کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت

‌بڵێسە جەبار فەرمان

ئەمە یەکێکە لەو پێناسانەی کە بۆ کورد دەکرێت. ھەرجارێک ئەم پێناسەیە دەخوێنمەوە یا دەبیستم جۆرێک لە پەست بوون و شەرم دەمگرێت.

پەست بوون لە دوژمنەکانمان و ئەوانەی بوونە ھۆکاری دابەش بوونمان نا، بەڵکو لە خۆمان. بەڵێ توڕەبوون لە خۆمان. راستە ھەلومەرجی سیاسی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان لە دژمان بون، بەڵام لەدوای پەیماننامەی لۆزان تا ئێستا چەندەھا دەرفەت ھاتۆتە پێشەوە، بۆ بوون بە دەوڵەت یا دروستکردنی دەوڵەتی کوردسان،.  خۆمان ھۆکاری لەدەست دانی ئەو ھەلانە بووین.

کورد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھۆکاری سەرەکی دەردەسەریەکانی دەزانێت، بەڵام لە بری دروست کردنی لۆبی و دیبلۆماسیەت و سیاسەتکردن لەسەر بنەمای دەوڵەتداری لە دژیان، پەنا دەبات بۆ شاخەکان و دژ بە وڵاتانی داگیرکەرانی کوردستان دەجەنگین.
وێنەی کورد لە زھنی جیھان و خۆمانیشدا وێنەی پێشمەرگەیەکە بە بڕنەوەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لە سەنگەردا.
کورد پێی وایە بێجگە لە چیاکان ھیچ دۆستێکی نیە. ئەم قسەیە راست نیە.

 ئاشکەرایە لە سیاسەت دا دۆستایەتی و دوژمنایەتی تا سەر نیە. واتا دەکرێت کوردیش دۆستی ھەبێت و پەنایان بۆ بەرێت و تەنھا چیاکان بە پەناگای خۆی نەزانێت.

مەسەلەی کورد چەن ناوخۆیی و پەیوەندی بەدەوروبەرەوە ھەیە لەوە زیاتریش پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەیە.
دۆزی کورد لە مەتبەخ و گۆڕەپانی سیاسی جیھان دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. دروست کردن و خەتکێشانەوەو لەناوبردنی سنورەکانی جیھان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.

ھۆکار چیە کە چەندەھا وڵاتی نوێ لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە دروست بوون و سنوری چەندەھا وڵات گۆڕانکاری بەسەردا ھات و، کورد ھەر وەکو خۆیەتی. ئیمپراتۆرەکان و دیکتاتۆرەکان روخان و نەخشەی جیھان گۆرانکاری بە خۆیەوە بینی و کورد ھێشتا گەورەترین نەتەوەی بێ وڵاتی سەر گۆی زەویە.

دڵنیام گەر بەم شێوە سیاسەتەی ئێستا بەردەوام بین بۆ سەد ساڵی داھاتووش ھەر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات دەبین و وێنەی کورد و بڕنەوەکەی لە سەنگەردا لە زھنی ھەمووان بەردەوامی دەبێت.

کورد دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی لە سەنتەری بڕیاری جیھان و نەخشەی سیاسی زەمین دا رۆڵی ھەبێت.

فلسەفەی مافی مرۆڤ و مافی گەلان کە غەرب پێوەی دەنازێنێ ھێچ رۆڵێکی لە سیاسەتی جیھانی دا نیە و بێجگە لە دروشم و ئامرازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و دەستوەردان و نانەوەی ئاواژە بۆ ھەندێک وڵات و ئەو حکومەتانەی کە مەبەستیانە ھیچی تر نیە.

ئەوەتا کورد سەد ساڵە داوای مافی چارەنوس دەکات و بە گوتەی ھەموو دونیا گەورەترین نەتەوەین و مافمان نادرێتێ.
ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە کورد دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە لیستی دۆست و دوژمنەکانی دا بڕواتەوەو دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بکات.

ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان مێژوی ھەزار ساڵە دەمانبەستێتەوە. نەتەوەکانمان ھەزاران ساڵە کولتوری یەکتریان وەرگرتوە. کورد دەبێت فێری سیاسەت بێت واز لە دوژمنایەتی بھێنێت.

وڵاتێکی وەکو تورکیا کە ساڵانێکی زۆر لە بەرەی ئەمریکا بوو ئەمرۆ لە بەرەی روسیا نزیکە بە مەرجێک ئێرانی دوژمنی سەرسەختیشی لەھەمان بەرەیە.

گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەت و بارەگاکاندا رووی داوە. ئەم گۆرانکاریانەش دەبێت لەلایەن کوردەوە راچاو بکرێن.
دەوترێت کورد ھەمیشە خیانەتی لێ دەکرێت و دەفرۆشرێت. ئایا ھۆکاری ئەم بەکارھێنانەی کورد و دواتر پشتتێکردنی بێ شەھامەتی ئەو وڵاتانە یا ساویلکەیی کوردە؟

ھۆکارەکان زۆرن...
دەرس لە مێژوو وەرگرتن و پێداچونە بە سیاسەت و ستراتیجیەتەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ بۆ ئایندە دەبێت لە دەستپێکی شێوازی کارکردنمان بێت.
شەرمە لەمە زیاتر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات بین.

لە ئێستا بە دواوە دەبێت سنورە دروست کراوەکان نێوان پارچەکانی کوردستان نەھێلین و کارو سیاسەتی ھاوبەش داڕێژین.
دەبێت بەرخوردمان لەگەڵ ھەموو پارچەکان لە روانگەی نەتەوەیی بێت.

پشتیوانی سیاسی یەکتر، پشتیوانی کالتوری و ئابوری یەکتر لەجیاتی دەستتێوەردان لە کاروباری یەکتر کە داگیرکەر سودی لێ دەبینێت. با ئەو خەتە دروست کراوە بە پشتیوانی کاڵ بکرێتەوە.

لەم مەسەلەدا کورد پێویستی بە بەرەیەکە ھەمووان لە خۆی کۆبکاتەوەو مەیدانی سەرەکی سیاسەت کردنی لە گۆڕەپان و متبەخی سیاسی جیھانی دا بێت.

ھەرێمی کوردستان کە بە خەبات و تێکۆشان و شەھیدیکی زۆر ھاتۆتە ئاراوە لە بەردەم ھەڕەشەی جدی و ترسی لەناوچوون دایە.

بەھەمان شێوە رۆژئاوای کوردستان کە مایەی شانازی ھەمووان بووە، ئازایەتی و لێھاتووی ژنی کوردی بە جیھان ناساند ئەمڕۆ لەبەردەم ھەرەشەی داگیرکردنی تەواوەتیدایە. سەرھەڵدانی رۆژھەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکرێت و کۆتوبەند لەسەر ئازادی ھاونیشتیمان زیاتر دەکرێت.

ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدارانی کورد لە باکوری کوردستان لە زینداندان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی ھەنگاو بە ھەنگاو زیاتر پەک دەخرێت.

ھەموو ئەمانە پێمان دەڵێن بێ یەکبوون و ھەبوونی ستراتیجیەتێکی پتەوی یەکگرتوو و گۆرینی گۆڕەپانی خەبات، لە خەبات سەرکەوتوو نابین و دەستکەوتەکان لەدەست دەدەین و دەگەڕێینەوە چوارچێوی یەکەم.

کورد سەرباری مەترسیەکان لەسەری بەھۆی بوونی حوکمڕانیەکی نیمچەیی لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت ھێزی دیبلۆماسی بەکاربھێنێت کەناڵی جیاجیا کە دەتوانن کار بکەنە سەر بیروڕای ناوەندی بڕیار بەدەستی جیھانی و تێگەیاندنیان لەسەر کرۆکی کێشەی مێژووی ناوچەکە ئەو کێشەیەی کە بڕیاری نێودەوڵەتی خۆی دروستی کردوە.
بۆ ئەو مەبەستەش وەکو کورد پێویستمان بە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە.

کۆنگرەیەک ھەموو کورد و کوردستانیان لە خۆ بگرێت. سەرکردایەتیەکی ھاوبەش دوور لە ئایدۆلۆجیەتی لایەنێک و دوور لە ئینتیمای سیاسی گروپێک یان خواستی تاکەکەس. تەنھا ئامانجی رزگاری گەل و ئازادی و دروستکردنی بنەماکانی دەوڵەت و بەرەو دەوڵەتداری بێت.

کۆنگرەیەک ھەموو لایەنەکان لەژێر چەتری یەک ئاڵادا کۆبکاتەوە. بیرۆکەی دروست کردنی بەرەیەکی یەکگرتوو، پێشوو تریش دەرئەنجامەکەی ھاتنە ئارای ھەرێمی کوردستان بوو دوای دروست کردنی بەرەی کوردستانی. ساڵی ١٩٩٩دروستکردنی بەرەیەکی گەورەتر و لەخۆگرتنی ھەموو بەشەکان ھاتە ئاراوە. ئەم بەرەیە ناوی لێنرا کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان.

ئەم رێکخراوە ساڵانێکە ھەوڵی کۆکردنەوەی ھەموو لایەن و حزب و رێکخراوەکان دەدات و ناوەندی سەرەکی خەباتی لە بروکسلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپیە کە بە یەکێک لە مەتبەخی سیاسی ئەوروپاو جیھان ناسراوە.

ئەم رێکخراوە کوردستانیە دوژمنان دژایەتیەکی زۆری دەکەن، لەناو خۆشماندا نەیاری ھەیە. بێگومان ھەندێک لەو رەخنانەی ئاراستەی ئەم رێکخراوە دەکرێن راست و دروستن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت کە رێکخراوێکی لەو شێوەیە بەھەند وەرنەگیرێت و بایەخی زیاتری پێ نەدرێت، بەڵکو دەبێت رەخنەکان لەسەری بۆ باشترکردنی و بەئاراستەی باشترکردنی بێت.

ھەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لەئاستی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی کورد لەسەر ئاستی دیاسپۆراو دونیا بەگشتی و چوار بەشی کوردستانیش بەتایبەتی بوەتە جێگا بایەخی گرنگ ھەم دۆستەکانی ئەم تێزی یەکبونیە چاویان لەسەریەتی، داگیرکەرانیش دوژمنایەتی دەکەن.

سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان،  قۆناغێکی تری جدیە بۆ ھەڵوێست وەرگرتن و  دەست پێکردن بەو بەرنامەیەی باسی لێوە دەکەم. خاڵێکی سەنتراڵە بۆ گفتوگۆی مەسەلەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت. خودی سەد ساڵەی لۆزان دەرفەتی زیاتر دێتە پێشەوە بۆ باسکرشن لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە.

ھەموو پەیماننامەیەک لە دوای سەدەیەک بەدواداچوون و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئەو غەدرەی لە کورد کراوە لە رێگای خەباتی سیاسی و دروست کردنی ھاوپەیمانی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەش ئەکرێت بونیات بنرێت.

ئەو تێزەی دەیخەمە روو بۆ گفتوگۆی راستەوخۆیە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر بۆ ئەوەی پێکەوە موراجەعەی پەیماننامەکە بکرێت بەچاودێری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ھەردوو لا کورد و داگیرکەرانی کوردستان باس لە سود و زیانی سەد ساڵەی لۆزان بکەین. باسی شەڕو ئاشتی بکرێت.

 بێگومان وڵاتانی داگیرکەری چواردەوریشمان خواستی ئاشتی و ئارامیان ھەیە لە وڵاتەکانیان، گەر ئێمە بتوانین لەگەڵیان دا بەشێوەی دیالۆگ بگەینە دەرئەنجام.

کاتێتی کورد بڕنەوەکەی دانێت، بەڵام تەسلیم نەبێت و تەنھا شێوازی خەباتی بگوێزێتەوە بۆ گۆڕەپانێکی فراوانتر.

گفتوگۆی راستەوخۆیە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر بۆ ئەوەی پێکەوە موراجەعەی پەیماننامەکە بکرێت بەچاودێری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ھەردوو لا کورد و داگیرکەرانی کوردستان باس لە سود و زیانی سەد ساڵەی لۆزان بکەین. باسی شەڕو ئاشتی بکرێت.

بێگومان وڵاتانی داگیرکەری چواردەوریشمان خواستی ئاشتی و ئارامیان ھەیە لە وڵاتەکانیان، گەر ئێمە بتوانین لەگەڵیان دا بەشێوەی دیالۆگ بگەینە دەرئەنجام.

کاتێتی کورد بڕنەوەکەی دانێت، بەڵام تەسلیم نەبێت و تەنھا شێوازی خەباتی بگوێزێتەوە بۆ گۆڕەپانێکی فراوانتر.


AM:10:12:26/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 2312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی