چاکسازیی حزب یان حکومەت؟

‌ئارام سەعید

ئایا دواکاریەکانی خەلک لە حزبە سیاسیەکان لە ئاستێکدایە بۆیان جێبەجی ناکریت؟ یان پێکهاتەو هەیکەلی حزب بەسەرچوەو دەبێت گۆرانکاری لەکۆی چەمکی پارتی سیاسی بکرێت؟ زۆربەی هاوڵاتیان بێزارن لەحزبە سیاسیەکان رەخنەیان هەیە، هەندێک دەڵین پەیوەندی بە جیاوازی بیرکردنەوە هەیە، ئەوانی تر دەڵێن  هەڵسوکەوتی ئەندامانی حزبە ئەو بیزاریە دروست دەکا ت!   یان باوی حزب نەماوە، ئەگەر وایە ئەی بژاردە چیە؟  لەگەڵ ناڕازیبونی هاوڵاتیان بەڵام حزب هەربەردەوامە لە کارکردن چونکە ئەو ئەرکانەی حزب لە کۆمەڵگادا دەیکات گرنگن پێویستە لەهەموو وڵاتێکدا پارتی سیاسی هەبێت و هێشتا بەدیلێک بۆ حزب نیە، جا باش بن یان خراپ، رەنگە حزب بە هەیکەلی جیاوازەوە هاتبێتە مەیدان، رەنگە بێئومێدی هەبێت لەچاکسازی ناو حزبەکان بەڵام بژاردەیەکی تر نیە جگە لە حزب بۆ بەشداری هەڵبژاردن وحوکمڕانیکردن یان ئۆپۆزیسیۆن بوون.

ئەم رەخنانە لەحزب تەنها لە کوردستاندا نیە بەڵکو کێشەیەکی جیهانیە، هەرچەندە نمونەکانی حزب لە کوردستاندا لەکەم وڵاتی دونیادا بونیی هەیە، ئێستا جۆری تر لە حزب دامەزراوەو توانیویەتی هەلبژاردن بەرێتەوە، ئەوانیش ئەو حزبانەن کە پشت دەبەستن بە سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆژیای نوێ، ئینتەرنیت و ئامرازەکانی سۆشیاڵ میدیا کەدەرفەتێکی گەورەی داوە بەخۆرایی پەیوەندیکردن هەبێت بێ سانسۆر و بەمەش رێگایەکی تر دۆزراوەتەوە بۆ حزبایەتی کردن کە جیاوازە لە حزبە تەقلیدیەکان بۆ نمونە پارتی پێنج ئەستێرەی ئیتالیا زۆرترین کورسی پارلەمانی بەدەستهێنا کە حزبێکە زۆربەی کارەکانی بە ئینتەرنیت و سۆشیاڵ میدیایە، بەڵام هێشتا ئەوەش لەهەندێ وڵات سەرکەوتو نەبوە بەتایبەتی ئەوانەی قەدەریان وایە کە هەر دوو حزب کێبرکێ بکەن وەک بەریتانیا و ئەمریکا.

حزبەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا یەکێکە لەو پارتە نوێیانە، فولدیمیر زیلینسکی کە بوە سەرۆکی ئۆکرانیا زۆربەی هەڵمەتەکانی لەرێگەی ئینتەرنێتەوە بوو، پارتی سەرۆکی نوێی سلۆڤاکیا، ترەمپ زۆربەی هەڵمەتەکانی لەرێگەی تویتەرەوەبوو، ئەم سەرکردانە بەهۆی بەهێزبونیان لە سۆشیال میدیا ئەتوانن زۆر جار لەپشت حزبەکانییشیانەوە کاربکەن و خۆیان بسەپێنن و حزب نەتوانێت دەستبەرداریان بێت، لەناو ئەم نمونانەدا زۆر سەرکردەی پۆپۆلیستی هەیە کەزیانی گەورە بە دیموکراسی دەگەیەنن وەک دۆناڵد ترەمپ. لە ئایسلەندا، ئەرژەنتین،هیندستان، زۆرن ئەو وڵاتانەی نمونەی هەلتۆقینی حزبی نوێی تێدا رویداوە. لە کتێبی "دیموکراسی چۆن ئەمریت" نوسەرانی ئەو لێکۆڵینەوە گرنگە دەڵێن کاتێک سیاسی تازە هەڵدەتۆقێ ئەوە دەبێت لۆمەی حزبە سیاسیەکان بکەین کە نەیانتوانوە لە هەلبژاردنی کاندیدەکانیاندا مۆفەق بن.  

دیموکراسی پێویستی بە پارتی سیاسی هەیە، پێچەوانەکەشی راستە دیکتاتۆریش حزبی سیاسی هەیە، کەواتە ئەوە پارتە سیاسیەکانە ئاراستەی ژیان و وڵات دەگۆڕن. هەرئەوانن دەتوانن ژیانێکی خۆشگوزەران فەراهەم بکەن یان جەهەنەمێک وەک ئەوەی کوردستان دروست بکەن، لەسیستمی دیموکراسیدا کۆمەڵیک دامەزراوە هەیە لەگەڵ چەند یاسایەک کە هاوڵاتیان لەرێگەیەوە سەرکردەکانیان هەڵدەبژێرن و دەتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن، هەربۆیە ئەگەر لە پارتی سیاسیدا ئەم پرەنسیپانە نەبێت ئەوا ئەستەمە سیستمی حوکمڕانیی بەرپرس و دادپەرەوەر دروستبکرێت، پەیوەندی هاوڵاتی و حکومەت پەیوەندیەکی راستەوخۆ نیە بەڵکو لەرێگەی پارتە سیاسیەکانەوەیە، ئەوان نوێنەر دادەنێن بۆ پارلەمان وبانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و دواترئەوان حکومەت پێک دەهێنن. هەر حزبەکانیش دەبێت وەڵامی داواکاری دەنگدەران بدەنەوە.

لەهەرێمی کوردستاندا دەستنیشانکردنی پاڵیوراوان بۆ پۆستە سیاسیەکان و وەڵام دانەوەی پارتە سیاسیەکان بۆ دەنگدەران ئیدارەیەکی خراپی هەیە و تەنانەت بە پرس و ڕای ئەندامانی حزب ناکرێت. لەکاتی هەڵبژاردنیشدا زیاتر پشت دەبەستن بە دروستکردنی رق وکینە بەرامبەر یەکتروەک لەوەی کێبڕکێی پرۆژەی گرنگ و خزمەت بێت بۆ هاوڵاتی، هەمیشە دابەشبونێک هەیە بەسەر دوو بەرەی یەکێتی و پارتیدا کە زیاتر کار لەسەر لەناوبردن و تێکشکانی یەکتر دەکەن، پارتی سیاسی لەجیاتی ئەوەی ببێتە رێکخراویکی بەهێز بۆ بەستنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت بونەتە پاریزەری چەند سەرکردە و رێکخراوی سیاسی و سەرقاڵی کێبڕکێی سیاسین بۆبەرژەوەندی بنەماڵەکانیان. ئایا قەدەری کوردستان وایە کە جێی حزبی سێهەم نەبێتەوەو وا دیزاین کراوە هەر لەنێوان یەکیتی و پارتیدا بێت و بژاردەی تر نەبیت؟ یان بژاردەی سێهەم دروست دەبێت! کە پێشترئەویش تاقیکرایەوەو گۆڕان ئەو بژاردەیە بوو بەڵام بەردەوام نەبوو، چونکە نەیتوانی بە ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوەو پەلەی کرد لەچونە ماشێنی دەسەڵاتەوە، ئەوەش بووە مایەی بێ ئومێدبوونێکی درێژخایەن لە هێزی سێهەم.

حزبەکان دەیانەوێت حوکم بکەن وهەموو شت دەکەن بۆ ئەوەی لە حوکمدا بمێننەوە، بەڵام خەڵک چارەسەری کێشەکانی دەوێت،  کەواتە ئەوەی دەبێت چاکسازی تێدا دەست پێبکات بەپلەی یەکەم حزبەکانە، یاسای پارتە سیاسیەکان بگۆردرێت و رێگە بە ئەرکی چاودێری بدرێت لەلایەن پارلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای ئازادەوە، چوارچێوەیەکی یاسایی و دارایی دابنریت بۆ کاریان کە سەربەخۆییان بپاریزێت و زامن بکرێت. ئەوە خاڵێکی ستراتیژیە بۆ چاکسازیی. لەمەودای دووریشدا پێویستە پێداچونەوە بەهەیکەلی دامەزراوەیی حکومەت و سیستمی هەڵبژاردن بکرێت، دەستور لەسەر ئەو بنەمایە دابنرێت.


PM:09:33:22/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 2496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی