ھێلکەکانی پارتی و سەبەتەکەی سەدر

‌رێبوار كەریم وەلی

راستییەکەی تا ئەم دەقیقەیە، میحوەری ھەموو قسەوباسەکان، پۆستی سەرۆککۆمارە. ئەوەشی کە بەدی دەکرێت ئەوەیە کە سەرباری ھەموو ھەوڵەکان دانانەوەی بەرھەم ساڵح بێ رەزامەندیی بارزانی شتێکی نزیکە لە مەحاڵ. بەرھەم ساڵح تەنھا کەسە کە توانی سەرباری دژایەتیی بارزانی لە کۆشکی سەلام دانیشێت.

شتێکی شاراوە نییە کە بارزانی ڤیتۆی لەسەر بەرھەم ساڵح ھەیە و بەو ھۆیەشەوە تا راددەیەکی زۆر یەکێتیش کەوتۆتە ژێر گوشارەوە. داشی پارتی سوارە و کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆماریشی حازرە و، ئەگەر بەرەی شیعەی موالیی ئێران لەگەڵ سەدر ھیچ نزیکبونەوەیەکیان نەبێ، کێشەی قانونی بۆ کاندیدی پارتی دروست نەکرێت و ئاوا بەردەوام بن، ئەوا کاندیدی پارتی بە مسۆگەری دەردەچێ، ھەرچەندە ھیچ رێککەوتبێکی نووسراو لە نێوان سەدر و بارزانیدا نییە کە پابەندیان بکات بە دەنگدان بە یەکترییەوە.

ئەگەرچی مەسەلەی سەرۆکایەتیی کۆمار یەکێکە لە ئاستەنگەکان، بەڵام ئەم ئیتیفاقە ئینتیقامیانەی کە کراون، دەرخەری دوو راستین. یەکەمیان ئەوەیە کە پارتی ھیچ حیسابێک نەک بۆ یەکێتی، بگرە بۆ بەرەی شیعەی موالیی ئێرانیش ناکات. دووەمیان ئەوەیە کە پارتی وەکو حزبێک(بە رازیکردنی سوننەکانیش) کار بۆ بە مەرجەعکردنی موقتەدا سەدر دەکات لە عێراقدا. 

ئەگەرچی ئۆباڵی ئەو ئینفرادەی ئێستا پارتی لە ئیجماعی نیشتمانیدا، دەیکات بەشێکی زۆری لە ئەستۆی یەکێتییە لە رابردوودا کە لە ٢٠١٨ وایانزانی پارتی لە موعادەلەی عێراقیدا کۆتایی ھاتووە، بەڵام ئەمڕۆ پارتیش بە دیوێکی دیکەدا، ھەمان شت دەکات. حیسابی نەبوو بۆ یەکێتی دەکات.

راستییەکەی تابلۆی ئێستای عێراق ئەوەیە کە حکومەتێکی زۆرینەی ئینتیقامی لە درووستبووندایە و ھەموو لایەک جگە لە کورد(نەک پارتی) لێی سودمەندن. لە سایەی ئەم موحاسەبەی رابردووەوە و بە ھیممەتی پارتی، عەرەبی سوننە خۆیان یەکخستەوە و لەپڕێکەوە بوونە کوڕێک، موقتەدا بووە مەرکەزی قەراری عێراق و لەو بەینەشدا، ناوھێنانی کورد لە بەغدا بۆ ئاستی پارتی دابەزی!

بۆیە پێشڕەوی کورد پارتییە!

مەعلوم نییە چ روودەدات، بەڵام ھاوکێشەکان تا ئیستا لە قازانجی بارزانی، سەدر و سوننەدایە. ئەگەر ھیچ نزیکبووبەوەیەک لەنێوان شیعەکانی موالیی ئێران و سەدر روو نەدات، بۆ ھەموو لایەک وەزعەکە شامی شەریفە، چونکە سەدر بۆ ھەموو ھەنگاوێک پێویستیی بەو بلۆکەی پارتی و سوننە ھەیە، بەڵام خۆ ئەگەر بێتوو بتوانێ ھەندێک لە شیعەکانی دیکە بۆ لای خۆی رابکێشێت، ھەم مەشروعیەتی خۆی پێ بەھێزتر دەکات و ھەمیش ھێندە مەجبوری پارتی و سوننە نابێ.

ھەموو ئەوانەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا سەنەدێکی رێککەوتنی ئاشکرا لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا(سەدر ، سووننە و پارتی) بۆ رایگشتی ئاشکرا نەکراوە و دەگوترێ کە رێککەوتنەکە زۆر لاوازە و شتێکی کڵێشەییە تا یەکلاکەرەوە و، بواری ئەوەی تێدایە کە ئەگەر پاشگەز بوونەوەش روو نەدات، پشتگوێ خستن روو بدات. بە تایبەتیش لەگەڵ کەسێکی وەکو سەدر کە بادانەوە یەکێکە لە سیفەتە بەناوبانگەکانی.

بەڵام مەترسیدارترین لایەنی ئەم ئیئتیلافی زۆرینەی ئینتیقامییە ئەوەیە کە ئیتر لە داھاتوودا، دەستی شیعە و سووننە ئاواڵەیە بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینە و تەنانەت سڕینەوەی ئاسەواری تەوافوق. حکومەتی زۆرینە وەک شمشێری دوودم وایە، رەنگبێ سبەی رۆژێ رووی لە پارتی بێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ موشارەکەی پارتی بە بەشداریی کورد لێک بدرێتەوە، سبەی رۆژێ یەکێتی و حزبەکانی دیکەش دەتوانن ھەمان شت بکەن.

پوختەی کەلام ئەوەیە کە ئەگەرچی یەکێتی حزبێک نییە جێگەی بەزەیی بێت، بەڵام ئەم سەرھەڵگرتنەی ئەمجارەی پارتیش عاقیبەتی خێر بێت!


PM:01:17:14/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 2216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی