لەئاوێنەی لۆزاندا
کورد خۆی نابینێ و، داگیرکەریش ناناسێت

‌ سالار مه‌حمود

سەد ساڵە لەمەوبەر دابەشبونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست بوو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی رێکەوتنامەی سیڤەرو لەبەر چاو نەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاھیرە لە ساڵی ١٩٢٠ داڕێژرایەوە. کورد بوە قوربانی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە دروست بوودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی ھێزێکی سیاسی کاریگەری کوردستانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بوو. بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چواچێوەی لۆزاندا. نەک ھەر ئەوە بیرۆکەی دروستبوونی کۆماری سوری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵ کرایەوە.

ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لەخەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست ھەڵگرتبوو بونە بەشێک لە پەرتکردن و راگواستنی کورد.

لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا دروست کرد دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان.

سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دووەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە.

بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لەلۆزان؟

کورد خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردبوو ئەو دەمە؟

بۆچی ئەرمەنەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان ھاوسۆزنەبوون بۆ کورد؟

لە ١٤٣ مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەھاتوەو رێکەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟

لێکەوتەکانی لۆزان بۆ ھێشتا بەردەوامە؟

ھۆکارەکانی پشت رێکەوتنی لۆزان چی بوو؟

پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا ھەن و پێویستیان بە گفتوگۆی ھێمن و زانستی ھەیە، دوور لە سۆزگەرایی و خۆ دزینەوە لە راستیە مێژووییەکان.

لە زانستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر ھەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نا دەوڵەتی لەھەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتوو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبوە لە گۆشەیەکدا گەر ھەبووبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکیەوە!.

ھەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند بەڵکو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بەنەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

کۆمەڵکوژی دەرسیم و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری بەر کوڵی ئەو رێکەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیھانی یەکەم و تورکیای نوێ بوو.

لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان

ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بوو

ئێستا کورد ئامادەیی ھەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.

ئەوسا کورد نەناسراو بوو پێگەکەی نەدەخونرایەوە.

ئێستا کورد لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ناسراوەو پێگەی سیاسی ھەیە لە رۆژئاوای کوردستان کانتۆنی ھەیە لە باشور ھەرێمێکی فیدراڵی ھەیە لە ناو دەوڵەتی عیراق پێگەی دەوڵەتی ھەیە

لەوەش دڵخۆشکەر تر رەوەندێکی بەھێزی کوردستانی لەتاراوگە بوونی ھەیە.

لەباکور فراکسیۆنی پەرلەمانی ھەیەو سەنگەرێکی بەھێزی ھەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا.

لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشورو رۆژاواش تا رادەیەک بونی گەندەڵی پو پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یەک گوتاری لە پرسە سیاسیەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسیەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ھێزەو گەر بەباشی بۆ پرسەباڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکار بھێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ بەڵام گوڕە سیاسیەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچەو ھێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن. ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمترن کوردی لێ بوو.

ئێستا چەندان لورد پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆن لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا ھەن. ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە بەڵام ھێشتا مەترسیەکانی لۆزان ھەر بەردەوامە.

تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی ھێشتا ملھوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و راسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کەلتوریش بە کورد رەت دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٩ لە لوتکەی ھلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و رێکاری بەدەنگەوەھاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست بەڵام تورکیا لەماوەیەکی کەمدا دەری خست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە وەک پارێوڵاویش ناوی سڕایەوە.

ھەر سەبارەت بەم پرسە لە ٩٦ ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان گوتارێکی داو رایگەیان کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانیەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسیەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکوری سوریاو عیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی ھەردوو بەشەکەی کوردستان بوو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن.

لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لەماوەی ١٠٠ ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتوەو ھەر ھیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە.

لۆزان ھەر بەرکارەو ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێ ھێنانی. بەڵام لەناو ھاوکێشەکانی ناوچەکەو جیھانیشدا ھێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکەن.

لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بوو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکاریە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێھێشت. ھەموو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتیەکان کە دەرھەق بەکورد ئەنجام دراون لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن.

بە ئاوڕدانەوە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتیە، بە بەرگەگرتنی ئەو ھەموو زلھێزە مرۆڤ کوژو بێ بەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نیەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کەلتورو زمان رەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە.

لۆزان رەگێکی قوڵی لەمێژوودایەو لەئێستاماندا ھێشتا ھەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژووەش بۆ دەرس وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی ھەرزانن بۆ بەرژەوەندی گروپێکی بچوک و بە رێگایەکی نانیشتمانی لە رێگەی یاری کردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتیە بێ پێزە بە جوانی وێنا بکەن.
لەسەر دەستی خود ویستی و رەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزموونی سی ساڵەی ھەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕ دەبێت.

لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە دەنگە نیشتمانیەکان وزە نوێ و زانیستیەکانی کوردستان لە ماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە رەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو روونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری گروپی سیاسی بچوک.

سەدەی نوێ سەدەی کوردو ھەڵگەڕانەوەی سەرجەم ھاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژووە درەنگ یا زوو ئەوە روو دەدات.

تا ئەو ساتەی جیھان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی بەبێ راستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە ھەرگیز ئۆقرەیی بە خۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم ھاوکێشەو لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەش ساڵە براوە نەبوە ئاوەھاش براوە نابێت.

لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ، بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆ شکاندن ئازاو ئامادەن ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە.

لە ئاستی گەلدا، کورد لەھەموو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیا دەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری رۆمانسیەتی فریودەر.


PM:06:38:27/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی