سایکۆپاتەکان پاداشت مەکەن! فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان "بەشی چوارەم"

‌ئارام سەعید


ساڵی ٢٠١٤ هەردوو لێکۆڵەر ئەبیل و برەوەر  Abell and Brewer لێکؤڵینەوەیەکیان کرد لەسەر مەکیاڤیلیستەکان لەفەیسبوک کە بەوە ناسراون لەرووی سۆزداریەوە دابڕاون و گاڵتەجاڕن، فێڵبازن، نوسیویانە کە مەکیاڤیلیستەکان لەژنان و پیاواندا هەیە، ئەرکی سەرەکیان چاودێری کردنی ژیانی تایبەتی تاکەکانە، لەئەنجامدا گەیشتنە ئەوەی ژنانی ماکیاڤیلیست زیاتر خەریکی کاری دوژمنکارانەن بەرامبەر هاوڕێ نزیکەکانیان لەفەیسبوک، هەروەها خۆدەرخستنێکی نانەجیبانە دەکەن، بەڵام پیاوانی ماکیاڤیلیست زیاتر خەریکی جوانکردنی وێنەی خۆیانن. 

فەیسبوک یەکێکە لەوتۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کەزۆرترین بەشداربوی هەیە و باشترین سەکۆیە بۆ ئاگاداربون لە هاوڕێیان و دۆست و خزمان، لەرێگەیەوە وێنەو بۆنەکانمان بڵاودەکەینەوە بەڵام هەموو ئەو پۆستانەی کەسێک دەیکات لە زانکۆکانی جیهاندا و دامەزراوە گرنگەکانی لێکۆڵینەوە دەتوانن لەرێگەیەوە هەڵسوکەوت و رەوشتی بزانن، دەزانن کەلەرووی دەرونیەوە لەچ دۆخێکدایە؟ بەشێک لەکەسێتی هەریەکێک لەفەیسبوکەکەیەوە ئاشکرا دەبێت، ئایا سایکۆپات ماکیاڤیلیست یان نەرجسی یان سادیی یان کەسی ئاسایین؟ 
سایکۆپاتەکان بەزمانەکەیان هەست و دەربڕینیان ئاشکرادەبێت بەنمونە ئەوان گرنگی بەپێداویستیە بنەڕەتیەکان ئەدەن وەک خواردن و خواردنەوەو پارە و سێکس وئەوشتانە، بەڵام زۆر کەمتر گرنگی بەپێداویستیە رۆحیەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئایین و فیکردەدەن. 

سەرەرای بڵاوکردنەوەی سێڵفی زۆر و خواردنەکان سایکۆپاتەکان ئەوکاتەی پۆستێک دادەنێن لەفەیسبوک و کەس کۆمێنت نانوسێت یان کۆمێنتی نێگەتیڤی بۆدێت هەست بە تورەیی و نیگەرانی زۆر دەکەن. نەرجسیەکان بەتەنها بەبڵاوکردنەوەی وێنەی زۆری خۆیان ئاشکرا نابن. بەڵکو کاردانەوەکانیشیان، لەمبارەیەوە کریستۆفەر کارپنتەر لەزانکۆی وێسترن ئەلینۆی لێکۆڵینەوەیەکی کردوە لەسەر پێوانەکردنی هەلسوکەوتەکانی فەیسبوکی ئەوانەی زۆر بەخۆیاندا هەڵدەدەن و وێنەکانیان زوو زوو دادەنێن پاشان ئەو رەوشتانەی کە دژی کۆمەڵگەن وەک ئەوەی هەمیشە داوای پشتگیری کۆمەڵایەتی دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان هیچ بکەن بۆ کۆمەڵگە، توڕەو نیگەران دەبن کە کاتێک کەس هیچ ناڵێت لەسەر پۆستەکانیان و تۆڵەش لەوانە دەکەنەوە کەپۆستی نێگەتیڤ دەنوسن، یەکێکی تر لەسیفەتەکانیان ئەوەیە کە خوازیارن زۆرترین هاوڕێیان هەبێت لە فەیسبوک چونکە ئەیانەوێت سەرنجی زۆرترین خەڵک راکێشن بەلای خۆیاندا لەراستیدا بەشی زۆریان فەیسبوک بۆئەوە بەکاردەهێنن کەبزانن راوبۆچونی خەڵک چیە لەسەریان و زۆر توندن لەسەر ئەوانەی بۆچونیان خراپە لەسەریان. 

 بێگومان لەسۆشیاڵ میدیا زۆر ئەوەدەبیستین کە یەکێک هەوڵ ئەدات پۆستێکی هەڵخەڵەتێنەرو درۆ بڵاوبکاتەوە بەتایبەتی بەشێکی بۆ هەراسانکردن و تەنگ پێ هەڵچنینی هەندێک کەس دەیکات بەدەستی ئەنقەست کە کاریگەری دەرونی و جەستەی خراپ دەکاتە سەر قوربانیەکان. زۆرن ئەوانەی سۆشیاڵ میدیا بەجێدەهێڵن لەبەر ئەو هەڕەشانەی لێیان دەکرێت. ئەو هەلسوکەوتانەش لە سایکۆپاتەکاندا زۆرە کە سۆزداریان نیە هەست بە گوناهێک ناکەن کەبەرامبەر کۆمەڵگە دەیکەن و رواڵەتی سادیان هەیە و چێژ لەوەدەبینن کە ئازاری دەرونیی و جەستەیی ئەوانی تر دەدەن. 

ئیڤیتا مارش کە مامۆستای دەرونزانیە لە ئوسترالیا دەڵێت" ئەوانەی لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەرکی سەرەکیان بۆتە تەنگ هەڵچنین و خۆنانەوە(التصید) بۆ هاوڕێکانیان کەسانێکن چێژ لەوەدەبینن کە ئاشوبێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، حەزیان بەوەیە رەفتارەکانیان جێی خۆی بگرێت و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، هەرکاتیش ئەو ئامانجەیان هاتەدی بۆ چالاکی تر خۆیان ئامادە دەکەن، واتە ئەوکاتەی هەوڵەکانیان دەگاتە ئامانج وەک ئەوەیە پاداشت کرابن، بۆیە باشترین مامەڵە بۆ ئەوانە پێویستە ئەو پاداشتە نەکرێن"  وەڵام نەدرێنەوە تا هەست بەشکستی خۆیان بکەن، چونکە بەدەنگەوەهاتنی ئەوانە وەک ئەوەیە هان بدرێن بۆبەردەوام بوون، چونکە ئەوان لەسزا ناترسن بەڵام پاداشتیان پێخۆشە کە دەگەنە ئامانج. هەربۆیە زانایانی دەرونناسی پێیان وایە پاڵنەری سەرەکی ئەو کەسێتیە تاریکانە ئەوەیە کە پاداشتێکی کۆمەڵایەتی دەکرێن. کاتێک درۆکانیان زۆرترین شەیر و لایکی دەبێت خۆیان بە سەرکەوتو دەزانن.


PM:08:15:22/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی