دیاریەک بۆ نەورۆزی ئەمساڵ

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

نەورۆزێکی تر هاتەوەو و هێشتا بێ دەوڵەتی، پەرتەوازەیی نێو ماڵەکەمان، بەرزکردنەوەی دروشمی پۆپۆلیستی لەژێر چەتری درۆزنانەی ئۆپۆزسیۆن، دەست بادان و ڕقی بێ بنەما، لەگەڵ هەموو نەورۆزێکا بەردەوامە.

ئەزانم هەندێک کەس کە ئەم قسانە ئەخوێنێتەوە لەوانەیە بڵێن: سیاسەت بە ئایداڵیستی (مثالیات) ناکرێت. ئەم قسەیە ڕاستە. بەڵام سیاسەت لوتبەرزی وبێ موبالاتی و ڕق و کینەو  بە درۆو دەلەسە و ساختەچێتیش ناکرێت. دواجار ئایا ئەم قسانەی ئێمە ئەیکەین میسالیاتن؟… یەعنی یەکتر قوبوڵکردن و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بوون لە پێناو بەرژەوەندی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان میسالیاتە و ئەوە ندە ئیشێکی قورسە؟… 

واز لە دابەشکردنی نەوتی سپی، نەبوونی کارەبای ٢٤ سەعاتی، ڕێگەوبانی باش و دواکەوتنی مووچەش بێنە. ئەوەی کە نە تەکنۆلۆژیا و نە پسپۆڕی و نە پارەشی پێویستە، یەکڕیزی نەتەوەییە لە هەرێمی کوردستان. پرسیاری ئەمساڵی نەورۆزیش وەک هەموو نەورۆزەکانی ڕابوردوە: ئەبێت چەند ساڵ بەسەر تەمەنماندا تێبپەڕێت؟… ئەبێت چەند نەوەی کورد دروست ببێت و دیسانەوە ئەم کۆمەڵگە دابەشبوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە میللەتێکی یەکگرتوو؟… هەتا کەی ئەم چیرۆکە ڕەزاگرانە خۆی دوبارە و چەند بارە ئەکاتەوە؟… 

ساڵی نوێی کوردەواری لە میللەتی کورد پیرۆز بێت، خاکی پیرۆزی کوردستان هەر ئاوەدان بێت.

 گۆرانی (زام) کە بەرهەمی دیاری قەرەداخیە، دیاری  منە بۆ نەورۆز و پێشکەشە بەو کەسانەی کە دژی داگیرکەرانی کوردستان و دووبەرەکی ناوخۆمانن… پێشکەشە بەو سیاسیانەی کە جورئەتی ئەوەیان هەیە  شەیدای سەربەخۆیی بن و نەفرە ت  لە دووبەرەکی بکەن.



AM:11:06:21/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 1484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی