گۆڕینی تایب بۆ کازمی، چی دەگۆڕێت؟

‌هونەر تۆفیق

سوپای پاسداران لە دامەزراندنیەوە ١٩٧٩ بە ببڕبڕەی پشتی دەوڵەتی ئێران دادەنرێت . لەناو ئەو سوپایەشدا دەزگای ئیستخبارات ( سازمانی ئیتڵاعاتی پاسداران ) دروستکەری بڕیارەکانە . ئەو گۆڕانکاریەی سەرلەشکری سوپاکە (حەسەن سەلامی ) لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانی دەرکرد بەگۆڕینی سەرۆکی ئیستخباراتەکەی (حوجەتئیسلام حەسەن تایب) و (دانانی عەمید محەمەد کازمی )لەشوێنەکەی ، گۆڕانکاری دێنێت بەسەر بڕیارەکانی ئێراندا . بەتایبەتی لە پرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەدا.

دەزگای ئیستخباراتی پاسداران بەجیا لە وەزارەتی ئیتڵاعات کە سەر بە حکومەت و پارلەمانە ، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە نوسینگەی ئیمام ( خامەنەئی ) ەوە . جگە لەوەی تایب لەماوەی دوانزەساڵی سەرۆکایەتی ئەو سازمانەدا ، پرس و ڕای لەگەڵ رابەری ئێراندابووە ، دۆستایەکی توندوتۆڵی بە موجتەبای کوڕی ڕابەریشەوە هەیە . بۆیە سەلامی ناتوانێت بەبێ پرسی ڕابەر و کوڕەکەی بەئاسانی تایب لەپۆستەکەی لابدات. کەواتە تایب بۆچی لادرا ؟

ئیسرائیلیەکان هۆکار لادانەکەی دەگێڕنەوە بۆ توڕەبوونی خامەنەئی لە تایب بەهۆی فەشەلی پرۆسەکەی ئەمدوایەی ئیستخباراتی ئێرانی لە تورکیا و دزەکردنی مۆساد بۆناو ئێران . بەڵام لەناوخۆی سازمانەوە دەڵێن سەرباری بەهێزبوونی نفوزی ئێران لەماوەی دوانزەساڵی ڕابردوودا کە قاسم سلێمانی وەک سەرۆکی سوپای قودس لەناو پاسداراندا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لەو باڵادەستبوونەدا ، بەهۆی دروستبوونی ئەو بۆشاییەی سولەیمانی جێیهێشتووە ، تایب نەیتوانیووە لەدووساڵی ڕابردوودا چارەسەری بکات . لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا ئێران بەرەو لاوازی دەچێت ، ئەوەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەچالاکیەکانی سازمانەکەی ژێر دەستی حوجەتئیسلام تایبەوە.

دانانی محەمەد کازمی لەشوێنی تایب بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە . چونکە کازمی لەناو سازمانەکەدا ئەرکەکەی پێشووی چاودێری کردنی ئیستخبارات و کادیرەکانی بووە. ئەو خاڵە لاوازەکانی بۆشاییەکە دەناسێتەوە.

 دەتوانێت ئەو پێگەیە بۆ پاسداران و نوسینگەی ئیمامیش بگەڕێنێتەوە کە لە بۆشایی قاسم سلێمانیدا دروستبوون . کازمی وەک سەرۆکی ئیستخباراتی سوپای پاسداران کە ئەرکەکەی دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانە ، بەهۆی بەرچاوڕوونیەکانیەوە بۆ سوپا و ئیمام ، گۆڕانکاری بەسەر بڕیارەکانی ئێراندا دێنێت . ئەو گۆڕانکاریانەش ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بۆچوونی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەبێت.

لەهەمان کاتیشدا بەپێ ی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر میحوەری مقاوەمەتدا هاتوون لەژێرکاریگەری جەنگی ڕوسیا و ناتۆدا ، ئێرانیەکان خۆیان بۆ داهاتووی جەنگەکە ئامادەدەکەن.


PM:05:03:25/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی