دیسانەوە خۆپیشاندان

‌مەریوان وریا قانیع

تێزێکی کۆمەڵناسانەی سادە ھەیە باس لەوە دەکات مرۆڤ بەرھەمی ئەو ژینگە تایبەتەیە کە لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و دەمرێت. ئەو ژینگەیە دەستنیشانی ئەوە دەکات ئەو کەسە چۆن بیربکاتەوە، چاوەڕوانی چی بێت، چۆن ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە مۆنتسیکیو (١٦٨٩-١٧٥٥)، گەورە نووسەری فەرەنسیی، پێ لەسەر ئەم ڕاستییە سادەیە دادەگرێت. ئەو پێیوایە ئەوە دەزگاکانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن و چی بێت؟ دەزگا گەورەکانی وڵات، دەزگاکانی حوکمڕانیی، دەزگاکانی پۆلیس، دەزگاکانی سیستمی داوەریی، دەزگاکانی خوێندن و فێربوون، وادەکەن جۆرێکی تایبەت لە خەڵک بە جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیا و ویست و خەون و چاوەڕوانیی و کردە و کاردانەوەی تایبەتەوە لەدایکببن. ئەم دەزگایانەش ھەڵگری جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیاتن و ئەو ئەخلاقیاتەش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا مرۆڤ چۆن سەیری خۆی و چۆن سەیری ئەو دەزگایانە بکات.


سەدەیەک دواتر ئەم دیدەی مۆنتسیکیو لای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەگۆڕێت بۆ تێزێکی تازە کە ھەمان ناوەرۆک بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوتر، نمایشدەکات. مارکس پێیوایە ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، ئەوەی ئاکار و سایکۆلۆژیا و خواست و چاوەڕوانییەکی تایبەت بە مرۆڤ پێدەبەخشێت، دەزگاکان نیین بەتەنھا، بەڵکو ئەو ھەلومەرجە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە کە خودی دەزگاکانیش لەناویاندا دروستدەبن. لای مارکس شێوازی بەرھەمھێنانی ئابوریی و جۆری ئەو ھێزانەی لە بەرھەمھێناندا بەشدارن، دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە و ھەست بەچی بکات و بشتوانێت لە ڕووی مێژووییەوە چ کردەیەک ئەنجامبدات.  ئەوەی مارکس ئەنجامی ئەدات، وەک ئاریک فروم دەڵێت، شیکردنەوەیەکی قووڵتری دەزگاکانە، نیشاندانیانە وەک شتێک کە لەناو شێوازی بەرھەمھێنان و لەناو ھێزەکانی بەرھەمھێناندا، دروستدەبن و بەمەش پێماندەڵێت مرۆڤ ھەمیشە لەناو مێژوویەکی کۆنکریت و ژینگەیەکی دیاریکراوادا دەژیی و بیردەکاتەوە، نەک ئەوەی غەریزە یان ئاکارێکی نەگۆڕیی ھەبێت و ئەو غەریزە و ئاکارە نەگۆڕانە ئاراستەی بکەن. بۆ نموونە ھەلومەرجی ئابوریی و شێوازی بەرھەمھێنان و مەسرەفگەراییی ناو سەرمایەدراییە، وادەکەن حەز و ئارەزوی گەورە لە ئینساندا دروستببێت بۆئەوەی شتومەکی زۆر و زیاتر، شتومەکەی تازە و گرانبەھای ھەبێت. ئەوە سەرمایەدارییە وادەکات مرۆڤ مەسرەفگەر و پارەدۆستبێت. بەڵام لە شوێنێکدا کە سەرمایەداریی بوونی نەبێت، یان بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە بەھێزنەبێت، ئەو حەزە گەورەیە بۆ ھەبوونی شتومەکی زۆر و بۆ کەڵەکەکردنی پارە و مەسرەفگەرایی بوونی نابێت، ڕەنگە پێچەوانەکەی ئامادەبێت، واتە خەڵک زیاتر بەرەو زوھد و ڕقبوونە لە سەروەت و سامانی دنیایی بڕۆن.

من ئەم ڕاوڕێویە تیورییە سادەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە تا جارێکی تریش لەو ڕاستییە سادەیە کە نزیکەی سێ سەدەیە زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان پێماندەڵێن ئاگاداربین، ڕاستییەک شێماندەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دروستدەکات و ئاکار و زمان و سایکۆلۆژیایەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، ئەو ژینگەیەیە کە لەناویدا دەژیی، ئەو ناوەندە ئابوریی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە دەبێت بە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و چاوەڕوانیی و خەونبینینی کەسەکان.

 ئێستا گەر لەو پێدراوە تیورییەوە بپەڕینەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیریەکی سادەبکەین و بڵێین ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر دونیای سایکۆلۆژیی و چاوەڕوانیی و دید و ڕا و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵک دەستنیشاندەکات، ئەو ژینگە ئابوریی و سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییەیە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە. ژینگەیەک بە ڕاپەڕین دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی دوێنێش لە ژمارەیەکی بەرچاوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بە گرتنی دەیان و سەدان کەسی ناڕەزاییدەربڕ دەگات. دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەناودا بڵاودەکرێتەوە و ھێزی چەکداریش مەودای جوڵە و قسەکردنیان لێدەسێننەوە. 

ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ساتەدا ئامادەگییەکی ناوەکیی گەورەیان بۆ ناڕەزاییدەربڕین و بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تێدادروستبووە و تێدایە، پەیوەندیی نییە بە بوونی غەریزەیەکی کوردانەوە بۆ یاخیبوون، پەیوەندیشی بەوەوە نییە خەڵک لە دەرەوەوە ھانئەدرێن بۆ ئەوەی بە گژ ئەو دەسەڵاتە ”نیشتیمانپەروەرە" ”خۆماڵییەدا بچنەوە کە چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی بە ”قارەمانێتی" و ”دڵسۆزی خۆیان" دروستیانکردوە و دەیپارێزن، پەیوەندی بەوەشەوە نییە چەند ڕۆشنبیرێکی ئانارشیست خەڵکیان لە خشتەبردوە و دۆخێکیان دروستکردوە ھیچ کەسێک بە ھیچشتێک ڕازینەبێت. ھەموو ئەم جۆرە لێکدانەوانە ھەڵاتنێکی نابەرپرسیار و گەمژانەیە لە ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو دۆخی ناڕازیبوونە سەرتاسەرییەی ھەموو ھەرێمەکەی تەنیوەتەوە. ناڕەزایی بەرامبەر بە حوکمڕانی چەند خێزانێکی سیاسیی و ئەو نوخبە گەندەڵ و بچووکەی بەدەوریاندا دروستکراوە، ناڕەزایی لە سیستمە سیاسیی و ئابورییە قۆرخکراوەکەیان، لە سیستمە بیرۆکراسییە بەحیزبیی کراوەکەیان، لە سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستیی کە لۆژیکی پارەپەیداکردن دەیانباتبەێڕوە، ناڕەزایی لە سیستمی داوەریی کە لەساتە گرنگەکاندا بۆ گرتن و ڕاونانی ئەوانە کاردەکات، کە شتێکی جیاواز لە قسەی خێزانە حوکمڕانەکان دەڵێن، ناڕەزایی لەو مۆدێلە حیزبییەی کە وایکردوە حیزب ببێت بە گەورەترین سەرمایەدار لە وڵاتەکەدا و لەزۆر سەرەوە دەوڵەمەندتر لە خودی دەوڵەت خۆیشی، ناڕەزایی  لەو ھێزە چەکدارانە کە بە ئەمری ئەم یان ئەو بەرپرسی حیزبی دەجوڵێنرێن و دەکرێن بەگژی ئەوانەدا زەوقی ئەو بەرپرسە وەک نەیار پێناسیان دەکات. خۆپیشاندان لە ھەرێمدا ئەم دۆخە پڕ قەیران و پڕکێشە و پڕمەترسییە دروستیدەکات. دەشێت ئەوانەی بانگێشەی خۆپیشاندان دەکەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی کە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرھمدەھێنێت، نەگۆڕە و بەردەوامی ھەیە. خۆپیشاندان دیاردەیەکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییە. ئەوەی خەڵک والێدەکات ناڕازیبن و ڕێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵکو پاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە. ئەو دونیایەیە کە بە تۆڕێکی گەورە لە گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی و بە دنیایەک بڕیاری نابەرپرسیار و بە تەماحی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی قۆرخکارانە، دروستکراوە.

ئەم دۆخە تاریکە بە ئاستێک گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەنگدانەکان نەکەن، کەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بە ڕزگارکەر و بە کەسێکی بزانن سەدانجار لە حوکمڕانانی ئەمڕۆ باشتر.
پێویستە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە نەخۆشە ئەم ڕاستییە زۆر زۆر سادەیە زۆرباش بزانن: ئەوەی خەڵک بەوانەوە دەبەستێتەوە، نە ڕێز و پێزانینە، نە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، نە کۆمەڵێک پرنسیپی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، بەڵکو ڕقە، ڕقە لە ھەموو شێوەکانیدا: ڕقی سیاسیی، ڕقی ئەخلاقیی، ڕقیی ئابوریی، ڕقیی دەزگایی، ڕقیی بنەماڵەیی، ڕقیی فیکریی. کەڵەکەبوونی ئەم ھەمو ڕقە ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ تەقینەوەی گەورە و خوێناویی لە ئایندەدا.

لە درەو میدیا وەرگیراوە


PM:08:23:07/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی