بۆچی نابێت سەردەشت عوسمان لەیاد بكەین؟

‌مەریوان وریا قانیع


ھەندێك مردنی تاكەكەسیی ھەن گەورەترن لە مەرگی تاكەكەسەكە خۆی، مردنێكن بارگاوی بە دنیایەك مانای ڕەمزیی و ھەڵگری چەندەھا پەیام و لێدانی زەنگی زیاد لە مەترسییەكن، لە یەك كاتدا. مردنی سەردەشت  عوسمان مردنێكی لەو جۆرەیە.

ھێما بۆ شوناسی سەردەمێكی مێژووی تایبەت و بۆ سیاسەتێكی تایبەتی تاونكردن و بۆ جۆرێكی ترسناك لە بێنرخكردنی ژیان و بۆ فۆرمێك لە سوكایەتیكردنی ڕەھا بە مرۆڤ، دەكات. ئەگەر ”خراپەكاریی ڕەھا" لە دونیای ئێمەدا بوونی ھەبێت، كوشتنی سەردەشت عوسمان بەرجەستەكەر و نیشاندەری ئەو خرپەكارییە ڕەھایەیە. 

كۆمەڵناس و فەیلەسوفی ئەڵمانی، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، لە دوای كوشتنی بە كۆمەڵی چەند ملیۆنێك جولەكە لە كامپی ئەوشفیتز لە پۆڵەندا،  ڕستە ھەرە بەناوبانگەكەی لە ساڵی ١٩٤٩دا دەنووسێت: ”لەدوای ئەوشفیتزەوە نووسینی شیعر كارێكی بەربەریانەیە". لە مێژووی ئەدەبیاتدا ئەم ڕستەیە دەیەھا و سەدەھا جار لێكدراوەتەوە. بەبۆچوونی من ئەدۆرنۆ پێی لەم ڕستەیەدا دەیڵێت پێداگرتنە لەسەر ئەو ڕاستییەی ھەندێك تاوان ھەن ھێندە بەربەریانە و ترسناكن مرۆڤ نەك تەنھا ناتوناێت بیانگێڕێتەوە، بەڵكو ناتوانێت دوای ئەو تاوانە ھەمان ڕوانین و دید و بەرخوردیی لەگەڵ جیھاندا ھەبێت. ناتوانێت جیھان بە ھەمان ڕیزبەندیی و بە ھەمان ئەخلاق و بە ھەمان زمان و بە ھەمان ڕوانینی بەر لە تاوانەكەوە، قبووڵبكات. ئەو تاوانانە ھێندە گەورە و ناشیرین و بەربەرین، ھەموو باسكردن و گواستنەوەیەكیان بۆژێر توانا و دەسەڵاتەكانی زمان و ھەموو گێڕانەوەیەكیان، شتێك لە بەربەریەت و ناشیرینییەكەكانی، تاوانەكە كەمدەكاتەوە. ئەم جۆرە تاوانانە وەك ئەوەیە دەسكارییەكی شێوێنەرانەی زمانمان بكات و ھەموومان لاڵ بكات، بۆ قسەكردن پێوستمان بە زمانێكی تر و ئەخلاقێكیتر و دیدگایەكی تر بێت. 

كوشتنی سەردەشت عوسمان لە ناو مێژووی كۆمەڵگای ئێمەدا كوشتنێكی لەو بابەتەیە، ڕووداوێكە بەڕادەیەك بەربەریی و ناشیرینە، ھەموو باسكردن و گێڕانەوەیەكی، ھەموو ھەوڵدانێك بۆ یادكردنەوە و بەرجەستەكردنی، شتێك لە بەربەریەتی تاوانەكە دەسڕێتەوە. كوشتنی سەردەشت عوسمان كردەیەكە لە كردەكانی ”خراپەكاریی ڕادیكاڵ"، خراپەكارییەك كە وێرانكردنی كەرامەتی مرۆڤ، سڕینەوەی جیاوازیی و ھەنجن ھەنجنكردنی ئازادیی، قۆناغە سەرەتاییەكانیەتی بۆ ئەوەی لە ھەنگاوی داھاتوودا بە وێرانكردنی مرۆڤ خۆی كۆتایی پێبێت. ھەموو ئەمانەش وەك دەرەنجامی سیاسەتی لەئینسانخستنی ئینسان وەك كردەیەكی خراپەكاریی ڕەھا. ئەم جۆرە ڕووداوانە شتێك لە لاڵی لەناو ھەر ھەمووماندا دەچێنێت. بەڵام ئێمە لە دونیایەكدا دەژین ناچارماندەكات بدوێین و قسەبكەین، ناچارین تاوانەكانی تۆماربكەین و ڕووداوەكانی بگێڕینەوە. ئەو دونیایەی كە توانی كوشتنی سەردەشت عوسمانی تیادا دروستبوو، تا ئێستاش لەگەڵماندایە و ڕۆژانە خۆمان یان دۆست و ھاوڕێ و ھاوڵاتیانمان لەناویدا دەژین. ئێمە وەك وەفایەك بۆ مەرگی سەردەشت و وەك وەفایەك بەرامبەر بە ئینسانبوونی خۆشمان، ناچارین ھەم مەرگی سەردەشت و ھەم مەرگی ھەموو ئەوانیتر كە بەناو ھەمان تاریكیی بەربەریەتدا دەڕۆن، بەبەردەوامی بگێڕینەوە. نەھێڵین لەیادبكرێن و بسڕێنرێنەوە، لەگەڵ خۆماندا بیانبەینە ھەموو ئەو ڕووبەرانەوە كە وەك ڕووبەری بەرگریكردن سەیریان دەكەین. 

بەسەرھاتی كوشتنی سەردەشت عوسمان تەنھا بەسەرھاتێكی شەخسیی نییە، تەنھا حیكایەتی كوشتنی كەسێكی خاوەن بەھرە و قەڵەمێكی ڕەخنەیی تازە و دڵێكی گەنجی پڕ لە ھیوا و چاوەڕوانیی نییە،  تەنھا پەلاماردنی كوڕی خێزانێكی ھەژار و پاكژی ناو كۆمەڵگای ئێمەش نییە، بە تەنھاش ھەوڵی بێدەنگكردنێكی ئەبەدیی تاكەەكسێكی ناو ئەو كۆمەڵگایە نییە، حیكایەتی كوشتنی سەردەشت حیكایەتی سەردەمێكی مێژوویی و فۆرمێكی تایبەتیی حوكمڕانیی و جۆرێكی كوشندە  لە مامەڵەكردنی مرۆڤە. نابێت بۆ ساتێك ئەو ڕاستییە لەبیربكەین كە مەرگی سەردەشت ھێما بۆ دروستبوونی سەردەمێك دەكات كۆڵەكە سەرەكییەكانی لە تاوان و ستەم  و بێڕێزی بەرامبەر بە مرۆڤ، دروستكراون. پەنجە بۆ تاقمێك لە دەسەڵاتدار و حوكمڕانی خراپەكار درێژدەكات، كە مافی كوشتنی مرۆڤ وەك مافی ھەناسەدانی خۆیان و كوشتنی مرۆڤ و كوشتنی مێرویەك وەكو یەك مامەڵەدەكەن. تاقمێكی بەد و خراپەكار، بەد و خراپەكاریی ڕەھا. مەرگی سەردەشت ھێما بۆ جۆرێك لە سیاسەتیش دەكات كە بەبێ ئەنجامدانی تاوان، تاوانی گەورە و فرەجۆر، ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت. 

یادكردنەوەی سەردەشت چەندە یادكردنەوەی تاكەكەسێكی ئازا و ھۆشیار و خاوەن خەونە، ھێندەش یادكردنەوەی ئەو كولتوری تاوانەیە كە تا ئەمڕۆش لە زیاد لە فۆرمێكدا، لەگەڵماندایە. ھاوكات یادكردنەوەی ئەو جۆرەشە لە سیاسەت كە بەبێ كوشتن و بێ نادادیی و بەربەریەت ناتوانێت بژیی و بەردەوام بێت. وەكچۆن یادكردنەوەی جۆرێك لە جیھانبینیە كە لەسەر بێنرخكردنی ئینسان و بێنرخكردنی ماف و بێنرخكردنی ژیانی مرۆڤەكان، كاردەكات.  

ئەم یادە پێویستە یادكردنەوەی ئەو ژینگەیە بێت كە تیایدا سوپایەك پیاوكوژ بە دەوری ئەم یان ئەو حوكمڕان وئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و ئەم یان ئەو  پارت و ڕێكخراوی سیاسیدا دروستكراوە. یادی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ پیاوكوژ و بە بەردەوامی جەلاد دروستدەكات. 

كاتێك دەتوانین بەوەفا و و دڵسۆزبین بەرامبەر بە سەردەشت عوسمان و ھاوڕێكانی كە ئەو ژینگە و عەقڵیەت و بكەر و شێوازی سیاسەت و مۆدێلی حوكمڕانییە لەیادنەكەین كە خاوەنی تاوانی كوشتنی سەردەشت عوسمان و ھاوڕێكانیەتی. 

بۆیە نابێت و ناكرێت سەردەشت عوسمان لەیاد بكەین.


PM:04:20:05/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 2764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی