فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان

‌ئارام سەعید

بەشی یەکەم-

کۆمەڵەی نیشتمانی چەکفرۆشان لەیەکێک لە دروشمەکانیان دەڵێن " چەک خەڵک ناکوژێت، ئەوە مرۆڤە مرۆڤ دەکوژێت" هەرچەندە ئەم وتەیە بێمانایە و بۆ پاساوی ئەوەیە بەردەوامی بدەن بەچەک فرۆشتن بەڵام لۆژیکێکیان دۆزیوەتەوە کە مایەی سەرنجە، فەیسبوک ئەمڕۆ بۆتە ئاوێنەیەک کە لەڕێگەیەوە کۆمەڵگە دەبینین، بەڵام هەندێک لەوانەی دەیبینین تەواو نیگەرانمان دەکات ترسی ئەوەمان لا دروست دەکات بوبێتە چەکێک بەدەست هەندێک سایکۆپاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان کینت ئەی کیل لە کتێبیکیدا لەسەر سایکۆپات دەڵیت "لەراستیدا هەر ٤٧ چرکەیەک لەجیهاندا کەسیکی نەخۆشی دەرونیی لەدایک دەبیت" ئامارێکی مەترسیدارە، بەگویرەی ئەو ریژەیە بیت لەسەدا ١ ی دانیشتوان ئەو سیفەتانەی نەخۆشی دەرونیان هەیە، ئەگەر تا ئێستا کەسی وات نەناسیوە، جاریکی تر بیر بکەرەوە... راستە زۆربەی ئەوانەی تاوانباری گەورەن و لە زیندانەکاندان سایکۆپاتن بەڵام مەرج نیە هەرکەس سایکۆپات بێت ئیتر وەک تاوانبار سەیر بکریت... سایکۆپات ئەوکەسەیە کە پەشیمانیی نیە، سۆزداری تیا نیە، نەرجسیەتی بەرزە، حەزبە درۆ دەکات، هەستبەوە دەکات قوربانیە، لۆمەی هەموو کەس دەکات لەسەر شتەکان، لەراستیدا ئەم سیفەتانە لە زۆر کەسدا هەن. 

رەنگە فەیسبوک ببێتە ماڵێکی باش بۆ ئەوانەی نایانەویت خۆیان ئاشکرا بکەن تا بتوانن گفتوگۆی دەبەنگیی و نوسینی خراپ و رقوکینەی زۆر بەکاربهێنن و پەیجی تایبەت دروست بکەن بۆمەرامەکانیان، کەئەمە دیاردەیەکی رۆژانەیە لە کوردستان.
زۆر لەزانکۆکانی جیهان لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر دەرکەوتن و کاریگەری سایکۆپاتەکان کردوە لەناو سۆشیاڵ میدیا و چۆنیەتی ناسینەوەیان، بەستنەوەی پۆستەکانیان بەهەڵسوکەوتیان، هەرەشەکانیان، حەزو ئارەزوەکانیان لەناو سۆشیاڵ میدیا، جنێو و ئیهانەکردنی هاوڕێ و دۆستەکانیان.کەزۆرنزیکن لەو حاڵەتانەی ئەمڕۆ لە سۆشیاڵ میدیا دەیانبینین لە کوردستاندا دەتوانریت گرێبدرێتەوە بەو نەخۆشیە دەرونیانەوە. 

  ئەگەر وای دابنێین هەرکەس لەلیستی هاوڕێکانیدا لە فەیسبوک ٥٠٠ هاوڕێ زیاتری هەبێت و بەگوێرەی ئەو ئامارە بێت کە لەسەدا یەکی نەخۆشی دەرونی بێت ئەوا لەناو لیستی هاوڕێکانتا کەسی نەخۆشی دەرونی هەیە بەڵام مەرج نیە هەستی پێ بکەیت و بزانیت، چونکە دۆزینەوەیان ئاسان نیە و ئەوان پرۆفایلی خۆیان زۆر نیشان نادەن.. بەلام هەندیک لە سیفەتەکانیان ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات لە نوسینی هەرەشە ئامیزو نوسینی کۆمێنتی جنێو و ناشرین کە هانی کاری خراپە دەدات و ئازاری ئەوانی تر دەدات کە گوی نادەنە ئەوەی چ ئازارێک بۆ مرۆڤەکانی تر دروست دەکەن و چێژ لەوە دەبینن.. زۆرکات پەیامەکانیان کورتە و لەرستەیەکی کورتدا کۆتایی پێ دەهێنن بۆئەوەی بەدووربن لەوەی کەسایەتیان ئاشکرا بێت... 

گەر بەووردی سەرنجی ئەنستاگرام و فەیسبوک و سناپچات بکەین ئەوا هەموو ئەو نمونانە دەبینین کە لە لێکۆڵینەوەکاندا باسکراون و وەک سایکۆپات دەناسرێن، لەناو کورتە ڤیدیۆکاندا، لێدوان و گاڵتەجاڕی هەندیک کەخۆیان بە کۆمیدی ناودەبەن، یان ئەوانەی جنێودەدەن و هەم ئەوانەشی خۆیان و لەش ولاریان نمایش دەکەن بۆ سایکۆپاتەکان کە خۆشیان بەدەرنین لەو جیهانەی بەنەخۆشی دەرونی پێناسە دەکرێن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان کە لەبەشەکانی ئایندەدا ئاماژەیان پێدەکەم ئەوسیفەتانەی کەسی سایکۆپاتی پێ دەناسرێتەوە ئەمانەن: 
1. تەنگ پێهەڵچنینی هاوڕێکانی لە سۆشیاڵ میدیا و بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکی توندوتیژ و کاری سێکسی..
2. ئەوانەی سێڵفی زۆر دەگرن و خۆیان ماندوو دەکەن بەسێڵفیەکانەوە..
3. ئەوانەی زۆر عاشقی دانانی سفرەو نانخواردن و چێژن و بەردەوام خواردنەکانیان بڵاودەکەنەوەپێویستیان بەوەیە خەڵک خواردنەکانیان ببینێت و تیرکردنی حەزو ئارەزوەکانیان نیشان دەدەن .
4. دروستکردنی هەراو ئاژاوەی سیاسی لەرێگەی پۆستەکانیەوە. 

لێکۆڵینەوەکان کەکاریان لەسەر کەسی سایکۆپات و دەرکەوتنیان کردوە لە فەیسبوک و سۆشیال میدیا لەم دامەزراوانە کراون کە جێی بایەخی زۆر لە لێکۆڵەران و میدیاکان بوە: 
Mind Research Network، Tagesspiegel، هەردوو زانکۆی یۆتۆبوری و لوند The Local، زانکۆی ئۆهایۆ ی ئەمریکی، Computers in Human Behavior، زانکۆی مانیتوبا. کەلەبەشەکانی تردا بە وردی باسی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و چۆنیتی کارکردنیان دەکەین.


PM:08:14:13/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی