چاکی مەکە با خراپ نەبێت

‌ئارام سەعید

هەرکاتێک حکومەت رێنمایی یان پێشنیاری یاسایەک دەکات ئەبێت ئەو دروشمە بەرزبکەینەوە چونکە ئەو دروشمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هاوڵاتی بڕوا و متمانەی بەچاککردن نیە، ئەوەش بە رۆژ و دوورۆژ دروست نابێت و بەئاسانی لەدەست ناچێت... لەپیادەکردنی یاساکاندا هەموو کەس دەزانێت یاسا بەسەر کێدا جێبەجی دەکرێ و کێ لێی قوتار دەبێت!

لەماوەی سالانی رابردودا ئەوەی خەڵک بەچاوی خۆی دەیبینێت و دەیبستێت ئەوەیە کە یاساکان کەمترین کیشەیان هەیە و عیبرەت لە جێبەجێکردندایە، هەربۆیە کاتێک باسی رێکخستنەوەی یاسای میدیا و سۆشیاڵ میدیا دەکریت راستەوخۆ ئەوەمان دێتە بەرچاو کەئەگەر چاککی بکەن ئەوا خراپ دەبێت چونکە ئەوەی پێشێلی دەکات بەپلەی یەکەم لە دەسەڵاتداران خۆیانەوەیە، نمونەش زۆرن.

گفتوگۆیەکی زۆر دەبیستین لەسەر ئەوەی فەوازایەک لەمیدیادا هەیە، شێواندن هەیە، چەواشە هەیە، گوایە قەوارەی هەرێم دەخەنە بەر مەترسی یان خەڵک دەترسێنن و باسی جوڵاندنی هێز دەکەن، حکومەت دەیەوێت میدیا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ئایا لە سایەی سۆشیاڵ میدیا هیچ حکومەتێک دەتوانێت سۆشیاڵ میدیا کۆنترۆڵ بکات؟

پرسیاریکی تر ئەوەیە حکومەت کام میدیای مەبەستە؟ کام پەیجانەی فەیسبوک هەراسانی کردوە؟ ئەی هەنگاوی حکومەت بۆ پەیجەکانی سێبەری دەسەڵات چیە؟ ئەبێت لە کوێوە دەست پێ بکات؟ چونکە هەموان پەیجی لابەلایان هەیە لەمسەری دەسەڵاتەوە بۆ ئەسەری ئۆپۆزیسیۆن و ئیسلامی و عیلمانی، باشتر نیە لەلای خۆیەوە دەست پێ بکات و جاری خۆیان واز لە چەواشە و بوختان دروستکردن بهێنن ئەوکات داوا لەخەڵکی تر بکەن!

بۆ رێزگرتن لەیاساکان باشترە بە پرەنسیپی "چاکی مەکە با خراپ نەبێت" دەستکاری یاساکان نەکەن،بەڵکو یاسا بۆ هەموان جێبەجێ بکرێت و هەموو هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسا بێت بەسەر هەمواندا و واز لە دەرکردنی یاسای نوێ بۆ میدیا بهێنن چونکە ئەوەی چارەسەری ئەو دیاردانە دەکات پەروەردەی میدیاییە و جێبەجێکردنی یاساکانە نەک بەتەنها دەرکردنی یاسا!

‎#كەمپینی_دژە_چەواشە
‎#حملە_ضد_التضلیل
#Anti_disinformation_campaign


PM:03:09:28/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی