وەڵامێک بۆ
کوڕە سەرۆک جاشێکی سەردەمی‌ سەدام

‌سروە عەبدول واحید


پێش ئەوەی‌ وەڵامی‌ درۆ شاخدارەکانی‌ بدەمەوە، جێی‌ شانازیە کە ئێمە لە بنەماڵەیەکی کاسبی کەبابچین، نەک باوکمان جاش بووبێت و لە حزبێکدا کاربکەین کە دەبابەی‌ بەعسی هێنابێتە سەر ئەو پەرلەمانەی بە خوێنی شەهیدان دروست بووە.
 
پاشان:
 
یەکەم: سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی‌ کە باست کردووەو تیایدا سەرۆکی‌ فراکسیۆنە کوردییەکان ئامادەبوون، گەر ئەو سەرۆکی‌ فراکسیۆنانە شایەدییەکی‌ بەحەق بدەن، ئەوا دەزانن کە ئێمە وتمان پێویست ناکات کەس پێمان بڵێ کە دیفاع لە ماف و بەرژەوەندی‌ و قوتی‌ خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکەن، چونکە ئەو بابەتە لای‌ ئێمە مەسەلەیەکی‌ ئەخلاقییە، ئەوە ئێوە بوون کە داواتان کرد کە بە هەق و ناهەق، ئێمە وەک ئێوە بەرگری‌ لە هەڵەو دزی‌ و نادادپەروەری‌ و ناشەفافیەتەکەی‌ ئێوە بکەین لە هەرێمی‌ کوردستان و ئێمەش ئەو داوایەمان رەتکردەوە.

ئەوە ئێمە نین لە کۆبوونەوەی‌ سەرکردە شیعەکاندا، بە عەرەب و شیعەکان دەڵێن (فەرمانبەر فەرمانبەری خۆمانن و موچەیان نادەینێ، ئێوە عیلاقەتان چییە؟و بۆ باسی پاشەکەوت زیاد دەکەن؟)، ئەوە ئێوەن کە لەکۆبوونەوەکاندا شەڕ لەگەڵ شیعەکان دەکەن لەبەر ئەوەی‌ لە پرۆژە یاسای‌ بودجەدا بڕگەیەکیان لەبەرژەوەندی‌ مووچەخۆران و خەڵکی‌ کوردستان داناوە.

ئەوە ئێمە نین کە خاکی‌ کوردستانمان فرۆشتووەو لە ١٦ی‌ ئۆکتۆبەردا بە ماکسی‌ ژنانەوە لەکەرکوک رامانکردووە، ئەوە ئێمە نین کە سوپای‌ بێگانەمان هێناوەو بەهەزاران گەنجی‌ ئەم وڵاتەمان لە شەڕی‌ براکوژیدا بە کوشتنداوە، ئەوە ئێمە نین کە نەوتی‌ خەڵکمان دزیوەو گیرفانی‌ هاووڵاتیانمان رووتاندۆتەوە، ئەوە ئێمە نین کە فڕۆکەی‌ تایبەت و بەرژەوەندی‌ تایبەتمان بۆ هەموو کەسوکارو کوڕو کوڕەزاو براو برازامان دابینکردووە، ئەوانە هەموو کاری‌ ئێوەن و خەڵکی‌ کوردستانیش ئێمە و ئێوەش باش دەناسێت.
 
دووەم: سەبارەت بە لیژنەی‌ دارایی‌، لەپاش زیاتر لە ساڵێک، ئەوە ئێوە بوون لەپێناو دانانی‌ عەرەبێکی‌ سوننەی‌ موسڵاوی‌ لەسەر پشکی‌ کورد، هەستان بە موئامەرەیەک و دوورخستنەوەی‌ ئەندامەکەی‌ ئێمە لە لیژنەی‌ دارایی‌، کە بەئیعترافی‌ خۆتان لەماوەی‌ ئەو ساڵەدا، ئەندامەکەی‌ ئێمە تەنانەت لە ئەندامەکانی‌ پارتیش سەرسەختانەتر بەرگری‌ لە ماف و قوتی‌ خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستان کردووە. پاشانیش باستان لەوە کرد کە ئەمە سزای‌ سیاسیی‌ هاوپەیمانێتیتانە لەگەڵ ئیمتیداد و تشرینیەکان. جگە لەوەش هاوپەیمانێتی‌ ئێمە لەگەڵ ئیمتیداد لەسەر بەرژەوەندی‌ خەڵک و هاووڵاتیانە، لەسەر دابەشکردنی‌ پلە و پۆست و ئیمتیازات نییە، چونکە ئیمتیداد خۆیان لە عێراقدا هێزێکی‌ ئۆپۆزسیۆنن، بە چ مەنتقێک هێزێکی‌ ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لیژنە بدات بە هێزێکی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆن، لەکاتێکدا ئەندامێکی‌ ئیمتیدادیش لە لیژنەی‌ ئاسایش و بەرگری‌ بەر هەمان ئەو موئامەرەیەی‌ ئێوە کەوت و ئەویش وەک ئەندامەکەی‌ ئێمە لە لیژنەی دارایی‌ سزای‌ سیاسیی‌ درا لەسەر هەڵوێستەکانی‌.

پێم سەیرە تۆ رووت دێت باسی ئەم بابەتە بکەیت، چونکە لە خولی پێشوودا کورد خاوەنی شەش ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، بەڵام ئێستا و لەسەر دەستی تۆ کورد تەنها سێ ئەندامی لەلیژنەی دارایی هەیە، کە ئەمەش بە روونی فاشلی و لاوازی تۆ نیشان دەدات.

ئەم درۆ شاخدارانەتان تا سەر بۆ ناچێتە سەر، بەری‌ رۆژیش بە بێژنگ ناگیرێت و خەڵکی‌ کوردستانیش زۆر لەوە هۆشیارترن کەچیدی‌ بە درۆ و چەواشەکاری‌ ئێوە فریو بخۆن و دەزانن کە ئێوە چەند ساڵە لەبەغدا جگە لە پۆست و ئیمتیازات و پارەی‌ خۆتان و خزم و کەسوکارتان، هیچی‌ ترتان بۆ خەڵکی‌ کوردستان نەکردووە.
 
سروە عەبدولواحید کەبابچی
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی‌ نوێ لە پەرلەمانی‌ عێراق


AM:11:04:04/06/2023

ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی