16ی ئۆكتۆبەر لە مێژووی گەلاندا عینادی و نەخوێندنەوەی واقیع، 16 ئۆكتۆبەری بەرهەمهێنا

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


لە مێژووی كۆن و نوێدا چەندین نموونەی جیاواز دەبینین كە عینادیی و نەخوێندنەوەی واقیع، نەك ئامانجەكەی لەباربردووە، بگرە زیانی ئێجگار گەورەی بە میللەتان گەیاندووە. نەخوێندنەوەی واقیع و عینادی لە ریفراندۆمی 2017 زیانێكی ئێجگار گەورەی بە دۆز و قەوارەی گەلی كوردستان گەیاند. لەبری پێشكەوتن، چارەنووسی گەلی كوردستانی بەرەو رزگاربوون و سەربەخۆیی دەیان ساڵ گێڕایەوە دواوە.

هەرچۆنێك بێت دەكرێت بەتێگەیشتنێكی ستراتیژیی و دووركەوتنەوە لە دەمارگیری حزبیی، سوود لەو شكستە وەربگیرێت و نەوەكانی داهاتوو سوودی لێ ببینن. واباشترە ئەوانەی بڕیاریان لەسەر ئەو پڕۆژەیەدا، هیچ پاساوێكی نا مەنتقی نەهێننەوە و هۆكاری كەوتنەكە بە هیچ لایەنێك و كەسێكدا هەڵنەواسن، بەڵكو ئیعترافێكی روون بكەن، تا ئەم كەوتنە كە هۆكارەكانی روونە، ببێتە ئەزموون و چیدی دووبارە نەبیتەوە.

لەمێژووی میللەتاندا نموونەی عینادی و نەخوێندنەوەی واقیعگەلێكن، تەنها بەسەر كورد و كوردستان نەهاتووە، بەڵام دەبوو رووداوەكانی مێژوو رێگربن لەبەردەم ئەم ریسكەی بە چارەنووسی میللەتێكەوە كرا كە قوربانییەكی زۆری لەپێناوی رزگاریی نیشتیمانیدا داوە. هەرچۆنێك بێت دەكرێت چەند نموونەیەك لەوبارەیەوە بخەینەڕوو كە دەتوانین نەخوێندنەوەی واقیع و عینادی زیانی گەورەی پێگەیاندوون. لەسەدەی سێزدە مەندۆ قائان فەرماندەی باڵای تەتارەكان (مەغۆل) كە دەكاتە كوڕەزای جەنگیزخان لە هەمەدانی سەرزەمینی ئێرانەوە ماوەی سێ‌ ساڵ چەندین نامەی بۆ موستەعسەم بیللا (المستعصم بالله)ی خەلیفەی عەباسی نارد داوایكرد ئەگەر (باج) بدات توخنی خەلافەتەكەی ناكەوێت، ئەگەرنا پەلاماری دەدات و بەزۆر بەسەریدا دەسەپێنێت. بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، خەلیفەی موسڵمانان (المستعصم بالله) دوا خەلیفەی عەباسییەكان، دەوڵەتێكی لاواز و سوپایەكی زۆر خراپی هەبوو، فەرماندەی سوپاكەی خەلیفەی موسڵمانان دەیانكوشت و نەیان دەشاردەوە! خەلیفە موستەعسەم بیللا نەك هەڕ و گیفی تەتارەكانی (مەغۆل) قەبوڵ نەدەكرد، بەڵكو لەدوا نامەی بۆ مەندۆ قائان وتی «ئەی كاڵفامی پێنەگەیشتوو، هەموو موسڵمانانی جیهان گوێڕایەڵی منن، دەبێ‌ كارێك بكەم بگەڕێیتەوە خۆراسان و ئەو سەرزەمینە جێبهێلیت». ئەم وڵامەی خەلیفە، فەرماندەی مەغۆلەكانی زۆر توڕەكرد، لە وڵامدا (قائان) وتی «هەردووكمان دەبینین خودا چی بەسەر ئێمە و ئێوە دەهێنێت، ئەگەر لەسەر زەمین نەتگرم، لەئاسمان دەتگرم». قائان، هۆلاكۆی بە فەرماندەیی سوپایەكی گەورە بەرەو بەغدا بەڕێكرد، بەر لەوەی بگاتە بەغدا، دیسان دەرفەتێكی دیكە هاتەپێش چەند راوێژكارێكی كۆشك، ئامۆژگاریی خەلیفەیان كرد كە دەستبەرداری ئەو عینادیەی ببێت ئەگەرنا، مەملەكەتەكەیان رووبەڕووی مەرگەساتێكی گەورە دەبێتەوە. داوایانكرد چەند دیارییەك بنێرێتە سەر رێگاو بارودۆخەكە خاوبكاتەوە، ئەگینا مەملەكەتەكەیان وێران دەبێت، بەڵام چەند فەرماندەیەكی خەلیفە كە دوانیان تورك بوون، خەلیفەیان پاشگەز كردەوە و ئەو دەرفەتەشیان لەباربرد. لە 1258 هۆلاكۆ گەیشتە ئەو شارە. لە ماوەیەكی كورتدا خەلیفە و خەلافەتی عەباسی لەناوبرد. بەغدایان خەڵتانی خوێن كرد. هەردوو فەرماندە توركەكە كە شیریان تیژبوو، خەلیفەیان پاشگەزكردەوە، لە دوایین دەرفەتدا خۆیان هێزەكانیان رادەستی تەتار كرد، تەنانەت یەكێكیان خزم و هۆزەكەی خۆشی كە نزیكەی 700 كەس بوون بەدەست بەستراوی رادەستی مەغۆلەكان كرد، بەڵام هیچ شتێك فریایان نەكەوت و هەر هەموویان ملیان پەڕێنرا.
لە شەڕی جیهانیی دووەم، (1939-1945) هیتلەر نیوەی سەرزەمینی داگیركرد، كوشت و كوشتارێكی ئێجگار زۆری كرد. وڵاتانی هاوپەیمان هەوڵێكی زۆریاندا ئەو كوشتارە رابگرێت و بەشێك لە داخوازییەكانی جێبەجێ دەكەن. چەندین هەوڵدرا گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵدا بكرێت، تەنانەت یەكێك لە فەرماندەكانی بە فڕۆكەیەك بەبێ‌ ئاگاداریی هیتلەر لە بریتانیا نیشتەوە تا بتوانێت دانوستانی نێوان هیتلەر و هاوپەیمانان سەربخات، بەڵام هیتلەر رەتیكردەوە.

جۆزیف گۆبڵزی وەزیری راگەیاندن و هیرمان گۆرینگ-ی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی (لوفتفافە) كە كاریگەرترین هێزی سوپای ئەڵمانیا بوو، زانیاریی هەڵەیان دەدایە هیتلەر.

سەرئەنجام لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە، هیتلەر بە عینادییەكی زۆرەوە رووبەڕووی هەموو دونیا ببۆوە، بەڵام لەكۆتاییدا هیتلەر رووبەڕووی شكستێكی ئێجگار گەورە بۆوە و خۆی لەناوبرد و مەملەكەتەكەی خۆشی وێرانكرد و دەیان ملیۆن مرۆڤیش بوونە قوربانی ئەو عینادییەی ئەو.

لە داگیركردنی كوێتیشدا بەهەمان شێوە. سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی بەعس لە ئابی 1990 پەلاماری كوێت-ی داو داگیری كرد. نزیكەی حەوت مانگ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تكایان لە سەرۆكی ئەو وڵاتە كرد سوپاكەی لە كوێت بكێشتەوە و كۆتایی بە داگیركارییەکەی بهێنێت، بەڵام عینادی و نەخوێندنەوەی واقیع زاڵبوو بەسەر بیركردنەوە و تێڕوانینیدا، سەرەنجام نەك هەر پاشەكشەی كرد، بەڵكو سوپاكەی تێكوپێك شكێنرا و وڵاتەكەی خۆشی وێرانكرد.

بەدڵنیاییەوە ئامۆژگارییەكانی مێژوو پەندو وانەی زۆری تێدایە. دەكرا ریفراندۆمی 2017 دەرگایەكی گەورە بەڕووی كورددا بكاتەوە و دۆزی كورد پێ بنێتە قۆناغێكی دیكەوە بەتایبەتی هەردوو نامەی ریكس تیلەرسن-ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بۆریس جۆنسن-ی وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا، كە یەك ناوەڕۆكیان هەبوو، بەهەند وەربگیرێن، بەڵام مخابن نەخوێندنەوەی واقیعو عینادی زیانێكی ئیجگار گەورەی بەقەوارەی هەرێم و ئایندەی ئەم میللەتە گەیاند. جگە لە لەدەستدانی رووبەرێكی ئێجگار گەورەی خاك لەرووی سەربازییەوەوە، پاشەكشەیەكی ئێجگار گەورەی لەسەر هەموو ئاستەكان دروستكرد.


PM:06:30:16/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 2124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی