بۆیکۆت هیوای کردەوە بە بەر کۆمەڵی کوردەواریدا بایکۆت چی بوو؟ توانی چی بکات؟

‌ئاراس فه‌تاح

بەر لەوەی دەستپێ بکات، کەم کەس باوەڕی بەوە دەکرد، کە بزوتنەوەی بۆیکۆت بتوانێ ئەو کاریگەریە گەورەیەی لەسەر دەنگدان لە کوردستاندا هەبێ. ئێستا واقعە؛ بزوتنەوەی بۆیکۆت، بەهێزترین هێزی کۆمەڵە، توانای گۆڕانکاری گەورەی هەیە. زیاد لە نیوەی دەنگی خەڵکی لە بەدەستهێناوە.

بۆیکۆت کەسانی ئاسایی بوون، کە ستەم و گەندەڵیان ڕەتکردەوە، باوەڕیان بەوە بوو کە کۆمەڵی کوردەواری زۆر لەو سەرکردایەتیە سیاسیەی ئەمڕۆ شایستە ترە. خەڵکی ئاسایی کە زۆربەیان لە سیاسەتەوە نەگلاون، توانیان سەرکردایەتی بزوتنەوەی بۆیکۆت بکەن، کە من پێی دەڵێم، شۆڕشی بێدەنگ.

 پاش ئەوەی کە چەند بزوتنەوە و حزبێك، بە تایبەتیش گۆڕان، هیوای گۆڕانکاری لە گیانی خەڵکدا کوشت، بۆیکۆت هیوای زەوتکراوی بە گۆڕانکاری خستەوە تەنی کۆمەڵ.

هەموو لایەنێك دەتوانێ لافی سەرکەوتن لێ بدات، بەڵام کە لە ژمارەکان دەڕوانین، سەرکەوتوو تەنیا هێزی بۆیکۆتە، لە سەدا ٥٦ی خەڵك بە پێشڕەوی بۆیکۆت دەنگی نەداوە.

کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگدەران، لە هەموو لایەکەوە کاریگەر دەبێ لەسەر ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. یەکەم، ماڵی ناوخۆی حزبەکان دەشێوێنێ و ئیستا لە ناخدا گەندەڵن، دەکەونە گیانی یەك. بەمەش حزبە سیاسیە تەقلیدیەکان لاوازتر دەبن. با لە ژمارەکان بنواڕین، کە تا ئێستا دەستەبەرن:
- هەولێر - لە سەدا ٤٣ دەنگی داوە؛ لە سەدا ٥٧ بۆیکۆتی کردووە
- سلێمانی: لە سەدا ٣٨ دەنگی داوە؛ لە سەدا ٦٢ بۆیکۆتی کردووە
- دهۆك: لە سەدا ٤٨ دەنگی داوە؛ لە سەدا ٥٢ بۆیکۆتی کردووە
ڕاستە ئەوانەی دەنگیان نەداوە هەموو بۆیکۆت نین، بەڵام زۆربەیان هەون. حزبە تەقلیدیەکان ناتوانن، لافی سەرکەوتن لێ بدەن لە کاتێكدا لە سەدا ٥٦، دەنگی پێ نەداون. لەوەش گرنگتر، لە نیوەی دەنگدەران زیاتر، یەکگرتوون دژی گەندەڵ و ستەم.

دووەم، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، لەمەودوا، بە جۆرێکی دیکە لە حزبەکان دەڕوانێ، دەرکەوت کە کۆمەڵ پشتگیریان نیە. هاوکاری هێزی هاوپەیمان بۆ حزبە تەقلیدیەکان دەگۆڕێ، ڕەنگە هەوڵیش بدەن هێزی ئەڵتەرنەتیڤ دابمەزرێنن.

سێیەم، ئێستا ژمارەکان گوزارشتن لەوەی کە هەموو حزبە تەقلیدیەکان ئێکسپایەر بوون. دەنگدانی 10ی ئۆکتۆبەر، سەرەتایەکی نوێیە بۆ کۆمەڵی کوردستان.

چوارەم، کۆمەڵی کوردستان خوێنێکی گەشی هاتەوەبەر، دەزانێ توانای گۆڕانکاری چەندە. دەسەڵاتی گەندەڵیش، لەمەولا ناتوانێ وەك پێشتر مامەڵە بکات، هێزی کۆمەڵی بۆ دەرکەوت.

لە هەمووی گرنگتر، کۆمەڵی کوردستان بۆ خۆی سەلماند، کە دەستەوەستان نیە لەبەرامبەر دەسەڵات و ملیشیای حزبدا، بەبێ توندوتیژی، هەر بەبێ دەنگ، دەتوانێ ئیفلیجیان بکات.
لێرەوە بۆکوێ؟

بۆیکۆت ئێستا هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، سەرکردەکانی هەموومانین. جۆرێکی دیکەیە لە خەبات. لەبری سەرۆك عەشیرەتێك، خەڵکی ئاسایی کە ڕەنگە تەنیا تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکار بهێنێ، دەتوانێ سەرکردایەتی کۆمەڵ بکات. ئەم هێزە ساسیە نوێیە، سەرەتایە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە کۆمەڵدا، دەتوانێ هاوچەرخانە خۆی ڕێکبخات و ئەو پێکهاتەیە بەکاربهێنێ کە لە بۆیکۆتی دەنگدانەوە سەری هەڵ دا.

ئەوەی ڕاستیە: هێزی خەڵك دەتوانێ گەندەڵی و ستەم ڕابماڵێ. دەنگدانی ١٠ ئۆکتۆبەر، سەرەتا بوو،
یەکشەمەی گەش پیرۆزە!


PM:01:06:11/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی