سەعات سفر… کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەر کوێیەکی دونیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی خۆیانە. هێزی ئەمەریکیش تەنیا لە ژمارەیەک سەرباز و فڕۆکەو و هەلیکۆپتەری جەنگی و لۆجستی پێک نەهاتوە. کۆمپانیا بازرگانیەکان و بە تایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت بەشێکی گرنگن لەو هێزە. بۆیە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، کۆتایی بە چالاکیەکانی ئەو کۆمپانیایانەش دێت و دەکشێنەوە.

بەداخەوە لە ڕابوردودا زۆر جار ئیدارەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و زلهێزانی دیکە پەیڕەویان لە سیاسەتی (نیشتیمانی خۆم ئەمن و ئەمان بێت و بازاڕ باش لە گەڕدابێت، ئیتر برسێتی و شەڕو شۆڕ و پێشێلکردنی مافی میللەتان کێشەی من نیە) کردوە. ئەم جۆرە سیاسەتە زۆر جار لایەنە لاوازەکانی خۆی نیشان داوە و هەندێک جاریش وەک بۆمبێکی چێنراو، بەدەم و چاوی خۆیاندا تەقیوەتەوە. ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی فەلەستین لە دەیەکانی حەفتا و هەشتا لە ئەوروپاو، هێرشەکەی ١١ سێپتەمبەر دوو نموونەی بەرەنجامی ئەم سیاسەتەن. بەواتایەکیتر بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لە نیویۆرک، لە گوندێکی ئەفغانستان نەخشەی لێدانی دوو تاوەرە بازرگانیەکە دادەڕێژرێت. وەک چۆن لەماڵێکدا و لەگەڕەکێکی غەززە یان بەیروت بەرنامەی کوشتن، ڕفاندن یان تەقینەوەکان لە ئەوروپا دادەڕێژران.

بە تێڕوانینێکی سەرپێیی ئاشکرایە کە عاقیبەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە چاوتروکاندنێکا لە ئەفغانستان چۆن بوو. ئەم کشانەوەیە دەبێتە هۆی شەڕێکی ئەهلی و تائیفی لە ئەفعانستان کە تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەشی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوە دەگلێن. ژێرخانی ئابوری ئەفعانستان دادەڕمێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی هەژاری و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا. بە کورتی جیهان شاهێدی پوکانەوەی ئەفعانستان دەبێت.

نەبوونی مەرجەعیەتێکی (سیاسی یان مەزهەبی) شیعەکانی عێراقی پەرتەوازە کردوە. گروپە سوننەکان بەهەمان شێوە هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن و، ئەمەش وایکردوە متمانە بە یەکتر لە نێوان عەرەبی عێراقدا نەماوە. دام و دازگاکانی دەوڵەتی عێراق هەتا بیناقاقایان بە گەندەڵیدا ڕۆچوون. 
ژێرخانی ئابوری ناوچەی عەرەب نشین داڕماوە. پێگەی عێراق لە پەیوەندە نێودەوڵەتیەکاندا لە سفر نزیک بۆتەوە. بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، نەک وڵاتەکە بارودۆخی لە ئەفعانستان باشتر نابێت، بەڵکو وێرانتر دەبێت. ئەو تێکهەڵقژانە تائیفی و مەزهەبیەی ئێستا هەیە فراوانتر و قوڵتر دەبێتەوە.
وڵاتانی ناوچەکە و دەرو دراوسێ ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیشیان بێت بێدەنگ و بێلایەن نابن.
هەرچی هەڵبژاردن و حوکمی مەدەنیە هیچ بەهایەکی لە عێراقدا نامێنێت. تەنانەت ئینقیلابێکی عەسکەریش فریای عێراق ناکەوێت، چونکە ئینقیلابی لەو جۆرە پشت بە سوپایەکی ڕێکخستوو دەبەستێت، کە لە ئێستادا عێراق خاوەنی سوپایەکی مەبدەئی و ڕێکخستوو نیە. 

بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەوانەیە چیرۆکەکە تۆزێک جیاواز بێت. فراوانی پانتای جموجۆڵی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان جوڵە دیپلۆماسیەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لایەنی بەهێزی ئێمەن و، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئێمە لەو موئامەرانەی لە ڕابوردو لێمان کراوە شت فێر بووین. ئێمە چیدی یەک تاکە قولاپ ناهاوژینە ناو گۆمەکە، پشتمان بەیەک دەرگا قایم نیە و، پەیوەندیەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی دوو لایەنەو چەند لایەنەیە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، گەورەترین مەترسی لەسەرئێمە ئەوەیە کە نەکەوینە خۆمان و یەکڕیزی و کۆدەنگیەکی مەبدەئی مسۆگەر نەکەین. ئەوکات ئێمەش دەبینە بەشێک لەو تێکهەڵقژانە خوێناویەی کە دەربازبوون لێی ئەستەم دەبێت. بۆیە لە ئێستادا لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە کە ئێمەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببینەوە و لەگەڵ یەک و پێکەوە، خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەین. چونکە مەبدەئی عێراقکی سەقامگیر ویەکگرتوو دوورە لە هەموو مەنتیقکی عەقڵانی و سیاسیەوە و لە وەهم زیادتر هیچیتر نیە.


PM:08:50:24/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 3620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی