پشوی ھەتاھەتایی پەرلەمان

‌مەریوان وریا قانیع

 ”پەرلەمان لە ھەرێمدا، ھەر لە سەرەتاوە وەک دەزگایەکی پلە دوو یان پلە سێ لەدایکبوو. پیاوە بەھێزەکانی حیزب، کەسانی دەسەڵاتداری ڕیزی پیشەوە، تیپی یەکەمی سیاسەتکردن، سیاسیە فیوداڵە نارسیستەکان، نەچوونە ناو ئەم دەزگایەوە. بەڵکو بە سەرجەمی دەسەڵاتە زۆرەکانیانەوە لە دەرەوەی پەرلەماندا مانەوە. ئەمانە نەک پێیان شەرمبوو لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و بەشداربن لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و کێبەرکێ سیاسییەکانی ناویدا، بەڵکو پێیان شەرم بوو لەگەڵ ئەندامانی تری پەرلەماندا دەربکەون و ببینرێن، چونکە ئەوان خۆیان بە جنسێکی گەورەتر و بەرزتر لە ھەموو ھاوڕەگەزەکانی خۆیان، دەزانیی. لەمەشدا درێژەیان بەو لۆژیکە سیاسییە سونەتییە دەدا کە کەسەکانی بۆ ئاغا و ڕەعیەت دابەشدەکرد، خۆیان ئاغا و دەوروبەرکەیان ڕەعیەت." 
 - ”ئەم دۆخی ئاغا و ڕەعیەتە وایکردوە چەندان بازنەی دەسەڵاتی گەورە و زەبەلاح لە دەرەوەی پەرلەماندا دروستببێت، لەوانەش بازنەی خێزانی،بازنەی حیزبی، بازنەی ئابوریی، بازنەی سەربازیی، بارەگای تایبەت، ھتد... کە پەرلەمان نەک توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردنیانی نەبێت، بەڵکو دەزگایەکی بچووک و گرگنیش بێت لە بەرامبەر  و لە بەردەمیاندا."

 - ”لە ئێستادا دۆخێک دروستبووە پەرلەمانی کوردستان بووە بە شوێنی گاڵتەپێکردنی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە... ئەم بەھیچ نەزانین و گاڵتەکردنە بە پەرلەمان، لە دواھەمین ھەڵبژاردندا، لەو ڕێژە زۆرەی بایکۆت و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردندا بەرجەستەبوو، کە نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی ھەرێمەکەی گرتەوە. لەوکاتەشەوە تا ئێستا تادێت ڕوانینی خەڵک بەرامبەر بەم دەزگایە خراپتر و نێگەتیڤتر بووە و دەبێت."
 
- ”بێگومان بێنرخکردنی پەرلەمان لەم ئاستە ڕۆژانەییەدا لەسەر بونیادێکی قوڵتری بێنرخکردن و گاڵتەجاڕیکردن ڕاوەستاوە، کە بریتییە لە بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی و مامەڵەکردنی ئەویش وەک ڕەعیەتێکی بێماف. پەرلەمان لە بنەڕەتدا دەزگای ژمارە یەکی کۆمەڵگایە بۆ ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەیی بەشە جیاوازەکانی، دەزگای ئەو کەسە ھەڵبژاردراوەنەیە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکەن و بەناوی کۆمەڵگاوە کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگ و گەورەیان پێبەخشراوە: لەوانەش دەسەڵاتی یاسا دەرکردن،  دەسەڵاتی چاودێری کارەکانی حوکمڕانان، دەسەڵاتی تەحەداکردنی بڕیارەکانیان، دەسەڵاتی ڕەخنەکردنی سیاسەتەکانی حوکمڕانان و پلان و بەرنامەکانیان، دەسەڵاتی ھێنانەپێشەوەی بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتەییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانیان."

- ”لە ھەرێمدا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەزگا ڕەسمییەکان ھەیە و لەئارادایە، کە بەھێزتر و بڕیاردەرترە. ئەم دەسەڵاتە دەشێت ناوی ”دەوڵەتی تەریب" یان ”دەوڵەتی قووڵ"ی لێبنێن."- ”بێنرخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا و ئیفلیجکردنی پەرلەمانیش بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئیفلیجکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی." 
 - ”پەرلەمان دەزگای سەرەکیی ناو سیستمێکی سیاسییە تیایدا دەوڵەت ”دەوڵەتی یاسا" بێت، ”ھاوڵاتیی" یەکەی ژمارە یەک و سەرەکیی ناو کۆمەڵگابێت، ”کۆمەڵگا" بە مانای ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی" خاوەنی سەروەریی بێت، ”یاسا" ھێزێکبێت لە سەروی ھەمووانەوە و کەس نەتوناێت لە دەرەوەیدا دەستبەکاربێت. بێرخ و بێبایەخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخ و بێبایەخکردنی ئەم گشتە گەورەیە." 


PM:02:21:26/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی