ھا لە ئۆکتۆبەر و ھا لە تەمموز!

‌رێبوار كەریم وەلی

رەنگبێ کەس بە قەدەر ئەھالیی ئینفیساڵی دڵیان بەو وەزعەی یەکێتی خۆش نەبێ، بەس کێشەکە ئەوەیە سەریان لە وەزعەکە دەرناچێ و ئەوەی بە حیساب کودتاکەی کردووە، لە ئەساسدا ئەکبەر ئۆکتۆبەرچییە. بۆیە خۆشییەکە وەک پۆستەکانی فەیسبوک(کاتییە!).

گوایە بە فیعلی ھەیبەتی لاھوری شێخ جەنگیان شکاندووە، بەڵام نەک خۆیان ھیچ ھەیبەتێکیان پێ پەیدا نەکردووە، بگرە بۆ دەستخۆشییەکی سارد و سڕ و، وەك بەیتارێکی ناشی ددانی حزبەکەی خۆیان کێشاوە. لێبڕینی موچە نەما و پێویست بە ددان گڕکردنەوە و لێک سووین نەما.

ئەگەرچی تا ئێستا نە کەس براوەیە و نە کەسیش دۆڕاوە و، ھێشتا تاڵە مووی معاویەیان نەپچراندووە، بەڵام حزبەکە بووەتە دوو دەوام؛ بەیانیان تا نیوەڕۆ دەوامی رەسمی لە(کوردستانێکی بەھێز) و پاشنیوەڕۆش بە بندیوار لە (چەپکە گوڵە ژاکاوەکەی) مام جەلال!

نەفیرعامی سیاسیی لاھوری شێخ جەنگی بە کۆکردنەوەی نەیارەکانی پارتی، ھەڵە و غروری سەرکەوتن، حیساب نەکردن بۆ ئەولاد و ئالی ئیبراھیم و جەلال، ھەموویان بوونە فاکتەری ئەوەی کە لە ٨ ی تەمموز رووی دا. ھا لە ئۆکتۆبەر ھا لە تەمموز! ئەو جارەیان ئیمزای شوێنێکی دیکەی پێ بوو.

ئیتر شیرازەی یەکێتی لەبەر یەک ھەڵوەشاوە، نە حزبی کەسە و نە حزبی مێژووە. مارکێتێکی سیاسییە کە ئەوەی پارە دەکات رابردووی حزبەکەیە کە ئێستا بە داھاتووەوە بە داشکاندنەوە ھەڕاج کراوە. 

"وەزعەکە چی لێدێت؟" ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەپرسێت!

شکاندنی مەرجەعییەتی سیاسیی ناو یەکێتی و پارچە پارچەکردنی ئەو حزبە نەک سلێمانی ناخاتە ژێر رکێفی پارتییەوە، بگرە دەرئەنجامی زۆر ترسناکتری دەبێ لەوەی کە تەسەوڕیان دەکرد بە لامەرکەزییەتی ئیداری و مالی تووشیان دەبێ!

لە سیاسەتی کوردستاندا، خەڵک تا ئەو شوێنە خاوەنی ھێلکەیە کە نەخرابێتە سەبەتەی پارتییەوە، دوایی بەس دەتوانێ شانازی بە بۆنی ھێلکەوڕۆنەکە بکات!

گرفت ئەوە نییە کە لەو زۆنە خەڵک باوەڕیان بە دژایەتیی کردنی پارتی ھەبێت، کارەسات ئەوەیە کە خەڵک باوەڕی بە ھیچ نەمێنێت، تەنانەت دژایەتیکردنی پارتیش!

ماڵی یەکێتی یەک جامی ساغی پێوە نەماوە، کەچی دراوسێ ھەر بەردەفڕکەیەتی، پەندەکە بۆ ئێرە نایخوا، بۆیە ئەگەر سەرەکان لە مەنجەڵی دراوسێ نەکوڵان مانای وایە لە ھی تۆش ناکوڵێ...لە ناو پارتیش ھەمان مەنجەڵ لەسەر ئاگرە.

پەرەگرافی ئەخیر تەرجومەی نییە.


PM:02:59:25/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 2284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی