کورد دوای قۆناغی هەڵبژاردن

‌بەختیار شاوەیس

کە ئێرانیەکان موبارەکەی هەڵبژاردنەکەی چەند رۆژی رابردوویانکرد و هیوایان خواست کەحکومەتی داهاتوو هەوێنی بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە بێت، ئیتر دوای ئەمە تێپەرینی ئەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان بوە ئەمری واقع و ئەوانەی کە لەدوێنێوە لەبەردەم ناوچەی سەوز هات و هاوار دەکەن پێدەچێ شتێکی ئەوتۆ نەچنەوەو هەڵدانی چادرەکانیشیان تەنها بۆ دەستهێنانی هەندێ پۆست و بەڵێنەو پێدەچێ دواتر بڵاوەی لێبکەن.

ئەمە نابێت ئەوەمان لەبیربچێ کەسەدر و بەرەی سەرمەست بەئەنجامەکان جگەلەوەی کەبەخشکەیی سەرقاڵی دانوستانی پێکهێنانی حکومەتن، هەورەها هەوڵیانداوە درز بکەنە نێوان لایەنەکانی ئەو چوارچێوەی هەماهەنگیەی کەلەنێوان مالکی،عامری،حەکیم،عەبادی، فەیاز و موسەوی دروست بوە. بۆ ئەمەش حەکیم بەپێشوازیکردنی لەنوێنەرەکەی موقتدی، حەسەن عەزاری و پیرۆزبایی لەسەرکەوتنی گەورەی سەدریەکان ئەوشەقبوونە واقعیەی پیشان داین کەلەم هەوپایمانیە کتوپرەدا بوونی هەیە

بەم لێکدانەوەیە، کورد لەبەردەم قۆناغی دوای پەسەندی هەڵبژاردنەکان و سەرەتای دروستکردنی کابینەیەکی تازەی حکومەتی عیراقیدایە، هەر بۆیە پرسیاری جەوهەری ئەوەیە کە کورد چی بکات؟ چۆن بەشداری بکات؟ لەنێوان بەرەی سەدر و بەرەی مالکی کامیان باشترن بۆ کورد؟ کورد دەبێت چۆن خۆی رێک بخات بەرەو بەغداد؟

کۆمەڵێک فاکتی گرنگ و کاریگەر هەن، کەلەبەرچاوگرتنیان گرنگن بۆ کورد لەدوای قۆناغی هەڵبژاردن کەبەکورتی تیشکی دەخەینەسەر، لەوانە؛

1- خۆرێکخستنەوەی کورد خۆیەتی، واتا بەر لەوەی وەفدی لایەنە کوردیەکان بیر لەوە بکەنەوە کەلەگەڵ کێ و کام لایەن نزیک ببنەوە، پێویستە کورد خۆی رێکبخاتەوە و لایەنە کوردیەکان لەخۆیان نزیک ببنەوە. بەمانایەکی تر لەبری ئەوەی یەک لایەن یان دوان پێکەوە گفتوگۆ لەبەغداد بکەن ، ئەوا گرنگە هەموو لایەنەکان کەژمارەیان ٦٣ کورسی پەرلەمانیە بکەونە دانوستانەوە.

بۆئەمەش نەوەی نوێ و کۆمەڵ کەدەڵێن بەشداری حکومەت نابین پێویستە تێبینیەکانیان بەهەند وەربگیرێ و هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیش ساغبکرێتەوە. هەرچەند نەوەی نوێ و کۆمەڵ دەڵێن بەشداری لەکابینەی نوێ وەزاری ناکەین، بەڵام دەکرێ لەچوارچێوەیەکی گشتیدا و لەسەر مافە چارەنوسسازەکانی کورد وەک چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ئەودۆخە نەخوازراوەی کەلەناوچەکانی مادەی 140 دروست بوە، هەروەها لەسەر موچەی خەڵک و پێشمەرگە کۆدەنگیەکی نیشتمانی دروست بکرێ و ئاکامێکی هەبێت

2 -بەراورد بەخولی پێشتر ، کورد چەند کورسیەکی لەوپارێزگایانە زیادکردوە کەناوچەی گەرم و ناکۆکی لەسەرن، لەکەرکوک پارێزگاری لەشەش کورسیەکە کردوە. لەموسڵ یانزە کورسی هێناوە و چواری زیادکردوە. بۆیەکەمجارە لەسەلاحەدین(دووزخورماتو) کورسیەکی کورد هاتوە. لەخانەقین(دیالی) پارێزگاری لەکورسیەکەی کردوە. هەموو ئەمانە هاوکارن بۆ هەنگاونان بەئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری و یاسایی لەم ناوچانەدا

3- لەنێوان هەردوو بەرەشیعیەکەدا(سەدر) و (مالکی) پێویستە کورد نەبێتە بەشێک و پاڵپشتیکاری لایەک دژی لاکەی تر، هەتا ئەوکاتەی ماڵی شیعی خۆی چارەسەری کێشەکانی خۆی دەکات

لەم نێوەندەدا مالکی تاقیکراوەتەوە، بەڵام هیچ گرنتیەک نیە کە کاراکتەری رووخسار سەدری مەیلی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەهەڵپەسێراوەکانی کورد، ئەمەسەرباری ئەوەی کە سەدر لەناواخنی رەوتە سیاسیەکەیدا باکگراوندێکی عەقائیدی و تائیفی هەیە و لەرابردوودا تێروانینی نیگەتیفانەی خۆی لەسەر پێشمەرگەو فیدراڵیەتی عیراق نەشاردوەتەوە

4- کێشەی کورد لەحکومەتەکانی رابردوو، ئەوەبوە کەلەدوای بەشداریکردنی حکومەت، بۆجارێکیش موراجەعی ئەو خاڵ و بەڵێنانەی نەکردوەتەوە کەلە سەروبەندی رێککەوتنی لەگەڵ لایەنە شیعی و سونیەکان لەبەرنامەی حکومەت جێگیرکراوە و دواتر بەشێکی زۆریان تەنها مورەکەبی سەر وەرەق بوە.

هەربۆیە پێویستە لەم گێمەی حکومەتی داهاتوودا سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بەڵێن و خاڵانە دیاری بکات کەرێککەوتنی لەسەر دەکات و لەئەگەری جێبەجێنەکردنیان هەڵوێستی راستەوخۆی لەسەر کابینە وەزاریەکە هەبێت.

بێ دوودڵی ئەمەش زەمینەی لەباری خۆی هەیە بەهۆی ئەو بەرە نارەزایەتیەی کەلەئاستی سیاسی (حەشدیەکان و هاوپەیمانەکانی ) و لەسەرئاستی کۆمەڵایەتی ( بایکۆتی خەڵک و خۆپیشاندانەکان) بەرجەستەی دەکەن و مومکنە لەهەر ئان و ساتێکدا، کابینە تازەکە توشی قەیران بکەن.


PM:02:06:20/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی