چیرۆکێکی زۆر جوانی شەوەکانی ژووان

‌هێمن عەبدولقادر


عاشق بەنیازی دیتنی مەعشوق ئەچێتە ژێر ئەو درەختەی
کە لە دەرەوەی ئاوەدانی لەسەری ڕێککەوتوون.
لە سات و کاتی چاوەڕوانیدا عاشق وەنەوز دەدات و خەو دەیباتەوە ئیتر لێرەوە چیرۆکەکە ئاڕاستەی جیاواز وەردەگرێ.
کاتێ یار دەگاتە شوێنی ژووان دەبینێ عاشق لە قوڵایی خەودایە، 
لێرەوە مەعشوق بێ ھیوا دەبێ بۆی دەردەکەوێ عاشق شیاوی خۆشەویستی نییە. 
ھەر لەوێدا بڕیار دەدات سەردەستی کراسەکەی بۆ بدڕێڕێنێ وەک بەڵگەیەک کە ئەو ھاتووە بۆ ژووان، 
دوو گوێزیش ئەخاتە مستی دڵدارەکەیەوە وەک بەڵگەی ئەوەی کە ئەو ھێشتا منداڵە و باشترە کایە و یاری بە گوێز بکات نەک بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیە کە خۆشەویستییە.

ئەم چیرۆکە زادەی خەیاڵ و دونیا بینی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییە کە لە سەدەی سیانزە دەربارەی تێگەیشتن و پێگەیشتنی عاشق بەیانی دەکات.

مەولانا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو چیرۆکەوە پێمان بڵێت عەشق بازی کاری بینیادەمی پێگەیشتوو تێگەیشتووە، کاری کەسێک نییە لە ژێر ھەژمونی حەز و غەریزە جنسیەکانیدا ژووان دامەزرێنێ.

ئەو دەیەوێت پێمان بڵێ: عەشق بەرپرسیاریەتییە شەونخونی و قوربانییە.
گەر ئەو چیرۆکە نمونەی ناوازە و تاقانەی سەرکۆنەکردنی عاشقی ھەوەسبازی ئەو سەردەمە بێ ئەوا دەتوانین بڵێین نمونەی چەند و چۆنی مرۆڤگەلێکی ئەم سەردەمەیە چونکە ئەمڕۆ لە سایەی ھەژمونی ماددە پەرستی و باڵا و حەز و غەریزەپەرستیدا عەشق لە واتا جوانیەکانی داماڵراوە. زۆرینەی عاشقەکان ھاوشێوەی ئەو کوڕەن کە لە ژێر درەختەکەدا خەو بردیەوە، خەمی مەعشوق و بەرپرسیاریەتی عەشقی لەکۆڵ نەنا.
مەولانای مەزن لەوچیرۆکەوە پێیوتین ئەو کوڕەی کە ھاوسەرگیری دەکات تەنھا غەریزە و تێربون، لە شولار و باڵاو شێوە دەبینێت و سەرنجی ڕادەکێشێت. یان ئەوکچەی کە ئاڵتون و سەیارە و سەفەری وڵاتان داواکاری زۆر دەکات، پاش ماوەیەکی کەم نەک گوێز بەڵکو سێ بەرد ئەکەنە مستی یەکترەوە.
چونکە لەشولار تێک دەچێت و غەریزە دادەمرکێتەوە و نرخی ئاڵتون بەرز و نزم ئەکات، وەلێ عەشق نا تێگەیشتن و پێگەیشتنی عەشق نا ئەوان نەگۆڕن.
ئەمڕۆ ئامارەکانی جیابونەوەی ھاوسەرگیری چیرۆکە شۆکھێنەرە نەبیستراوەکانی دادگا پێمان دەڵێن:

ئاستی دونیا بینی ئێستای ئێمە چەند بچوکە و چەند زوو لە ژوواندا خەومان لێدەکەوێ، نەک گوێز بەڵکو زۆر شتی سارد و بێ بەھاتر ئەخەینە مستی یەکتر.

ھێمن عبدالقادر


PM:10:55:06/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی