زۆر بڵێی و کەم عەمەلی

‌ستران عەبدوڵا

«زۆر بڵێی لەسەر روباری نیل» رۆمانە ناسراوەکەی نەجیب مەحفوزە لەسەر توێژی خوردە بۆرژوای میسر کە عیدەیەکی زۆر بڵێیان  لە عەوامەیەکی لێواری نیل لەبەزم و رەزمی خۆیان ناکەون، تەمبەڵ و تەوەزەل ھەر خەریکی تانەوتەشەرن، بێ ئەوەی کارێکیان لەدەست بێت.

لاوانی  میسر لە کۆری نەبەزیندا گیانبازی دەکەن بۆ پەڕینەوە لە نائومێدی و بنکۆڵکردنی سەختی بەردەم سەرکەوتن و سەرەنجام لە قاودانی نەیاران، کەچی زۆر بڵێکان ھەر ئەیڵێن و ئەیڵێنەوە و قسەش، وەك شاعیری نەجیبی قەومی نەجیبی کورد دەیڵێت ، ناچێتە گیرفانەوە.

نەجیب مەحفوز لەم رۆمانە گەورەیەدا  وێنای چارەنووسی توێژێکی مشەخۆری کۆمەڵی  میسری دەکات کە فایق بێکەسی شاعیر، بە رۆمان نا بەڵکو بە دێرە شیعر، وەسفی حاڵی کردون:
«کوردایەتی خورمایە بۆچی یان قسەی شەیتانییە».

نە مەحفوز و نە بێکەسی باوك کەوتنی ئەم بتی زۆر بڵێیەیان نەدی لە میسر و لە کوردەواری ، بۆیە لەھەشتاکانی سەدەی رابردوو لەگەرمەی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێدا  شێرکۆ بێکەسی کوڕ ھاتەوە کایەو لە ئەدەبی موقاوەمەدا توانجی لەم زۆر بڵێیانە گرتەوە.

جا ھێمن گوتەنی «نەما خانی» و نەما مەحفوز  و بێکەس تا نەشتەرگەری بۆ زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارەشمان بکەن. زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارە ھەم زۆر بڵێ و ھەمیش چاوقایم و رووقایمن و لەھیچ عەیبەیەك سڵ ناکەنەوە. ئەمانە وەك کارەکتەرەکانی رۆمانەکەی مەحفوز خێر و شەڕیان لە عەوامەیەکدا گەمارۆ نەدراوە، ئەمانە وەك کۆرۆنای سیاسی تەشەنەیان کردووە خەریکە ئیقلیمگیر دەبن.

جا ئێستا پێش ئەوەی بکەونە بەر بیراز و کوتانەوە ھێشتا خەڵك قەرزاربار دەکەنەوە.


PM:10:29:17/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 2984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی