ریفراندۆم: خەون لە کاتێکی هەڵەدا

‌بابەکر درەیی

پێنج سال پێش ئەمڕۆ، ریفراندۆم بە رابەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا.. جێی خۆیەتی لێرەدا سەرنجی خۆمان لە بارەیەوە بنوسین:

یەکەم: ریفراندۆم وەک پرەنسیپ بنەمایەکی سەرەکیە بۆ کردەی دیموکراسی و تێگەیشتن لە مەیل و  دیدگای خەلک،  هەنگاوێکە بۆ ساغکردنەوەی کێشە ئالۆزو هەستیارەکانی کۆمەڵ و بەلاداخستنیان بە شێوازێکی ئاشتیانە... لەو تێروانینەوە ریفراندۆم مافێکی دیموکراتی و ئامرازێکی مۆدێرنە بۆ گشت ئەو گەل و نەتەوەو گروپە سیاسی و کۆمەلایەتیانەی دەیانەوێ پشتی پێببەستن.

دوەم: سودوەرگرتن لەم مافەو بەکارهێنانی ئەم ئامراز و پرەنسیپە، پەیوەستە بە کۆمەڵێک پێشمەرج و زەمینەسازیەوە کە بێ رەچاوکردنیان ئەگەر هەیە لە بری قازانج و پاراستنی بەرژەوەندی یاخود دەسگەیشتن بە مافێکی باڵاتر، زیانی لێبکەوێتەوە...

سێهەم: لە ریفراندۆم ی 25ی 9ی 2017 ی کوردستاندا رێک ئەوە رویدا کە سەدان کەسی رۆشنبیرو سیاسی و تەنانەت خەلکی ئاسایی پێشبینیان کردو بە ئاشکرا و لە میدیاکانەوە رای خۆیان ئەگەیاند:  ئەوترا کە:

1. هیچ پشتیوانیەکی جیهانی بۆ ریفراندۆم لە ئارادا نیە.

2. دوژمنایەتیەکی قوڵی ئیقلیمی دژی ریفراندۆم بە ئاشکرا لە لایەن ئێران و تورکیا و عیراقەوە رادەگەیەنرێت.

3. بەرەی ناوخۆیی تا بڵێی لاوازە و پەرلەمان پەکخراوە و حزبی ئۆپۆزیسیۆن  کراوەتە دەرەوەی گەمەی سیاسیەوە.

4. لە ئاستی ئامادەکاری سەربازی و ئابوری و تەکنەلۆژیدا کوردستان لاوازە و توانایی بەرگری نیە....هتد

بەڵام سەرباری ئەوانەش بریاردەرانی ریفراندۆم پاشەکشەیان نەکردو ئەوەی خەونیان پێوە دیبو لێیان بو بە راستی.
لەو پێودانگەوە بۆ نرخاندنی مێژویی ریفراندۆم پێویستە چەن هەنگاوێکی زانستی بنرێت:

یەکەم : راپرسی لە کۆی هاوڵاتیانی ئەو ناوچە کوردستانیانە بکرێت کە بە هۆی ریفراندۆمەوە کەوتنەوە بن دەست و دەسەلاتی حکومەتی ناوەندی، گەر لە دۆخی ئێستایان نارازی بن مانای وایە ریفراندۆم بۆتە مایەی زیانبەخشین بە پەنجا لەسەدی خاکی کوردستان و دانیشتوانی ناوچەکانیان.

دوەم: لێکۆلینەوەی مەیدانی سازبدرێت سەبارەت بە کۆی زیان و قازانجەکانی ریفراندۆم لەسەر زەوی واقع:  قازانجەکانی ئەم پرۆسەیە چی بوە لە ئاستی ئابوری، خاک، شەهید و برینداری پێشمەرگە، و سوتانی زەویوزاری خەلک.. و دواخستنی کۆی پرۆسەی سیاسی خەلکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئارامتر و ئاسودەتر،

ریفراندۆم بەکارهێنانی پرەنسیپێکی راست بو لە شوێنکاتێکی هەڵەدا.. جێبەجێکردنی خەونێک بو کە نەکرابوە بەرنامەیەکی دارێژراو و  دیراسەکراوی عەمەلی و مەیدانی..  هەوڵێک بو بۆ شکاندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی پێش ئەوەی ناسیونالیزمی کوردی خۆی ڕێکخستبێ.. پەلامارێک بو بێ ئەوەی ئامرازەکانی پەلاماردان هیچیان لەئارادابن..

نیەتی بریاردەرانی ریفراندۆم (بە تایبەت سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەرچیەک بێت، لەو راستیە کەمناکاتەوە کە ریفراندۆم پرۆسەیەکی سودبەخش نەبو، و زیانی زۆری لە پێگەی کورد وەشاند، رەنگە  رابەرانی پشت ریفراندۆم بە نیەتی باش و بە ئیمانی دروست و دلسۆزانەوە بۆ گەلی کورد  ئالای ریفراندۆمیان بەرزکردبێتەوە، بەلام مێژو پێمان دەڵێ زۆربەی کات، کارەسات و تراژیدی و هەڵەی نەبەخشراو لە ژێر سەری ئەو نیەتە باشانەوەیە کە مرۆڤەکان بێئەوەی خۆیان پێبزانن دەبنە ئامرازێک بەدەس خەون و خەیاڵ و دیدگا سیاسیەکانی دەرونی خۆیانەوە.


PM:01:32:25/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی