فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان "بەشی سێیەم"

‌ئارام سەعید

زانکۆی ئۆهایۆی ئەمریکی لەلێکۆڵینەوەیەکدا کە جێسی فۆکس ئەنجامیداوە، ئاشکرای کردوە بەکارهێنانی خراپی وێنەی سێڵفی نیشانەی کەسیتی سایکۆپاتە، بێگومان زۆرکەس سێلفی دەگرێت بەڵام زانکۆکە بڵاوی کردۆتەوە کە بەکارهێنانەکەی هەندێک جار نیشانەی نەخۆشیی دەرونییە بەتایبەتی ئەو پیاوانەی وینەی زۆری سێڵفی بڵاودەکەنەوەو کاتێکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ گرتنی و چاککردنی وێنەکان، ئەوانە نەرجسیەتیان بەرزە کەئەمەش شتێکی نوێیە لەو لێکۆڵینەوەیەدا. ئەو مامۆستایەی کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردوە دەڵێت" ئەوەی زۆر مایەی سەرنجە ئەو بەکارهێنەرانە بەشێکیان ئەوانەن کە زۆر دژی کۆمەڵگان و دەکرێت بڵێین سایکۆپاتن" چونکە زۆر گرنگی بە بەرجەستە کردنی خۆیان دەدەن.. 

ئەم لیکۆڵینەوەیە لەسەر کۆمەڵیک پیاو کراوە لە تەمەنی ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ، دەکرێت بڵیین کاتێک لەدیمەنێکی جواندا وینەیەکی سێڵفی خۆت دەگریت ئەوە ناتکاتە سایکۆپات بەڵام دەکرێت ئەوانەی زۆر سێڵفی دەگرن و بەکاری دەهێنن زیاتر حەز بە بەرجەستەکردنی خۆیان دەکەن و رەنگە سیفاتی تێکچونی باری دەرونیان تیابێت...

ئەمیلی یوفی کەنوسەرێکە لە سایتێکی بەناوبانگ نوسیویەتی ئەگەر بڕیارە کەسێک ببینیت و ئەو کەسە لەسەر فەیسبوک پرۆفایلی نیە ئەبێت گومان بکەیت، چونکە ئەوەی نەیەوێت لەسەر سۆشیاڵ میدیا دەربکەوێت و خۆی بشاریتەوە بۆتە شتێکی نەخوازراو... بێگومان مەبەستی ئەوانە نیە کەتەمەنێکیان بەسەربردوە و سۆشیاڵ میدیا زۆر دوای گەنجێتی ئەوان هاتوە. دیارە پێچەوانەی ئەم بۆچونەش ئەوانەن کە دژی سۆشیاڵ میدیان و پێیان وایە سۆشیال میدیا خۆی دەمانکاتە سایکۆپات، مادلێن رایان یەکێکە لەو  نوسەرانەی پێێ وایە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خۆی سایکۆپاتە و نوسیویەتی" فەیسبوک منی کردە خراپترین کۆپی خۆم", بەهۆکاریکی گەورەی خەمۆکی دەزانێت بۆ مرۆڤی هاوچەرخ. 

لەناو سێکوچکەی تاریکدا سایکۆپاتەکان لەهەمویان ترسناکترن چونکە هەرگیز پەشیمانیان تیدا نیە و هەر خەریکی خۆنانەوەن بۆ ئەوانی تر و تەنگ هەڵچنین بە هاوڕیکانیان.. هیچ کات خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لەئازاردانی ئەوانی تر.
ئەوەی زیاتر سایکۆپاتەکان ئاشکرا دەکات نوسین و کۆمێنتەکانیانە بۆ ئەوانی تر، بەنمونە نوسینی هەڕەشە، کۆمێنتی جنێو و سوکایەتیکردن بەوانی تر، لەو سیفەتانەن کە سایکۆپاتەکانی پێ دەناسرێنەوە، دەنا دەستنیشانکردنی زانستیی کەسی سایکۆپات کاری پسپۆڕانی کلینیکی دەرونزانیە بە بینین و پشکنین بۆیان ئاشکرا دەبێت. 

هەندێک جار هەواڵێک دەبیستین کە کەسێک ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەڵخەڵەتاندوە، یەکسەر ئەو پرسیارەمان لادروست دەبێت، چۆن ئەبێت کەسێک هێندە بێویژدان بێت و ئازاری ئەوهەموو خەڵکە بدات و فێڵیان لێ بکات؟ وەڵامەکەی ئاسانە، کەسی سایکۆپات بەلایەوە گرنگ نیە خەڵک ئازار بچێژێت، چونکە خۆیان سودمەند بوون، ئەوان ویژدان و سۆزداریان نیە، ئەوەی دەیانەوێت ئەوەیە کۆنترۆڵی چواردەوریان بکەن، بۆئەوەش ئەوەی پێویست بکات دەیکەن نەک ئەوەی راستە یان هەڵەیە! هەربۆیە هەندێک لە سایکۆپاتەکان پێویستیان بەبەکارهێنانی توندوتیژی نیە بۆ دەستکەوتەکانیان، بەڵکو بەفێڵ و فریودان دەیکەن، زۆر جار لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئەوکارانە دەکەن، ئەوەش هێندە بە پلان دەکەن ئاشکرابونیان کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە لەسەرەتادا وەک کەسێکی خۆشەویست خۆیان دەردەخەن و ئەو توانایەشیان هەیە، دواتر ئاشکرا دەبن بەتایبەتی کە فێڵەکانیان ئاشکرا دەبێت ئەوکات توڕەیی وهەڕەشەکانیان دەردەکەوێت.

 لەراستیدا مەرج نیە سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژبن و لەزیندانەکاندا بن یان ئەنجامدەری تاوانی گەورەبن، بەپێچەوانەی هەندێک بۆچونی باوەوە، چونکە جورئەتیان زۆرە وسڵ ناکەنەوە و ترسیان نیە، لەهیچ ناگەڕێنەوە ، ئەوە کۆمەڵە خاڵێکی سەرەکیە کەهەندێکیان ئەو هەڵسوکەوتانەیان بەخەرج دەدەن بۆ سەرکەوتنیان لەرووی پیشەییەوە، کە دەبێتە سەرکەوتنی هەندێکیان بۆ پۆستی گەورەی ئیداری و سیاسی و بزنزمانی بەتوانا، هونەرمەند، پارێزەر یان وەرزشەوان بەتایبەتی ئەو وەرزشانەی ریسکی زۆری تێدایە...کەواتە ئەوبۆچونە راست نیە کە سایکۆپاتەکان هەمویان ئاشکرابن ولەکونجی زینداندا بن، رەنگە رۆژانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بیان بینین و نەزانین.   

لە کۆتاییدا کارێکی سەختە مرۆڤ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی جێبهێڵێت کە تەمەنێکی درێژی لەژیانت ئەرشیفکردوە، پەیوەندی بەردەوامی بۆ دروستکردووی بەوکەسانەی جێی گرنگین بۆت، هەرچەندە هەندێک لە پەیج و ئەکاونتەکان و گفتوگۆکان بێزارمان دەکەن و هەست دەکەین نیگەرانمان دەکەن، بەوانەشەوە هێشتا ئارەزویەکمان هەیە بۆبەردەوامیی،  تا لەکۆمەڵگا و دۆخەکەی تێ بگەین. بەڵام گرنگە نەبیتە قوربانی و نێچیری کەسی سایکۆپات، بەهێمنی لە هاوڕێیەتی بکشێرەوە. فەیسبوک ئامرازێکی جوانە بۆ پەیوەندیکردن و یەکترناسین، بێگومان بۆدەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان کارێکی قورسە، باشترین شت ئەوەیە بەوریاییەوە هاوڕێەتی بکرێت لە فەیسبوکدا.


PM:02:17:19/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی