لە پێشبینییەکەی پلاسخارت نزیک دەبینەوە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


بەر لەدوو مانگ جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق بەڕوونی وتی: «وامەزانن هەرێمی كوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە». سەرباری رەخنەگرتن و هەندێك سەرنجی جیاواز لەلایەن بەشێك لە لێپرسراوانی هەرێمەوە، بەڵام جێی خۆی بوو هەمووان هەڵوێستەی لەسەر بكەن، چونكە ئەم قسەیەی پلاسخارت لە خۆڕا نەهاتبوو، بەڵكو گریمانەكانی داهاتوو ئەگەری دۆخێكی نوێ‌ یاخود بارودۆخێكی جیاواز لەعیراق دەخەنەڕوو كە رەنگە پێویست بكات بڕیاربەدەستانی كورد لە هەموو كات زیاتر بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
هێشتا دیار نییە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت یان نا، بەڵام لەهەموو ئەگەرێكدا دۆخی بەغدا گۆڕانێكی نوێ‌ بەخۆیەوە دەبینیت كە جیاوازە لە رابردوو.
ئەو مشتومڕەی ئێستا هەیە لەسەر دوو پرسی گرنگە، یەكەمیان پرسی هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی لە دەستوەردانی سیاسی و ساختەكاریی، دووەمیشیان پرسی كشانەوەی ئەمریكایە لە عیراق كە پێدەچێت جددی بێت و چیتر واشنتۆن ئەو خەرجییە زۆرە لە مانەوەی لە عیراقدا نەكات.
هەردوو پرس گرێدراوی یەكترن و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر باری ئەمنی و ژیان لە عیراقدا هەیە.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، هێشتا روون نییە لەوادەی خۆیدا دەكرێت یان نا، بەڵام هەموو ئەو ئاماژانەی ئێستا بەردەستن پێمان دەڵێت: بێگەرد و بێ دەستێوەرنەدان نابێت، بەڵكو جموجۆڵی گروپ و میلیشیاكان لەماوەی رابردوودا ئاماژەی روونن بۆ زەمینەیەكی نالەبار بۆ هەڵبژاردن. ئینجا ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئەوا ئەنجامەكەی مشتومڕی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت ئەوا كێ‌ دەڵێت جارێكی دیكە هەڵبژاردن دەكرێت؟ چونكە ئێستا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئامادەیە و هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە! ئەوەش مانای ئەوەیە باری ئەمنی عیراق لە خراپەوە بەرەو خراپتر هەڵدەكشێت، نەك هەڵبژاردن بەڵكو كۆی پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی دەكەوێتە مەترسییەوە.
پرسی دووەم كە باسێكی جدییە و گرێدراوی دۆخی ناوخۆی هەرێمەكەیە، پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە عیراق. رەنگە بەغدا بیەوێت لە رێگەی رێكەوتنێكی نوێوە گرەنتی لە ئەمریكا وەربگرێت كە عیراق وەك ئەفغانستان بەجێنەهیڵێت و لانیكەم لە دەستوەردانی دەرەكی دەیپارێزێت، لە بەرامبەردا ئەمریكاش دەیەوێت چیدی ئەو خەرجییە لە عیراقدا نەكات كە نزیكەی 20 ساڵە دەیپارێزێت و توانایەكی گەورەی لە عیراق خەرجكردووە، بەڵام لەبری سەقامگیریی، ئێستا دەستوەردانی دەرەكی زیاتر بووە.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، كورد لە كوێی ئەو رووداوانە و ئەگەری گۆڕانەكانی ناوچەكە و عیراقدایە؟ لە هەردوو حاڵەتدا كورد لەناوەندی رووداوەكاندایە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، لەماوەی زیاتر لە20 ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە خراپ نەبووە.
لێكەوتەی پرس كە ئێستا لە ناوەندی سیاسی عیراقدا مشتومڕی لەسەر دەكرێت، تێكچوونی باری ئەمنییە، كە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ببێتە ئاژاوەی ناوخۆ یاخود دەستێوەردانی دەرەكی، ئەوا كورد نزیك دەبێتەوە لە رووداوەكان و پریشكی بەردەكەوێت، بەڵام پێناچێت كورد نەك ئامادەبێت، بەڵكو تائێستا ئەوەی لێمانەوە دیارە، هیچ ئەجێندایەكی هاوبەش یان پلانێك یان كۆبوونەوەیەكیش نەكراوە تا تەگبیرێك بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان بكرێت! بۆیە ناچار بگەڕێینەوە سەر ئەو قسەیەی پلاسخارت كە وتی: «وامەزانن هەرێمی كوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە».


PM:08:12:25/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 1360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی