ئازادیی بیروڕا ، بە مەرجی ئیسلامچییەکان!
بارزان شێخ عوسمان
بارزان شێخ عوسمان
لەم رۆژانەدا ،نوسراوێك بڵاو بوەوە بە ئیمزای جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، دەرباری قەدەغە کردنی کۆڕ و کۆبونەوەی تایبەت بە جێندەر لە دامەزراوەکانی سلێمانیدا . بەڵام دوای ئەوەی ئێمەی ئازادیخواز لە سایتە باوەڕ پێکراوەکان و واڵی فەیسبوکەکانی خۆماندا ئابڕوی ئەو دامەزراوە شێوە پەرلەمانییەمان برد ،دەستبەجێ رونکردنەوە بڵاو کرایەوە کە ئەو کارە هەڵپەیەکی کەسی ناوبراو بێت (هەر چەندە رونکردنەوەکەش جێگەی تێڕامان و قسەی زۆرە) .
ئەو نوسراوە بزمارێکی ترە کە ئیسلامچییەکان و مەرایی کارانیان دایان لە دارە مەیتی ئازادیی بیر وڕا بوە زامێکی تری جەستەی ئێستای ئازادیی.
نوسراوەکە ئاماژەیەکیشە بۆ زیاتر مکومکردنی ئەو سنوردارییەی کە کێشراوە لە بەردەم ژیانی مەدەنیی و دیموکراسیی یا باشتر بڵێین کە بۆ نوسەران و روناکبیران کیشراوە تا لێی دەرنەچن یاخود روناکبیران بۆ خۆ بەدور گرتن لە پەلاماری ئیسلامچییەکان هێڵێکی سوریان کێشاوە بە دەوری خۆیاندا دەربارەی قسە کردن لە بارەی ئاین و کتێبی پیرۆز کە نابێت بیبەزێنن.
چەندین ساڵە داوا دەکەین لەو نوسەر و روناکبیرانە بەڕێزانەی کە باوەڕیان بە ئازادییەکانی تاك و کۆیە لە ناو کۆمەڵ دا کە "ئازادیی هەر ئەوە نییە کە پڕ بە قوڕگی خۆمان هاوار بکەین ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەبێت بڕوخێت و دەستمان زیاتر دابگرین و نوسینەکانمان تۆختر بکەین و لە دژیان بنوسین ،کەچی فزە لە خۆمان ببڕین لە ئاست ئەو هێرشە ناڕەوایانەی کە ئیسلامچییەکان لە مینبەری مزگەوتەکانیانەوە ،لە تەلەفزیۆن و رادیۆکانیانەوە ،لەرێی (یوتوب،تیک تۆك )و زۆری تریشەوە دەیکەنە سەر ژیانی مەدەنیی و کەسایەتییە ئازادیخوازە راستەقینەکان ". ئیسلامچییەکان تا ئەوەندە کاریان بە دیموکراسییە کە بە کەیفی خۆیان هەڕەشە لە بە مەدەنیی بونی کۆمەڵ بکەن و ببنە رێگر ،بۆیە شەڕە جنێوی سیاسییان رەواج پێداوە.
ئەگەر قەرارە ئازادیی را دەربڕین هەر شەڕە جنێوی سیاسیی بێت ،ئەوا هیچ پێویست بەوە ناکات دڵمان خۆش بکەین بە گۆڕانی ریشەیی هزر و بیرکردنەوە و پێشکەوتن.
نوسراوەکەی بە ناوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەیەکی ترسناکە بەوەی کە ئیسلامچییەکان بەو ئازادییەی خراوەتە خزمەتیان ، هەندێك کەسی خۆ بە عەلمانی زانیش تەفرە بدەن بە ناوی رەوشت و چی و چی .
لەم بابەتەدا نیازم نیە جێندەر شی بکەمەوە ،بەڵام ئیسلامچییەکان کارێکیان کردوە کە جێندەریی بێ رەوشتییە نەك قسەکردنە لەسەر بەها و نەریتەکانی کۆمەڵ بۆ هەردوو رەگەزی ژن و پیاو ……هتد. هەر بۆیە ئەو دەستە ئیسلامچیەی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زەفەریان هێناوە و وەها نوسراوێکیان بە ئیمزا کردن گەیاندوە.
کەواتە ئەقڵانیەت و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان بۆ ئەودیوی نەریت و باوەکان سنوردار کراوە و بۆمان نییە جگە لە سیاسەت باسی شتێکی تر بکەین.
ئێستا ئایین لە عێراق و کوردستانیش وەك دینێك لە نێو دەوڵەتێکی ئیسلامییدا خۆی نمایش دەکات و زاڵکردوە، نەك هیچ رێگرییەك لەبەردەم تەراتێنەکانی ئیسلامچیەکاندا نییە ،بەڵکو ئەو مامۆستا ئاینییانەش لە قاڵب دراون کە زانا و ئاگادارن و دەزانن مەسەلەکان چییە و دەیانەوێت ئایین هەر لە نێو مزگەوتەکاندا بێت و دەستوەرنەداتە ژیانی خەڵك و دامەزراوە کانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چالاکییە مەدەنییەکان . بۆیە یەکێتیی زانایانی ئیسلامییش بۆ جێکردنەوەی خۆی ناچارە زۆر جار توند بێت لە ئاست هەندێك مەسەلەدا کە پێویست ناکات ، یا خود بێ دەنگیی هەڵدەبژێرێت.
ئەگەر بارودۆخ وا بڕوات ، ئازادیی بە شەرتی ئەوە بێت کە بەدڵی ئیسلامچییەکانە ،ئازادیی هەر لەو بازنە داخراوەدا بمێنێتەوە ! هەلومەرج بۆ حوکمێکی دینیی هاوشێوەی تاڵیبان ،لە عێراق و کوردستانیش دەڕەخسێت . ئەم مەرایی کردنەش بۆیان هەمان روداوەکانی سەردەمی مەلیك فاروق و ئەنوەر سادات و ئێستای میسر دەهێننە ئاراوە کە هیچ کەسمان ئارەزوی ناکەین.
PM:10:54:02/02/2023
ئهم بابهته 1128
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی