بەفرو کاریگەرییەکانی لەسەر دەروونی مرۆڤ

‌بڵێسە جەبار فەرمان

بەفرو بارین هەوێنی چەندان داستانی پێشمەرگانە و خەبات و شیعر و پەخشانن.

بەفر کە دەبارێ دەوترێت زەوی تارای سپی دەپۆشێ .بێگومان بەفربارین کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە لەسەر هێورکردنەوەی دەروون.

رەنگی سپی کۆکەرەوەی هەموو رەنگەکانە بە یەکسانی. رەنگی سپی تیشکی خۆر ئەشکێنێتەوە. رەنگی سپی هێمای پاکی، بێگەردی، بێتاوانی، راستی و رەوانی، روونی و کامڵی و ئارامییە.

ئارامبەخشە
بۆ نموونە گەر تەماشای پەڵە هەورەکانی ئاسمان بکەیت بە تەماشاکردنیان ئاسوودە دەبی. بە بینینی سپێتی پەڵە هەورێک کە نەرم و نیانی لە ئاسمانێکی بەرفراوان ئازادانە و بە بێدەنگی تێدەپەڕێ.

فرۆید رەنگی سپی بە دەستپێک دەبینێت هەربۆیە ئەو رەنگە بە هیوابەخش ناو دەبات.

رەنگی سپی بەفر یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە لە لایەکەوە ئارامبەخشە بۆ دەروونی مرۆڤەکان و لە لایەکی تریشەوە دیمەنی بەفربارین هەژان و هەیەجانێک لە ناخی مرۆڤدا دروست دەکات.

بێدەنگی سروشت
لە کاتی بەفرباریندا بێدەنگی و ئارامییەک باڵ دەکێشت بەسەر سروشتدا. ئەمە تەنها هەستێک نییە، بەڵکو بەفری نیشتوو لەسەر زەوی رۆڵی جیاکەرەوە دەبینێت.

لەرەی دەنگەکان لەلایەن زەوییەوە دەنگدانەوە دروست دەکات ئەوەش دەبێتە هۆی زیاد بەرزبوونەوەی هاژەهاژ.
بەڵام کە زەوی بە بەفر داپۆشراوە دەنگ و هاژەهاژەکان دەنگدانەوە دروست ناکات ئەوەش دەبێتە هۆی کپ و بێدەنگی سروشت.

رەنووی بەفر کە بە هێواشی و بێدەنگی لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە خۆشی و ئاسوودەیی دەبەخشێت.
بێگومان من لێرەدا باس لە سەرما و بەستەڵەک و کەمی گەرمکەرەوە ناکەم.

مەبەستی من تەنها لە بارینی بەفر و سپی پۆشکردنی سروشت و کاریگەرییە ئەرێنییەکەیەتی لە رووی فیزیکی و دەروونیەوە لەسەر مرۆڤ.

ئەو هەست دەربڕین و خۆشییەی کە تاک و کۆمەڵ لە رۆژانی بەفربایندا دەریدەبڕن بێ هۆ نییە .پەیوەندیدارە بە کاریگەری خودی بەفر لەسەر مرۆڤ.

بەفر و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە
لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا هەمیشە لەگەڵ بارینی بەفردا و سپی پۆش بوونی شاخەکان. پێشمەرگە ئومێدەوارتر بووە و خواستی ئازادی و رزگارکردنی زیاتر بووە.

بەشێکی زۆری داستانە ئەفسوناوییەکانی پێشمەرگە لە وەرزی زستان و بەفرباریندا بوون.

داستانی دابان هەلاج یەکێکە لەو داستانانە، کە شێرکۆی نەمر لە شعرێکیدا دەنووسێ» ئەمجارە بەفریش گڕی گرت».

لە یادمە ئەو کات ئێمە ماڵمان لە هەڵەدن بوو، زستانێکی زۆر سارد و سەخت بوو، شاخە سەرکەشەکان زیاتر لە مەترێک بەفریان پێوە بوو.

کاتێک جەبار فەرمان ماڵئاوایی لێکردین و رێی سەختی تۆمارکردنی داستانێکی نوێی خەباتی گرتەبەر، ئەو و هاوڕێکانی بەڵێنیان دا لەسەر لووتکەی دابان ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.

ئەو شەوە هەموو دۆڵی جافایەتی و دێی هەڵەدن تا بەرەبەیان لە چاوەڕوانی تۆماری داستان و تەقەی سەرکەوتن بوون.

بەڵێ جەبار فەرمان و ملازم عومەر و هاوڕێکانی بەڵێنەکەیان هێنایەدی، لەسەر لووتکەی =دابان سەرچۆپی سەرکەوتنیان گێرا.

بۆ بەهاری ئازادی، بۆ دادپەروەری، بۆ یەکسانی هیچ لووتکەیەک و هیچ وەرزێک سەخت نەبوو بۆ پێشمەرگە.
ئەو شەوە بەستەڵەکە بەفریش گڕی گرت.


AM:09:48:24/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی