خورافەتی دادگای ئازاد و ئەفسانەكانی تر...

‌مەریوان وریا قانیع


یەكێك لە درۆ ھەرە گەورەكانی ناو ئەو حوكمڕانییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستكراوە باسكردنی ئازادییە. ئازادیی لەم ھەرێمەدا ھەرچیەك بێت،  پرنسیپێكی سەرەكییە نییە كە ئەزموونی حومكڕانییەكە و ئەخلاقی ھێزە سیاسییەكانی و ھەڵسوكەوتی بنەماڵە حوكمڕانەكان دەستنیشانبكات.  جگە لە شتێكی كەم لە ئازادیی نووسین و بڵاوكردنەوە كە  لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە ژێر ھەڕەشە و فشاردایە و  دەیان  لەمپەری گەورەی بۆ دروستكراوە، ھیچ فۆرمێك لە فۆرمەكانی تری ئازادیی بوونی نییە. نە ئابوریی ئازادە، نە میدیا ئازادە، نە دەزگا بیرۆكراسییەكانی دەوڵەت ئازادن، نە كۆمەڵگای مەدەنیی ئازادە و نە دادگاكانیش.

لە ڕاستیدا شتێك بەناوی ئازادییەوە لە خەیاڵ و عەقڵیەتی سیاسیی خێزان و بنەماڵە حوكمڕانەكانی ھەرێمدا بوونی نییە. ئەوەی ھەیە و لەئارادایە پرۆژەی بەڕەعیەتكردنێكی تەواوی سەرجەمی كۆمەڵگاكەیە لە بەردەم دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە سوڵتانیانەدا، كە لەسەرێكەوە بەتەمان تا ڕۆژی قیامەت حوكمڕانبن و لەسەرێكی دیكەشەوە تا دێت ململانێی ناوەكیی نەوە گەنجەكانیان، ناشیرینتر و ملشكێنتر و ترسناكتر دەبێت. 

بێگومان بڕ و ڕادە و شێوازی كۆنترۆڵكردنی ھەر یەكێك لەو بوارانەی ھێمامان پێكردن جیاوازە، ھەریەكێكیان بە شێوازی جیاواز دەستیان بەسەردا گیراوە و بە میكانیزمی تایبەتیش كۆنترۆڵكراون، یەكێكیان لەویتریان زیاتر و توندتر جڵەوكراوە. 

لە ھەمووان كۆنتڕۆڵكراوتر سێ بواری سەرەكیی ژیانن لە ھەرێمەكەدا. یەكەمیان كۆنترۆڵكردنی ئابورییە، كە بە پلەی یەكەم ئابوریی نەوت و وزەیە، تێكەڵ بە ئابوریی بازرگانی قاچاخ و ناقاچاخ لە ھەرێمەكەدا. دووھەمیان، دەزگا بیرۆكراسییەكانی دەوڵەت خۆیەتی كە لە دامەزراندنی سادەترین كارمەندەوە تا دامەزراندنی گەورەترینیان، بە شێوەیەكی سەرتاسەریی كۆنترۆڵكراوە. سێھەمیشیان كۆنترۆڵكردنی سیستمی داوەریی و دادگاكانە. ئەمەی دواییان بۆ دوو مەبەست.  لە سەرێكەوە بۆ پارستنی حوكمڕان و دارودەستەكەیان لە ھەر لێپریسنەوەیەكی یاسایی. لەسەرێكی دیكەوە بۆ دادگاییكردنی ھەر كەس و ھێز و لایەنەێك بیانەوێت تۆمەتباری بكەن و لە زیندان توندیبكەن. سیستمی داوەریی لە ھەرێمدا بە ھیچ مانایەك و لە ھیچ شێوەیەكەدا ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری تایبەتی خۆی نییە،  حیزب و بنەماڵە سیاسییەكان تەواو كۆنترۆڵیانكردوە و بەوشێوەیە ئاراستەی دەكەن كە دەیانەوێت. 

كۆنترۆڵی ئەم سێ پێگە سەرەكییە، ئابوریی و بیرۆكراسیەت و اوەریی، ئاكاری ژمارەیەكی ئەو سیستمە سوڵتانییەیە لە ھەرێمەكەدا دروستكراوە. ئەوەشی ئەم سیستمە دەپارێزێت ئەو سوپا و ھێزە ئەمنیی و گروپە بەڵتەجییە تایبەتانەیە، كە بنەماڵە سیاسییەكان بۆپاراستنی خۆیان و دەسەڵاتەكەیان، دروستیان كردوە. 

ئەوەی لێرەدا مایەی گریان و پێكەنینە ئەوەیە سەرە گەورەكانی ناو ئەم بنەماڵانە، كە دەسەڵاتدارە تاكڕەوەكانی ھەرێمن، وا دەزانن كەس ئەو وێنە ناشیرینە نابینێت، وادەزانن ھەم خەڵكی كوردستان و ھەم دونیای دەرەوە وەك پاڵەوانی بونیادنانی دیموكراسیەت و قارەمانی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، دەیانبینن. كەی كێشەیەكیش دروستبوو ئەوان ھەم خۆیان و ھەم نوێنەرەكانیان دەتوانن بە دەركردنی یەك دوو بەیاننامەی پڕ لە درۆ، جەوھەرە ناشیرن و ترسناكەكانی حوكمڕانییەكەیان بشارنەوە. ئەم خورافەتە تا دێت ھەم لەبەرچاوی خەڵكی كوردستان و ھەم لەبەرچاوی دونیای دەرەوە ناشیرینتر و قەبیحتریان دەكات. 

ئێستا ئیتر ڕەخنەكان تەنھا لەلایەن  چەند ڕۆژنامە و سایتێكی ئەلكترۆنی و ڕۆشنبیر و چالاكەوانێكی ناوەكییەوە سەرچاوەناگرن، بەڵكو پەڕیوەتەوە بۆ ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانەش كە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە ھەرێم دەپارێزن، دوای پەڕینەوەیان بۆ لای دەیان ئۆرگانی نێودەوڵەتی گرنگ كە لە جیھاندا  بەرگریی لە ماف و ئازادییەكان دەكەن و بەگژ گەندەڵیی و دزیی و جەردەیدا دەچنەوە. ئەم دۆخەی لەمڕۆدا دروستبووە گەورەترین ھەڕەشەیەكە لە ڕۆژی دروستبوونییەوە لەسەر ھەرێم  و دانیشتوانەكەی دروستبووبێت . زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكەوانەكانی بادینان لەڕێگای دادگاوە، ئەو مۆدێلە ”تازە - كۆنە"ی مامەڵەكردنی كۆمەڵگایە، كە شەرمی تەواوەتی لەوە شكاوە ناشیرینەكانی ببینرێن، باكی بەوە نییە دۆست و دوژمنەكانی وەك خراپەكارێك باسیبكەن، ھەم دۆر بۆ خۆی و ھەم درۆ بۆ كۆمەڵگاكەی و ھەم درۆ بۆ جیھان دەكات. ئەم شەرمشكنە ھەمەلایەنە، ئەم پیشەسازیی درۆكردنە و ئەم گەمژەییە سیاسییە ھەمەلایەنە، سەرەتای دروستكردنی جەھەنەمێكی نوێیە، جەھەنەمێك ئەمجارەیان ئاگرەكەی  ھەمووان بەیەكەوە دەسوتێنێت.


PM:03:37:08/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی