تەسلیمكردن

‌هیوا جەمال

جگە لە هەندێ حزب و كەسێتیی بەشی بەرچاوی دەستەبژێری حزبیی و رۆشنبیران  بانگەشەی ئەوەدەكەن، هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی نێوەند رێبكەوێت، رێكەوتن واتە رادەستكردن ( تەسلیمكرد)ی، نەوت و گاز و دەروازەكانی سنور و فرۆكەخانەكان، بەڵام ئەوە باشە بكرێت؟

ئێستا دوو بەرە هەن، بەرەیێك نایەوێ هیچ رادەستی حكومەتی نێوەند بكات، بەرەیێكی دیكە دەیەویت هەموو جومگەكانی داهات تەسلیم بكات، لێرەوە نێویان دەنێین بەرەی بەرهەڵستكار و بەرەی تەسلیمكردن.

بەرەی تەسلیمكردن لەژێر سلۆگانی خزمەتی خەڵك، موچەی بەردەوام دەیانەوێت هەموو سەرچاوەكان تەسلیمبكرێن، بەڵام پشتی سلۆگانەكە وەكو ئەوان بیریلێدەكەنەوە لاوازكردنی پارتیە، چونكە بڕوایانوایە پارتی بەهۆی هێزی دراو لەدەسەڵاتە، بەڵام ئەوە ئەرگومێنتێكی وردە؟

بەرەی بەرهەڵستكار، سەرەڕایئەوەی بانگەشەی رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی نێوەند دەكات بەڵام نایەوێ هیچ تەسلیمبكات، لەژێر سلۆگانی ئیرادەی بەهێز  و سەربەخۆیی ئابوریی، بەڵام رێكەوتن بێ تەسلیمكردنی ئەمانە دەكرێت؟

ئەگەر بۆ مێژوی رێكەوتن و گفتوگۆی كورد لەگەڵ حكومەتی نێوەندیی لە عیراق بگەڕێینەوە، یان رێكەوتننەكراوە یان كراوە و جێبەجێنەكراوە، بەڵام بەردەوام كورد پێیەكی لە بەخدابوە بۆ رێكەوتن.

بەدەر لە گوشاری هەرێمیی، جەنگی روسیا و ئۆكراین گۆڕانكاریی لە نەخشەی وزەی جیهان ئەنجامداوە، لەدوای شەڕی داعش، بەمگۆڕانكاریە تازەیەی نەخشەی وزە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە كاراكتەرێكی گرنگی نێودەوڵەتی و جارێكیدیكە لەسەر مێزی وڵاتانی جیهان جێگەی دیاربێت.

هەرێمی كوردستان وەكو كیانێكی نادەوڵەتیی ناتوانێت رۆڵی هەبێت ئەگەر سەرچاوەكانی داهات بەتایبەت وزە ( نەوت و گاز) رادەستی بەخدا بكات.

رادەستكردن واتە جارێكیدیكە ناگەڕێتەوە، ئەوە مانای دەستبڕینی كوردە لەم بەشەی كوردستان، خاڵی گەوهەری و هەنگاوی یەكەمی گەڕانەوەیە بۆ حوكمی زاتی كە حزبی بەعس بەڕێوەیدەبرد.

سەرەڕای ئەوانە، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە، دەكرێت هەرێمی كورستان خاوەنی ئەو سامانە بەنرخەبێت بەڵام ئەو هەزاران كێشەیەی هەبێت؟ بێگومان هەموان دەڵێن نەگونجاوە، بەڵام چاكدەكرێت؟ ئەم پرسیارە لای كۆمەڵێكی بەرچاو، وەڵامەكەی نەرێیە، چونكە ئەزمونی سی ساڵی رابردویان لەبەرچاوە، بەڵام بەبڕوای من دەتوانن چاكیبكەن، ئەگەر حزبەكان متمانە بگەڕێننەوە بۆ خۆیان، مەبەستیانبێت چاكیبكەن، پشكی تێكۆشان و بەرپرسیارێتی لەمەدا دەكەوێتە ئەستۆی حزبی دەسەڵاتدار پارتی دیموكراتی كوردستان و پاشان یەكێتی و حزبەكانی دیكە.

دەبێت بزانن، بەهەموان ئینجا چاكدەكرێت بەڵام بە یێك كەس تێكدەدرێت.


PM:11:16:25/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 4296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی