بۆ دوران کاڵکان، بۆ پەکەکە… بەسە ئیتر، هەوڵی تێکدانی نێو ماڵی کورد مەدەن

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

 بە پێی هەواڵەکان، دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی میدیا دا هەوڵی ناشتنی هەندێک تۆوی ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکی لە کوردستانی عێراقدا ناشتوە، بە پێویستی دەزانین شتێکی لەسەر بڵێین. پێش هەر شتێک پێویستە ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی حیزبی پەکەکە فێری زمانی شیرینی کوردی بێت، چونکە یەکەم تایبەتمەندی میللەت یان نەتەوە زمانەکەیەتی. کەسێکی سیاسی کە بە باشی زمانی دایکی خۆی نەزانێت، چۆن بەنیازە داکۆکی لە مافی نەتەوەیەک بکات؟…

ئەندامەکەی سەرکردایەتی حیزبی پەکەکە دەڵێت سلێمانی شارێکی وڵات پارێزە نابێت وەک هەولێر و دهۆکی لێ بێت…! لە هەمان کاتدا باسی یەک هەڵوێستی نەتەوەیی دەکات. هەورەها، هەر وەک هەمیشە حیزبی پەکەکەی کردوە بە ڕابەر و چاوگی خەباتی نەتەوەیی کورد، کە هەر هەموی زۆر لە ڕاستیەوە دوورن. ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی حیزبی پەکەکە، پەیڕەوی لە سیاسەتی (تفرقە بیانداز و حکومت کن) ئەکات. بە واتایەکیتر، بە تێکدانی نێوانی ئێمە و یەکێتی بە نیازن لە گۆمە مەنگەکەدا ماسی خۆیان بگرن.

دۆران کاڵکان، یەکێتی بە نیشتیمان پەروەر و ئێمەش بە خائین بە خەڵکی کوردستان ئەناسێنێت. لە کاتێکا ئەوەی لای پەکەکە گرنگ نەبێت بەرژەوەندیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. پەکەکە خوا خوایەتی یەکێتی لەم دیو دێگەڵە ئیفلیج ببێت، بۆ ئەوەی خۆی بکات بە بەدیلی یەکێتی و حوکمە ستالینیستەکەی بەسەر دەڤەری سلێمانیدا بسەپێنێت. ئەم سیاسەتە پڵان (بی) پەکەکەیە.

بەتایبەتی پاش گوازتنەوەی بنکە و بارەگای فەرماندەیی حیزبی پەکەکە لە بادینان و قەندیلەوە بۆ دەڤەری پشدەر، شارباژێڕ و شارەزوور. پەکەکە پێی وایە یەکێتی یان ئەبێت ببێتە پاشکۆی پەکەکە، یان ئەبێت مەیدانەکە چۆڵ بکات بۆ ئەوان. هەتا دوێنێ بوو دەڤەری بادینان شۆڕشگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو، ناوجەرگەی بەرخۆدان بوو. خێرە ئێستا هەولێر و بادینان ناڕۆشنبیرن و نیشتیمانپەروەر نین و بەس بە تەنیا سلێمانی وڵاتپارێزە؟… مەبەستی ئەم نیفاقەی پەکەکە نیازی هەیە لەنێوان سلێمانی، هەولێر و دهۆک بینێتەوە چیە؟… بۆچی پەکەکە حەز بە شڵەژان و دوبەرەکی کوردی کوردستانی عێراق ئەکات؟… ئێمەی خەڵکی سلێمانی، یەکێتی و گۆڕان و سۆسیالیست و پارتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و شیوعی وکۆمۆنیست و بێلایەنمان تێدایە.

شارەکەی ئێمە مۆڵگەی پێکەوە ژیان و قوبوڵکردنی جیاوازیەکانە. سەقامگیری و مەبدەئی نەتەوەیی خەڵکی سلێمانی بە پیلانی هەزارانی وەک دۆران کاڵکان و حیزبەکەی تێک ناچێت. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کەسانی خاوەن بیروڕای نەتەوەی مسۆگەرکردنی یەکڕیزی نەتەوەییە لەدەرەوەی حیزب، نەک نانەوەی ئاژاوەو تەخوین کردنی هەولێر و بادینان و، ماستاو ساردکردنەوەی درۆینە و فێڵزانانە بۆ سلێمانی. وەک چۆن بۆ یەکێتی لە هەولێر و بادینانن هیچ کەس خاوەن ماڵ نیە، ئێمەی پارتیش کە لە سلێمانین، نە میوانین و نە کرێچیشن. چونکە ئەرکی یەکێتی و ئێمە و لایەنە سیاسیەکانیتر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئەرکی پەکەکەش ڕونەو سەریەشەکەی لە کوردستانی تورکیایە، نەک لە ماڵی ئێمە. بەدڵنیاییەوە نە یەکێتی و نە ئێمەش شار بۆ پەکەکە چۆڵ ناکەین.


PM:10:02:03/08/2021

ئه‌م بابه‌ته 2756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی