بوومەلەرزە و «بوومەلەرزەیەکى تریش»…

‌وەلید عومەر

ئەو دەستەوەسانە سەرتاپاگیرەى ژیانى ئێستاى هەمووانى گرتووەتەوە، لە ساتى بوومەلەرزەدا تۆزێک دەلەرزێت، دەبووژێتەوە، بیردەچێتەوە؛ بەڵام زۆر ناخایەنێت خواستى ئەوە درووستدەبێتەوە بەڵکو «بوومەلەرزەیەکى تر»یش ڕووبدات، دواى ئەوەش دانەیەکى تر. باسەکە هەروا ڕاستەوخۆ مەرگدۆستى و ئاواتەخوازى نیە بە مردن، بەڵکو جێگۆڕکێیەکە کە لەنێوان "بوومەلەرزەى سرووشتى” و "بوومەلەرزەى کۆمەڵایەتى”دا ڕوویداوە. دەبوو لەجیاتیی بوومەلەرزە سرووشتییەکە، هەناوى ئەم شێوازە ژیانەى ئەمڕۆ بلەرزێت و وێران ببێت، ئەو ژیانەى کە دەکرا بە چەندین شێوەى تریش بژین. 

خواستى ئەمڕۆى خەڵک بۆ هەواڵى بوومەلەرزە نیە (وەک ئەوەى میدیاکان قۆستوویانەتەوە)، بەڵکو خواستێکى شاراوەترە بۆ ڕزگاربوون لەم ستایلە ژیانەى ئەمڕۆ کە هەم ماندووکەرە و هەم نرخى ماندووبوونەکەش دەرناهێنێتەوە کە ئەنجامەکەى کەوتنى بەها مرۆییەکان و پێشێلکردنى کۆمەڵێک نرخە کە نەدەبوو هیچ سەردەمێک بکەوێت.  «بوومەلەرزەیەکى تر»، واتە ڕاتەکینى سیستەمە سەرکوتکارەکانمان. ئاشکرایە بوومەلەرزە ئازادبوونى وزەى پەنگخواردووى چینەکانى ناو زەوییە، گەڕانەوەى ئەو چەپێنراوە سرووشتییەی ناو سرووشت خۆیەتى؛ ئاخۆ لەسەر هەمان پێوەر دەتوانین باس لە گەڕانەوەى چەپێنراوە سیاسى و کۆمەڵایەتی و شارستانییەکان بکەین و خەون بە ژیانێکى باشترەوە ببینین؟

ژاک دێرێدا، فەیلەسوفى فەڕەنسى، "هەڵوەشانەوەگەرایی”یەکەى خۆى ناونابوو «بوومەلەرزە». ئەوەى کە دەبێت لە هەناوى هەموو قەوارە و سیستەم و دیاردەیەکدا، بوومەلەرزەیەکى پێشوەخت و ناوەکى هەبێت نەهێڵێت توخمە پێکهێنەرەکان و بەرامبەرکێ تۆخەکان و ڕیزبەندییە جێگیرەکان بە ئارامى بمێننەوە. دێرێدا خەونى ئەوەى هەبوو سیستە میتافیزیکییەکان و پاشان سیاسییەکان بەر جۆرێک نائارامیی ناوەکى بکەون و نەتوانن چەق ببەستن. بەڵام ئەمڕۆ نائارامییەکە تاڕادەیەک چووەتە ناو شتەکانەوە، بێ ئەوەى سەربکێشێت بۆ ڕزگارى. جیهان لە خێرایی و جووڵەیەکى بێ‌پێشینەدا دەژى، بێ ئەوەى خەونەکەى دێرێدا هاتبێتەدى. 

ئێستا چاوبڕین لە بوومەلەرزە، هاوشوناسبوونە بە بوومەلەرزەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتییش کە نە هاتووەتە ناو ئاگایی خەڵکەوە و نە بەتەواوى وێناش دەکرێت بۆ مرۆڤى ئەمڕۆ. تەنیا لە ئاماژە شاراوەکانەوە دەتوانین ئەوە هەڵهێنجین کە خواستى بوومەلەرزەیەکى تر، خواستێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و بەهاییە. بۆیە لەبرى ئەو هاوشوناسبوونە، دەکرێت بە پەیڕەوى لە هەڵوەشانەوەگەرایی (دیکەنسترەکشن)ـى دێرێدایی بڵێین: بوومەلەرزەش، خۆى پێویستى بە بوومەلەرزەیەکى ناوەکییە؛ بوومەلەرزە سرووشتییەکە بەهۆى بوومەلەرزەیەکى مرۆییەوە سووڕى ڕاستەقینەى خۆى تەواودەکات. جار هەبووە بوومەلەرزەیەک، مرۆڤەکانى سەردەمێکى خستووەتە بیرکردنەوەوە کە بۆچى ئەمە ڕوودەدات و گوناهمان چیە؟ 

بۆ نمونە بوومەلەرزە گەورەکەى ساڵى ١٧٥٥ـى لیشبۆنەى ئەودەم، کە گوتارى دینیی ئەوکات خرایە ژێر ڕەخنە و ڕامانەوە. لەمڕۆدا کە بوومەلەرزە دیاردەیەکى ڕوون و پشکنراوە، پێویستى بە ڕامانێکى دووجاى ڕوولەخۆیە: بوومەلەرزەیەکى سرووشتى نا کە هەر بینا و بونیادە مادییەکان هەڵتەکێنێت، بوومەلەرزەیەکیش ڕوو لە ناوەوەى دونیاى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى و سیاسیی مرۆڤ بکات و بینا و بونیادەکەى بلەقێنێت؛ بەجۆرێک کە بەهاى نوێ و ئیمکانى نوێ بێنێتەگۆڕێ- یان لانیکەم بمانخاتە سەر ئەوەى شتى وا مومکینە.

بەشێک لە ئاکارى دونیاى ئەمڕۆ، لە میدیا و ژۆرنالیزمدا ڕەنگیداوەتەوە. میدیا بەگشتى ڕووى لە هچ گۆڕانێک نیە، هەواڵدۆزى نەبێت. بەتایبەت ئەم میدیا دیجیتاڵییە نوێیە، تا ئاستى زێدە-تراژیدیا و مەرگسازى، شێتى بینەر و بینینە. یەک لە دیجیتاڵ میدیا سست‌ئاکارەکانى کوردستان، بوومەلەرزەکەى خستبووە ڕاپرسییەوە کە ئاخۆ چەندى تر لە داهاتووى نزیکدا دەمرێت. ئەمە ئاوارتەى ناو میدیاکان نیە، بەڵکو سنورى ئەوپەڕینەى کۆى میدیاى ئەمڕۆیە کە دەبێت یەکێک  بێشەرمانە دەریببڕێت. ئەم جۆرە میدیایە، ین پێویستى بە سانسۆرێکى خێرایە، یان بوومەلەرزەیەکى دیجیتاڵیی ناوەکى کە سەرانسەر پەکی بکەوێت. گەر لەولاوە بوومەلەرزە سرووشتییەکە دەریبخات سیستەمە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکانمان تەواو کێشەدارن، ئەوا هاوکات ژێرخانى ئەو ئاکارەش هەڵدەداتەوە کە میدیاى سیستەمەکەى ڕاگرتووە. دیارە میدیاکە و شێوازى پەیوەندیگرتنى ئەمڕۆ، هاوجەوهەرن لەگەڵ سیستەمە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکەیدا. ئەمیان، نوێنەرەوەى وردەکارییەکانى ئەویتریانە. لەلایەک ڕەتاندنى مرۆڤ، و لەلایەکى تریشەوە کردنەوەى بوار بۆ شکاندنى کۆمەڵێک تابۆ کە بە هیچ شێوەیەک بە ماناى ئازادیی دەربڕین و ڕاى شەخسى نایەت (لە دووەمیاندا، سیستەمى ڕیاکارى لیبراڵى خۆرئاوایی، بوارى بۆ زبڵبێژییەکى زۆرى خەڵکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووەتەوە کە لە خۆرئاواوە ڕەوانەى کۆمەڵگاکانى خۆیانى بکەنەوە- ئیدى لە حیزبییەکى هەمووشتبێژەوە بۆ دژەحیزبیەکى هاوشێوەى خۆى، لە ژنێکەوە کە شێتانە بۆ "مێیەتی”ـی ونبووى خۆى دەگەڕێت تا دەگاتە ژۆرنالیستێک کە بۆ ئەو لایکێک و قوربانییەک یەکسانن بە یەک). هاوشان بەمانەش، پیاوانى سەر بە ئایدۆلۆژیاى بەبەردبووى دینى، هەمان قەوانى کۆن لێ دەدەنەوە: بوومەلەرزە، تووڕەیی خوایە بەرامبەر بە زۆربوونى زینا لە بازە شوێنێک. دەکرێت دەمودەست بڵێین، کارەساتە سرووشتییەکان بەرەنجامى «زینا» نین، بەڵکو دەشێت ڕێگرییەک بن لێى. هێندە بەسە ئەو نمونە سینەماییانە بیرى خۆمان بێنینەوە کە کارەساتێک ڕوودەدات بۆ ئەوەى دوو کەس نەتوانن بچنە پەیوەندییەکى مەحرەمییەوە (جۆرێک لە ڕێگریی فەنتازى لاى یەکێک لە کەسەکان، کە ڕیگرییەکە لە شێوەى کارەساتێکدا دەرەکى بووەتەوە). دەکرێت مرۆ باوەڕدار بێت و دەسبەردارى وردەکارییە پاتۆلۆژییەکانى خورافەیەکیش ببێت.

ململانێى سرووشت و شارستانییەت، شتێکە هەر دەمێنێت. گەر بوومەلەرزە بۆ ئێمە ئاوارتە (زام)ێک بێت، بۆ سرووشت خۆى ڕێسایەکە. سەربارى ئەو بەرەوپێشچوونە زانستییانەى ڕوودەدەن، سرووشت لە ئاستى کارکرددا ڕوونتر و دەستەمۆتر دەردەکەوێت، بەڵام لە ئاستى ئۆنتۆ-سایکۆلۆژیدا ئەو هیستریایە هەر دەمێنێت کە هەمووجار مرۆڤ لە ساتى کارەساتدا بە خۆى دەڵێت «سرووشت لەبەرچى وا دەکات؟». ئەم پرسیارە، هەمیشە لەودیو وەڵامە فیزیایی و جیۆلۆجییەکانیشەوە دەمێنێتەوە بێ ئەوەى دینیش بتوانێت خۆى لەخۆیدا وەڵامى بداتەوە. پرسیارەکە لەخۆیدا کۆتاییدێت و پێشوەخت شکست بە هەموو وەڵامێک دێنێت. لەلایەکى ترەوە، و دەمێکە زۆر توێژینەوە باسى ئەوە دەکەن کە کۆمەڵێک جۆرى گیانلەبەر، لە چەند خولەکێکەوە بۆ چەند کاژێرێک، درکێکى غەریزیی پێشوەختەیان بە بوومەلەرزە هەیە: تێکڕاى هۆکارەکان پێکەوە درەیدەخەن ئەوان لە سرووشتەوە نزیکترن، درک بە سیگناڵى تەقینەوەکانى دەکەن: مەزراى ئاژەڵان ڕاستەوخۆتر گوێ بۆ سرووشت هەڵدەخات تا جڤاتى مرۆیی کە دەبێت هەزار فێڵ‌وفەرەجى زانستى و ناڕاستەوخۆ بخاتەگەڕ. (ڕەنگە بتوانین بڵێین پێچەوانەى ئەو نیشتەجێبوونەى مرۆڤە بەتەنیشت زەوى یان سرووشتەوە کە هۆڵدەرلین و هایدگەر بە نیشتەجێبوونێکى شاعیرانە ناویدەبەن). ئەم دوژمنایەتییە لەوێشدا دەردەکەوێتەوە کە مرۆڤ، ژێر داروپەردوو یان قووڵایی ئاوەکان دەگەڕێت بۆ ئەوەى تەرمى هاوتوخمەکانى بدۆزێتەوە و جارێکى تر بیداتەوە لە فلتەرى کەلتور (ژیانى عورفى)، و لە مەراسیمێکدا بینێژێت. مەراسیمەکە، نەبەخشینى سرووشتە لەوەى کە هەروا ڕاستەوخۆ تەرمەکان لەخۆیدا قوتبدات. کاتێک مردووەکانمان دەبەین بۆ گۆڕستان، ئەو نمایشە دەکەین کە ئێمەش دەسەڵاتی ناشتنمان هەیە لە بەرامبەر کوشتاری سروشتدا. ئێمەش لە ڕێی دابونەریتە کەلتورییەکانمانەوە تۆڵەیەکی ژێرەوانکێ لە سروشت دەکەینەوە.

فیختە، فەیلەسوفى ئایدیالیستى ئەڵمانى، دەڵێت «مرۆڤ بەڕووتى لەدایکدەبێت، بەڵام ئاژەڵ بە پۆشراوى». ئەمە چڕکراوەى ئەو بۆچوونانەیە کە هەر گیانلەبەرێک لە مرۆڤ کامڵتر دێتەدونیاوە، سرووشت جێدەستى ڕاستەوخۆى خۆى لەسەر جێدەهێڵێت، لەکاتێکدا مرۆڤ بە نوقسانى لەدایکدەبێت، لە شێوەى «هیچ«ێکدا؛ واتە بوونەوەرێکە ناوەڕۆکێکى گۆڕاوى هەیە و بەردەوامە لە داهێنانەوەى ئەم ناوەڕۆکە مرۆییەى خۆیدا. سەبارەت بە پەیوەندییەکەش، هەر لەسەرەتاوە سرووشت، پاش لەدایکبوون، بەیەکجارى لە مرۆڤ جیادەبێتەوە. دوورییەکەی مرۆڤ بەوەوە، لە دووریی سرووشت و گیانلەبەران ڕیشەییترە. لە دۆخێکى وادا، مرۆڤ ناتوانێت ئاوڕ لە هیچ هێزێکى ترى سرووشتى و سەروو-سرووشتى بداتەوە، ئەوەى هەیە هاوتوخمەکانى خۆیەتى. بۆیە بەشێکى بنەڕەتیی شەڕى ئێمەى مرۆڤ، لەگەڵ یەکتردایە: شەڕى ئەنتاگۆنیستیی ناو شارستانییەت، یان سرووشتە دووەمینەکەمان (کە ناوێکى ترى شارستانییەتە). لەم سرووشتە دووەمینەدا، ئێمە شوێنەوارى سرووشتى یەکەممان هەڵگرتووە: پاڵنەرەکانمان، شەڕەنگێزییەکانمان، ناهاوسەنگییەکانمان و هتد. بەڵام ئەمانە لەناو کەلتورى سیاسى و کۆمەڵایەتییدا بەرهەمهێنراونەتەوە و کراون بە گوتارى جیاجیا. بەکورتییەکەى، هەر بوومەلەرزەیەک، مرۆڤ ناچاردەکات جارێکى تر بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە لەگەڵ هاوتوخمەکانى خۆى.

سەرەنجام، وانەى شاراوەى پشت هەر بوومەلەرزەیەک، بیرکردنەوەیە لە «بوومەلەرزەیەکى تر» کە شکانەوە بێت بۆ ناو سیستەمە مرۆییەکان. مرۆڤ ئەو شتانەى لێ دەبێتە هەتاهەتایی کە خۆى درووستیکردوون، بەڵام ئاشکرایە هەتاهەتایی نین. زۆرجار لە ناوەڕاستى ژیاندا دەوەستین و بیر لەم ڕاستییە دەکەینەوە، و خەمۆکییەکانمان ڕادەتەکێت- ڕاتەکینێکى ڕاستەقینەتر لەوەى کە لە شۆکى بوومەلەرزە سرووشتییەکانەوە دەکەوێتەوە. ئاگایی مرۆڤ دەرهەق بە سرووشتى یەکەم، بەتەواوى نەگوازراوەتەوە بۆ سرووشتى دووەم. بە دەربڕینێکى تر، مرۆڤ هەمیشە چاوەڕێیە کارەساتێکى سرووشتى ڕووبدات، بەڵام کەمتر و کەمتر چاوەڕێیە سیستەمە درووستکراوەکانى خۆى بلەرزێنێت و بیانگۆڕێت. واتە رێکخستنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خۆی، سروشتیتر لە سروشت وەردەگرێت. ئەو هێشتا لە سروشت ترسنۆکتر و کۆنەپارێزترە. گەر بوومەلەرزە، نەفییەکى دەرەکى بێت و نەچێتە کارلێکەوە لەگەڵ دیوى ناوەوەى ژیانى ئەم بوونەوەرانەى کە بە وتەى فیختە لە «بێ‌پەنایی ڕەها»دا دەژین، بەڵام خۆ دەتوانن نەفییەکە لە دەستى سرووشت بسێننەوە و ڕێژەى ئەو خراپەکارییەى پێ کەمبکەنەوە کە لە ناوەوەڕا دەگوزەرێت.


PM:03:29:08/02/2023

ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی