیا بژین بەسەربەرزی و  یەکسانیی و ئازادیی.

من  بۆ ئەوەی کەمێک بەتەنیا بم، گەیشتبوومە ناوقەدی بەرزاییەکە. دەنگێکی بەرز بەرەو من هات:

هاوڕێ؟هاوڕێ گیان؟ ئەچیتە کوێ؟

ئاوڕم دایەوە بۆ خوارەوە، بینیم ئەو کوڕە گەنجە باریکەلە و ئەسمەرەیە کە نیو کاتژمێر پێشتر لەسەربانی هۆڵی کۆنفراسەکە بەتەنیا نوێژی دەکرد، لەو هاوڕێیانەی لەدەوروبەرم بوون، پرسیم و باسیان کرد و دەیانووت ئەوە مامە ڕیشەیە؛ کوڕە ئازاکەی شۆڕش.

من: سەرم زۆر ئێشێ، کەمێک دوور ئەکەومەوە لەدەنگە دەنگ.

مامە ڕیشە: بوەستە با منیش بێم.

کۆمەڵێک پێشمەرگەی پیاوی لەدەور بوون، بەجێیهێشتن. وەک ئەوەی بۆ شەڕ بچێ، بەچەکەوە و بە خێرایی پڵنگێک گەیشتە من لە  ناوقەدی بەرزاییەکەدا. 

 کە گەیشت بە تەوقەکردنەوە وتی:  هاوڕێ ڕابی، ئیمڕۆ گوێم لەقسەکانی تۆ گرت، ئێستاش باسی تۆمان دەکرد لەگەڵ برادەراندا ، بینیم دوور دەکەویتەوە وتم دەچمە لای ئەو.

من: باشتکرد، بەخێربێیت سەرچاوانم.

  چەند هەنگاوێکیترمان پێکەوە بڕی، بیستنی دەنگە دەنگەکە لە خوارەوە خەفە بوو، تەنها چاومان لەوان بوو چۆن پێکەوە گرووپ گرووپ ڕاوەستابوون. 

من: سێبەر لە دارەکان دوور کەوتۆتەوە، فەرموو با کەمێک دانیشین. 

مامە ڕیشە : هەتاوەکە شکاوە. (کەمێک لەولای بن دارەکەوە یەک دوو بەردی بەدەست فرێ دا لە شوێنەکە، بەر لە دانیشتنمان لەسەر ئەرزەکە) لەگەڵ دانیشتنماندا، لەبەر ئەوەی دوورکەوتبوومەوە لەوانیتر ومامە ڕیشەش جێی گومان نەبوو بەگرتم بدات لە شاردا، نیقابەکەمم لێکردەوە و هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا.

مامە ڕیشە: بچم حەبی ژانەسەرت بۆ بێنم؟ 

من: نا نا  تکایە، ئەزیەت مەکێشە، سوپاست ئەکەم. ئێوارێ کە چووم بۆ نانخواردن حەبیشی لەگەڵ ئەخۆم ،وەکو دوێنی. ئێمە زۆر سەرمان بەرزە پێت، ناوبانگی ئازایەتیت گەیشتووە بە هەموومان. هەر سەلامەت و سەرکەوتوو بیت بۆمان.

مامە ڕیشە: (زەدەخەنەیەکی شەرمنانەی کرد) وامزانی نامناسیت.
 
من: تۆم بینی نیوسەعاتێ لەمەوبەر، لەسەربانی هۆڵی کۆنفراسەکە، بە تەنیا نوێژت ئەکرد. پرسیم لەو هاوڕێیانە و  وتیان ئەوە مامە ڕیشەیە.

.................

ئەو ئێوارەیە، زیاتر لە نیو سەعآتێک پێکەوە دووبەدوو  من و مامە ڕیشە، بە ناوقەدی ئەو بەرزاییەوە پێکەوە دانیشتین، ڕوومان کردبوە دۆڵە بەرینە سەوزە پر درەختەکەی خێمەکانی پیشمەرگەی بەناودا هەڵدرابوون، یەکدوو خانووی بەگوێسەبانە لەدەوروبەریدا. سەوزایی چڕ و سروشتی دڵڕفێنی شاخە بەردینە هەڵچووەکانی، فێنکایی جۆگە-چەمەڕوون و بەخوڕەکەی لە درەختەکانیەوە دەگەیاندەوە ناو دڵی هەموومان.  بەرەو ئەو دیمەنە قسەمان دەکرد سەبارەت بەوەی دەگوزەرێت لە شاخ. 

ناووناوبانگی مامە ڕیشە 'پیاوی شەڕ' بوو، هەموو ئەوەمان دەزانی، بەڵام ئەو ڕۆژە لە قسەکردن لە گەڵیدا تێ گەیشتم کە پیاوێکی هەست ناسک و لەسەرخۆ و هێمنە لە ژیانیدا، ڕەفتار و قسەکردنی زۆر ئارام و سەنگین بوو.

 هێشتا قسەمان دەکرد، کە گڕی ئاگرێکی بەرزمان بینی لە خوارەوە لەناو خێمە پەرتەوازەکانی پێشمەرگەکاندا.

گری ئاگرەکە سەرنجی هەردووکمانی ڕاکێشا و لە قسەکردن وەستاین.
من: گوێم لە تەقینەوە نەبوو.

مامە ڕیشە: نا ،تەقینەوە نیە.

هەردووکمان پێکەوە: گڕی ئاگرەکە زۆر بەرزە.

لەگەڵ ئەو قسەیەماندا، بەرەو خوارەوە  هەنگاومان دەنا و من  بە ڕێوە نیقابەکەم کردەوە سەرم، دوور نەبوین بە هەناسەیەک گەیشتینەوە  لای ئەو کۆمەڵە پێشمەرگە پیاوانەی لە خوارەوە هەر چوار و پێنج کەسیان پێکەوە دوور لەیەک وەستابوون و قسەیان دەکرد.

وتیان: ئاگرەکەیان کوژاندەوە، هیچ نەبووە، هیمەتی چێشت لێنان بوو. 

دەقەیەک من و مامە ریشە لەگەڵ ئەوان وەستاین، ماڵئاوایم لە مامە ڕیشە و ئەو چەند پێشمەرگەیەیتر کرد، وردەکاری گڕگرتنەکەم نەپرسی.

 هێشتا خۆر لە ئاسماندا دیار بوو، بە تەنیا بەرەو ماڵ/مقەڕی کاک نەوشیروان ڕۆیشتم ئەو ئێوارەیە. کاک نەوشیروان  پاش ئەوەی هۆڵی کۆنفرانسەکەمان بەجێ هێشتبوو، پێی ووتم: برادەران پێیان ووتویت کە دەعوتن لای من ئەم ئێوارەیە؟

وتم: بەڵێ، زۆر سوپاست ئەکەم.

ئەو ئێوارەیە من و هەردوو لە شەهیدە سەرکردەکان، جەمال تاهیر و دڵشاد مەریوانی دەعوەت بووین لەگەڵ مام جەلال لای کاک نەوشیروان. تەنها ئەو پێنج کەسانە بووین ئەو ئێوارەیە. ئەو شەوە هەتا لای نیوەی شەو پێکەوە قسەمان دەکرد لەسەر داهاتووی 'شۆڕش' و ئەگەرەکان، حیزبەکانیتر، مێژووی بەر لەخۆمان،کەموکوڕیەکانی ناو ڕێکخستنەکانی شار و خراپی وەزع لە نێوانیاندا، وردەکاریەکانی هەڵبژاردنەکان کە ڕۆژی دواتری کۆنفرانسەکە بوو، هتد. دوای نیوە شەو، من بەرەو ئەو خێمەیە ڕۆیشتم کە بۆ نووستن لێی دەمامەوە، خێمەی کاک هەڵکەوت عەبدوڵا (ئێستا لەدەزگای سەردەمە)و هاوڕێ گەلاوێژ ی هاوژینی بوو؛ من و هاوڕێ گەلاوێژ کچە جوانەکەی بادینان لەوێ پاش سەعآتێک لە قسەکردنمان لەو خێمەیەدا دەنوستین، کاک هەڵکەوت لای هاوڕێ پێشمەرگەکانیتری دەمایەوە لەشەوانی کۆنفرانسەکەدا.

 تەواوی ئەو قسەکردنانەم لە بیرە وەک ئەوەی دوێنی بووبێت، لە ناو  ئەو کۆبوونەوانەدا کە زۆر تایبەت بوون،  وەکو ئەوانەی باسم کردن و شەوی پێشتریش کە  تەنها من و مام جەلال و هەردوو شەهیدان دڵشاد مەریوانی و جەمال تاهیر بووین لە ماڵی  کاک فەرەیدوون عەبدولقادری ئەندامی سەرکردایەتی دەعوەت بووین، هەتا لای نیوە شەو دیبەیتێکی زۆرمان کرد، باسی کێشەکانی  رێکخستنەکانی ناو شار و شاخ کران، جگە لە باسی ململانێکان و زۆر تەوەریتر. هەموو ئەو باسکردنانەمان بەجێ دەهێڵم بۆ نووسینی بیرەوەریەکانم.

لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانمدا، باسی ئەو دانیشتنەم دەنووسیەوە لەگەڵ مامە ڕیشەدا.

جێی خۆی بوو لێرەش، یادی مامە ڕیشە بکەمەوە، بەتایبەتی کە  ئەمڕۆ یادی ڕۆژی شەهید بوونیەتی.

* وێنەکەی مامە ڕیشە لە کوردوپیدیا وەرگیراوە،

* نیقاب= ئەو نیقابە سپیەی کە بۆ شاردنەوەی خۆمان لە پێشمەرگەکانی شاخ  و ئەوانەی لە رێکخراوەکانی ناو شارەکانەوە دەهاتن، ڕووخسارمان پێ دەپۆشی، ئەگەر بەتەمای گەڕانەوەمان بووینایە بۆ شار. لە دوای کۆنفرانسەکە بڕیاردرا ئیتر ئەمجارە بە یەکجاری بمێنمەوە لە شاخ، لەبەر ئەوە هەتا دوا ڕۆژی کۆنفرانسەکە نیقابی سپیم دەپۆشی.

* کۆنفرانس= کۆنفرانسی دووی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو. 

* چەند ساڵێ بەر لە ڕووداوی شەهیدکردنی مامە ڕیشەیە و من نە ئاگاداریی و نە زانیاری ئەو روداوەی شەهیدکردنیم لا نیە تا بیگێڕمەوە لە بیرەوەریەکانمدا.

* هەر ئەوجارە مامە ڕیشەم بینیوە، ئیتر نەمدیەوە بەو کاتانەشەوە کە لە گەرمیان بووم.

No description available.


PM:02:46:26/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی