سەقامگیریی بەهای دینار

‌نیاز نەجمەدین

ئەگەرچی زەرەرمان کرد لە بەرزبوونەوەی دۆلار.. بەڵام وەک ئەڵێن بەڵکو خێری پێوە بێت. خێرەکەش ئەوەیە بڕیاربەدەستان ددان بنێن بەوەدا کە سیستمی پارە(نەخت)ی عێراقیی کێشەی قوڵی هەیە و تەنها بەوە بەڕێوە ناچێت دۆلار بفرۆشێت، شتی تری دەوێت.

بەبێ ئەوەی بە کۆمەڵێک میکانیزم دینار بەهێز بکەن، سەقامگیریی بەهاکەی لە ماوەی درێژ خایەندا زەحمەتە و زۆر گران دەوەستێت. یەکێکیان ئەوەیە هانی پاشەکەوت لە بانکەکاندا بە دینار بدرێت بەرامبەر بە نرخ(یان رێژە)ی سوودێک(سعر الفائدة)ی گونجاو. هاوکات بانکی مەرکەزیی گرەنتی سەلامەتیی پاشەکەوت بکات لە بڕێکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، هەر کەس تا پەنجا ملیۆن دینار پاشەکەوت بکات، ئەگەر بە زروفێک فەوتا، بانکی مەرکەزیی قەرەبووی کەسەکە دەکاتەوە. ئەم سیاسەتە لە ئەمریکا زۆر سودی هەبوو بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە بانکەکان.

بەڵام نرخی سوود رێ و شوێنی شەرعیی ئەوێت مادام بەشێک هەن بە حەرامی ئەزانن.

بەئەلکترۆنیکردنی سیستمی دارایی و بانکەکان بەشێکی تری ئیشەکەیە.

سیاسەتی داراییش دەبێت هاوکار بێت. حکومەت، بەحکومەتی هەرێمیشەوە، کێشەی کۆکردنەوەی کاشی هەیە، لەوانە قەرزەکانی. بۆیە زۆرجار دینار زیاتر لە پێویست بە دەست خەڵکەوەیە. زۆر کارئاسانیی هەیە دەکرێت بیری لێ بکرێتەوە تا سیاسەتی داراییش چالاکتر بێت و سودیش بە بەهای دینار بگەیەنێت، بەوەشەوە کە دانەوەی قەرز بە حکومەت زۆر ئاسان بکرێت.

لەسەروو هەموویەوە، هۆکارێکی هەڵئاوسان کەمیی بەرهەم و زۆری تێچووەکەیەتی. چەند مۆدێلی بەرهەمهێنان باشتر بکرێت، ئەگەری سەقامگیریی بەهای دراو زیاد دەکات.

بەردەوام نزیک بوون لە بازاڕ و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گۆرانکارییەکانی بازاڕ، لەسەر ئەوەی چی لە دۆلار دەکەن و دینار بۆ کوێ دەچێت، پاشان رێوشوێنیتر بۆ پڕکردنەوەی کونوکەلەبەرەکانی دزینی دۆلار سودی بۆ سەقامگیریی دینار زۆر دەبێت.

لە تەواوی ئەم پرۆسەیەدا، پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکار بێت و بە عەقڵیەتی شکستهێنان بە عێراق و لاوازکردنی بیر نەکاتەوە دەنا زەرەر دەکەین، وەک چۆن پێویستە راوێژی پێ بکرێت و حسابی بۆ بکرێت.
دینار لە خۆیەوە نەشکا. ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ لاوازییەکانی سیاسەتی نەختینەیی(پارە) و پاشان دارایی. کە روویدا لە ناکاو دێت و بە خراپیی دەستی خۆی دەوەشێنیت. لە ئایندەدا بەهای دینار دەشکێتەوە ئەگەر تەنها پشت بە هەبوونی دۆلار ببەستین، ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو ئیجرائاتی تر نەکرێت و کۆمەکی زۆر لایەنی تیادا نەبێت و گەشە بە سەربەخۆیی و تواناکانی بانکی مەرکەزیی نەدرێت.

دنیای تازە ئەپدەیتی پلان و پێشخستنی تواناکان و کۆمەکی فرە لایەنی دەوێت.


PM:08:07:07/02/2023

ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی