جیھان لەبەرامبەر جینۆسایدی جولەکە، شەرمەزاریش لەبەرامبەر ئەنفال و کیمیاباران

‌ سالار مه‌حمود

رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوکۆستە، نەتەوە یەکگرتوەکان لە رۆژی ١/٢٧ ھەموو ساڵێکی دەست نیشان کردوە بە رۆژی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوکۆست. نازیەکان و ھاوپەیمانەکانی شەش ملیۆن مرۆڤیان کۆمەڵکوژ کرد.

ساڵی ٢٠٠٥ لە دانیشتنی ژمارە ٤٢ دا نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا ئەم رۆژە دابنرێ. لەناو بڕیارەکەدا جەخت لە بەگژاچوونەوەی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆساید دەکاتەوە لەگەڵ ھەموو جۆرە تاوانێک کە ئاسایشی مرۆڤایەتی بخاتە مەترسیەوە.

لەناو بڕیارەکەدا باس لەو شۆکە گەورەیە دەکات کە جیھان و مرۆڤایەتی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی جولەکەکان تووشی ھات. کاریگەریەکانی ئەو رووداوانە ھێشتا لەسەر ژیان و مرۆڤایەتی بەردەوامە. ئەم بڕیارە ھەنگاوێکی باشە.

کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئێستاش و لەداھاتووش کار لەسەر سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانی ھۆلوکۆست دەکەن، پشتیوانی فیلم و ھونەرو شانۆ دەکەن تایبەت بەو پرسە. رێز لە قوربانیەکان و کەلوپەلیان دەگرن بە سەدان موزەخانەو مۆنۆمێنتیان بۆ دروست کردون. بەشێکت زۆری ئەو کارانە بە بودجەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکرێت و کارێکی باشە. بەڵام نابێ گەلی کوردستان و رای گشتی جیھانی ئەو راستیە فەرامۆش بکەن کە بەبەرچاوی نەتەوە یەکگرتوەکان و زلھێزەکانی دونیاوە، دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەجینۆسایدی ھۆلوکۆست، جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە روویاندا. ئەو رێکخراوە جیھانیە تەنانەت بەیاننامەیەکی نیگەرانیشیان دەرنەکرد. جگە  لەوەش ئەم رۆژە لە ساڵی ٢٠٠٥ دیاریکراوە. بەڵام لە دوای نۆ ساڵ لەم بڕیارە، تاوانی شەنگال و جینۆسایدی ئیزیدیەکان روویاندا. واتە کۆمەڵی نێودەوڵەتی ھێشتا نەیانتوانیوە کورد بپارێزێت لە مەترسی جینۆسایدو لەناوچوون.

کورد گەرەکە دەرس لە رابردوو وەرگرێ، ئاوڕ لەبرینەکانی خۆی بداتەوە. ئەگەر دونیا شەرم لە دۆزی خوێناوی گەلەکەمان ناکەنەوەو بەرژەوەندی بەرچاوی گرتوون، با حوکمڕانی کوردستان بەرژەوەندی کەسی و لابەلاو خۆویستی بەرچاویان تەنگ نەکات و ئاوڕێک لە دۆزی جینۆسایدی کوردستان بدەنەوە وەک ستراتیژ لێی بڕوانن.

کورد تاوەکو جینۆسایدی خۆی نەکاتە ئەرکی لەپێشینەو ھەموو رۆژێ قوربانیەکان و رووداوە تاڵەکان و ئازاری کچانی ئیزیدی و مناڵەکانی گەرمیان ئەوانەی ھێشتا لەژێر لمی بیابانەکانن نەکاتە پێشینەی کارو ئەرک و پلانی نیشتمانسازیی و حوکمڕانی. ھەر باری قورستر بەسەر گەلە ستەم دیدەکەماندا دێت. ئەو ستەمەی لە ئەنجامی خۆخۆریی و خۆویستی خۆییەوە ئەنجام ئەدرێ ئازاربەخشترە لە ستەمی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە گەلە چەندین جار جینۆساید کراوەکەمان.

لەم رۆژەدا جیھان شەرمەزارە بەرامبەر بەگەلی کوردو قوربانیەکانی.  بێجێی نابێ بڵێم گەندەڵکارو ھەلپەرستەکانی ناوخۆ شەرمەزاریان کەمتر نیە لە شەرمەزاری جیھانی.


PM:02:04:27/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی