به‌دحاڵیبونه یا بوختان، یانه‌خۆ كینه‌ی ره‌ش .!؟
عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف
وه‌ڵامێك بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك خالید ره‌زا
پێشه‌كی:
من نه‌مده‌ویست ئه‌م وتاره له‌دایك بێت، به‌ڵام زۆرێك له‌هاوڕێكانم پێیان باش بوو له‌به‌ر متمانه‌و حورمه‌تی قه‌ڵه‌م‌و نوسین، بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان‌و ئاشكراكردنی بوختان‌و درۆی گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، بۆ ئه‌رشیف‌و ئاینده ئه‌بێت وه‌ڵام بده‌مه‌وه.
كاتێك كه‌سێك هه‌زاران وشه‌ی درۆ و بوختانت به‌بێ هۆ راسته‌وخۆ ئاڕاسته ده‌كات، حه‌تمه‌ن وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌زاران وشه‌ی تری ده‌وێت، بۆیه له تولانی نوسینه‌كه بمبه‌خشن.
"پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕ"
ده‌سته‌كانی پێشمه‌رگه‌و كاره‌كته‌ره‌كانی شۆڕشی نوێ، تێكه‌ڵه‌یه‌كی ناجۆرو ناهارمۆنی جیاوازبون له‌هه‌ر گروپ‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌كیتر كه هه‌ندێك پره‌نسیپی پێكه‌وه‌بون بۆ ئامانجێك كۆیان ده‌كاته‌وه. بۆنمونه له ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌تا مه‌فره‌زه‌یه‌ك كه بچوكترین ئۆرگانی پێشمه‌رگایه‌تی بوو، دكتۆر، موهه‌ندیس، جوتیارو نه‌خوێنده‌وارت پێكه‌وه تێدا ده‌بینی.
كه‌سانێك به‌بیروباوه‌ڕ، هه‌ندێك به‌سیله‌ی ره‌حم‌و هه‌ندێك له‌تاو گۆلبڕین‌و یان پیاوكوشتن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕ بۆ خۆبه‌خێوكردن‌و بژێوی ژیان هاتبون.!
پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕ، ئه‌وانه‌بون به‌هۆی خزمایه‌تی یان خزمه‌تكردنی مه‌سولێكه‌وه له‌شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سوله كارێكی ناو مقه‌ڕه‌كه‌یان پێ ئه‌سپارد، ئه‌م ته‌رحه له پێشمه‌رگه به‌سیله‌ی ره‌حم بوبێ یان بژێوی ژیان ئیتر له‌و مه‌سوله دورنه‌ئه‌كه‌وتنه‌وه‌و موچه‌یه‌كی مانگانه‌یان بۆ ده‌بڕایه‌وه‌و جێگه‌ی خواردن‌و خه‌ویان مسۆگه‌ر ده‌كرد، مه‌گه‌ر له‌ڕاوا ده‌نا له‌دوریشه‌وه ده‌نگی ته‌قه‌یان نه‌ده‌بیست.! له شۆڕشدا ناویان لێنابون "هاوڕێ توش بو" چونكه به‌هۆی خزمایه‌تیه‌وه نه‌ك به‌ویستی خۆیان توشی ئه‌و چاره‌نوسه ببون.
خالید ره‌زا به‌هۆی ئامۆزایه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م ته‌رحه پێشمه‌رگانه‌ی مقه‌ڕ بوه‌و كاری وه‌رگرتنی بروسكه‌ی بیسیمه‌كه‌ی مقه‌ڕ بوه‌و هیچیتر، كه چۆته ده‌وره‌ی كرماشانی ئێرانیش به‌هۆی خزمایه‌تی‌و بۆ هه‌واگۆڕین چوه! چونكه ئه‌و ده‌وره‌یه بۆ چه‌كی دژه ده‌بابه‌و دژه ته‌یاره بوو، ئێ خۆ ئه‌ویش له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا، نه‌پێش ده‌وره‌و نه‌دوای ده‌وره، ده‌بابه‌و ته‌یاره‌ی به‌چاوی خۆی نه‌بینیوه هه‌تا ئه‌و هونه‌ره‌ی له‌چه‌كی دژه تانك‌و ته‌یاره‌دا له‌ده‌وره‌ی كرمانشان فێری بوه تاقی بكاته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر وانیه با به‌درێژایی پێنج ساڵی پێشمه‌رگایه‌تیه‌كه‌ی شه‌ڕێكمان پێ بڵێ كه ته‌نیا یه‌ك فیشه‌كی تیا ته‌قاندبێت.!
ئه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ هه‌وا گۆڕین نه‌بوبێت بۆچی بۆ سودگه‌یاندن به‌شۆڕش‌و شه‌ڕی دژه تانك‌و ته‌یاره له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا نه‌چوه ئه‌و كه‌رت‌و تیپانه‌ی پێشمه‌رگه، كه راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ری ده‌بابه‌و ته‌یاره ده‌جه‌نگان ؟ به‌پێچه‌وانه‌وه دوای ده‌وره‌كه ئه‌بێته‌وه به پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕ.!
ئه‌و وه‌ڵامه‌ی خالید، راستییه‌كی تاڵی بیرخستمه‌وه كه تائێستاش حیزب‌و حكومه‌ت پیاده‌ی ده‌كات‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌و وێرانه‌یه‌ی نیشتیمانه.
مه‌سوله‌كان، مناڵ‌و كه‌سوكاری خۆیان به ئیفادی قورس ئه‌نێرن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ناوی پێویستی كورد به‌و زانست‌و زانیاریانه، به‌ڵام كه دێنه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان ئه‌و كاره بكه‌ن، خول بۆ كه‌سانی خاوه‌ن كاری ئه‌و پسپۆڕیه ده‌كه‌نه‌وه بۆئه‌وه‌ی فێرببن‌و سود بگه‌یه‌نن.! سه‌یران‌و سه‌فاكه بۆخۆیان ئه‌رك‌و كاركردن بۆ كه‌سانیتر.!
ئنجا ئه‌و چونكه ئه‌وه‌شی نه‌كردوه ناچێته ئه‌قڵیه‌وه كه‌سێك جگه له‌خۆی فێری به‌كارهێنانی دژه تانك‌و ته‌یاره بوبێت.! نازانێت ئه‌و كادرانه‌ی له تیپه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه چون‌و گه‌ڕانه‌وه خولی فێربونیان بۆ پێشمه‌رگه خوێنده‌واره‌كان ده‌كرده‌وه. بۆنمونه ئێمه‌و سه‌دان پێشمه‌رگه چه‌كی قورسی (دۆشكه، هاوه‌ن‌و تۆپی قورس، دژه تانك‌و ته‌یاره)مان له‌شه‌ڕدا به‌كارهێناوه به‌بێ ئه‌وه‌ی خولی تاران‌و دیمه‌شق‌و كرمانشان ببینین.
زمانی ئاخاوتن‌و خوڵق‌و ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌ی كه‌رت‌و تیپه عه‌سكه‌رییه‌كان زۆر جیاوازتربون له پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕه جێگیره‌كان‌و مقه‌ڕی مه‌سوله‌كان.! ئه‌مه‌ش بۆیه باسده‌كه‌م چونكه ئه‌وانه‌ی وه‌ك خالید له‌ته‌ڕ ئه‌یاخواردو له‌وشك ده‌نوستن، پێناسه‌ی جه‌بهه‌ی (قه‌یوان - ماوه‌ت) به شه‌ڕی سێ مانگه‌ی ساڵی هه‌شتاوشه‌ش ده‌كه‌ن! بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌و جه‌بهه‌یه یه‌ك ساڵ‌و نیو و هه‌تا دواشه‌ڕی ئه‌نفالی یه‌ك به‌رده‌وام له تیپه‌كانی هه‌رسێ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌وه كه پێمان ده‌وت (حه‌مله بۆ جه‌بهه‌ی قه‌یوان ماوه‌ت یان حه‌مله‌ی سه‌ركردایه‌تی) كه‌رت‌و تیپه‌كان له‌هاموشۆ و ئاڵوگۆڕو حه‌ره‌سیاتی ئه‌و شاخانه‌دا بون. له‌و ساڵ‌و نیوه‌شدا چه‌ندین شه‌ڕی گرتن‌و گرتنه‌وه‌ی به‌رزاییه‌كانی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقدا تێده‌كه‌وت (شه‌ڕی داستانی رزگاری له‌سه‌ره‌تای مانگی چواری ساڵی هه‌شتاو حه‌وت) یه‌كێ له‌و شه‌ڕه قورسانه‌ی قه‌یوان ماوه‌ت بو.! به‌ڵام ئه‌و چونكه پێشمه‌رگه‌ی مقه‌ڕ بوه پێی وایه (شه‌ڕگه‌ی قه‌یوان - ماوه‌ت) ته‌نیا سێ مانگی كۆتایی هه‌شتاو شه‌ش بوه‌و ته‌واو بوه.
(بوختان وه‌ك خۆی ! وه‌ڵام قوزه‌ڵقورت)
وه‌ك خۆی په‌ره‌گرافی نوسینه‌كه‌ی خالید ره‌زا دائه‌نێم، باخوێنه‌ر قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی من‌و دێڕه‌كانی ئه‌و بده‌ن، خۆئه‌گه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی ئه‌و به‌دحاڵیبون‌و بوختان یانه‌خۆ كینه‌ی ره‌ش نه‌بون، من ئاماده‌م داوای لێبوردن له‌ویش‌و گه‌له‌كه‌شم بكه‌م، به‌ڵام ئه‌ویش كه‌مێ ویژدانی هه‌بێت ئه‌بێت هه‌مان كار بكات.!
بوختانی یه‌كه‌م:
خالید نوسیویه‌تی (هێرشێكی ناڕه‌وا كراوه‌ته سه‌ر شۆڕش‌و ئه‌و پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌و فه‌رماندانه‌ی كه له‌رۆژه ره‌شه‌كاندا چه‌كی شه‌ره‌ف‌و به‌رگریان بۆ نیشتیمان له‌شاندا بوه)
وه‌ڵام:
ره‌نگه من له‌ده‌یان نوسیندا قسه‌م به سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌كانی شۆڕش وتبێت به‌ڵام له‌م نوسینه‌دا نه‌خێر بوختانه! خوێنه‌ر سه‌رپشك بێت یه‌ك دێڕی ئه‌و نوسینه‌ی من وه‌ك ئه‌و ئه‌ڵێت هێرشی ناڕه‌وا بدۆزێته‌وه!
له‌و وتاره‌دا، ته‌نیا ناوی "شه‌هید محه‌مه‌د قاسم، سوهاد خانه‌قینی‌و جوانه‌مه‌رگ قادری حاجی عه‌لی" هاتوه، شه‌هید وه‌ك سومبولی شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی به‌رگری له‌گه‌ڵ لیواكانی هێزه تایبه‌ته‌كانی سه‌دام حوسێن‌دا باسكراوه.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی ئه‌وه بێت من به هاوڕێ شه‌هیده‌كه‌م وتوه تۆ خانه‌قینیت‌و ئاسه‌واری ته‌عریبت له‌سه‌ره؟ یان وتومه له‌داخی تۆ تیمی فتبۆڵی عێراق ده‌كوژین.! من نوسیومه قسه‌كانی من بۆ شۆخی‌و توڕه‌كردنی ئه‌و بو . ره‌نگه خالید نه‌زانێ شۆخی به‌مانای گاڵته‌و سوعبه‌ت دێت.!
ئه‌وانیتر وه‌ك دوو به‌رپرسی جوامێر ناوم هێناون كه له‌تۆڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالدا بیریان لای به‌سزاگه‌یاندنی خائین‌و خۆفرۆشان بوه.!
ئایا ئه‌مه هێرشه بۆسه‌ر فه‌رمانده‌كان؟ ئایا ناڕه‌وایه؟
من ئێستاش پێم وایه خه‌ڵكی خائین‌و خۆفرۆش، سه‌ر به‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك‌و حیزب‌و عه‌شیره‌تێك بن، شایه‌نی فه‌وت‌و له‌ناوبردنن! به‌ڵام ئه‌گه‌ر خالید پێی وایه ئه‌و جاشانه حیزب عه‌فوی كردون‌و چه‌كداری شۆڕشگێڕ بون‌و ئه‌بێت وه‌ك هاوكاری پێشمه‌رگه‌و شۆڕش ناویانبهێنرێت! به‌ڵێ به‌و لۆژیك‌و وه‌سفه‌ی خالید، قسه‌كانی من ناڕه‌وان.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشت ئه‌وه‌یه من وتبێتم ئه‌و دوانه ویستبێتیان یان بڕیاریاندابێ ئه‌حمه‌د رازی بكوژن؟ عوزری له‌قه‌باعه‌ت خراپتر! چونكه شتی وا له‌وتاره‌كه‌ی منا نیه.
بوختانی دووه‌م:
خالید دوای قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سوهاد ئنجا نوسیویه‌تی (باشتربو ره‌زاق پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی نوسینه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به سوهاده‌وه بكردایه بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه)
وه‌ڵام:
من له‌ژیانما هیچ نوسینێكم نه‌نوسیوه ناوی زیندویه‌كی تێدابێت‌و پێش بڵاوكردنه‌وه بۆم نه‌ناردبێت، له‌ڕوی ئامانه‌ت‌و متمانه‌ی قه‌ڵه‌مه‌وه ئه‌م كاره ده‌كه‌م نه‌ك پرس و ڕا.! بۆ ئه‌و نوسینه‌ش شه‌وێك پێش بڵاوبونه‌وه‌ی بۆ سوهاد م نارد‌و دروست بۆشم نوسی نه‌ك هه‌ڵه‌یه‌كم كردبێت! دوای بیست ده‌قیقه (واتا دوای خوێندنه‌وه‌ی) سوهاد ده‌ستخۆشی لێكردم (وێنه‌ی نامه‌كه‌ی خۆم‌و وه‌ڵامه‌كه‌ی سوهاد پارێزراوه)، له‌مه‌شدا هه‌ر راستی نه‌كردوه.
بوختانی سێیه‌م:
خالید نوسیویه‌تی (به‌پێی ئه‌وه‌ی ساڵانێك له‌رێكخستنی ناوشاریشدا كارمكردوه‌و به‌رپرسیارێتیشم هه‌بووه ئه‌وه‌نده ده‌زانم كه هیچ ئه‌ندامێكی رێكخستن سه‌ربه‌خۆو به‌بێگه‌ڕانه‌وه بۆ رێكخراو یان سه‌ركردایه‌تی ناوخۆ، نه‌ده‌سه‌ڵات نه‌مافی ئه‌وه‌شی هه‌بوه بڕیاری كه‌سێ" دیاره مه‌به‌ستی بڕیاری كوشتنه" ده‌ربكات‌و مه‌فره‌زه‌یه‌كیش له‌خۆیانه‌وه بێن‌و بیانه‌وێ فه‌رمانێكی واهی جێبه جێ بكه‌ن).
وه‌ڵام:
به‌راستی ئه‌مه درۆیه‌كی گه‌وره‌و روسپیكردنه‌وه‌یه‌كی بێچاوڕوی ئه‌و تاوان‌و ناشرینیانه‌ی شۆڕش‌و پێشمه‌رگایه‌تین، ئه‌گه‌ر نوسینه‌وه‌ی مێژو بۆ په‌ندو عیبره‌ته ئه‌بێت هه‌موان دان به‌راستیه‌كاندا بنێین‌و جوانی‌و ناشرینیه‌كان وه‌ك خۆیان باسبكه‌ین. خۆئه‌گه‌ر بۆ پاڵه‌وانبازی‌و سه‌نه‌م‌و دێ‌و دروستكردنه ئه‌بێ درۆی له‌مه‌ش گه‌وره‌تر بكرێت.
كه‌س هه‌یه بڕوا بكات هه‌مو ئه‌و تاوانانه‌ی كوشتنی ژن‌و مناڵ‌و پیاوی كاسبكار هه‌تا ده‌گات به‌و تێكۆشه‌رانه‌ی دوای ئاشبه‌تاڵ له‌ماڵی خۆیان دانیشتبون ته‌نانه‌ت ره‌فیق حیزبی‌و جه‌یشی شه‌عبی‌و مامۆستای عه‌ره‌ب‌و...هتد هه‌مو ئه‌مانه كه سه‌دان ناون به‌كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بڕیاریان لێدرابێت ؟ یان كاك خالید‌و هاوڕێكانی له‌رێكخراو كه خۆی ده‌ڵێت به‌رپرس بوم ! كۆبونه‌وه‌یان له‌سه‌ركردبێت‌و بڕیاریان لێدابێت ؟
من ئه‌توانم سه‌دان ناو ریزبكه‌م كه هه‌م مامجه‌لال‌و هه‌م كاك نه‌وشیروان خۆیان له‌تاوانی كوشتن‌یان بێبه‌ری كرد‌و سه‌دان ناویتریش كه داوای لێبوردنیان لێكراو خستیاننه لیستی ناوی شه‌هیده‌كانی كوردستانه‌وه.!
رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی خالید ره‌زاش هیچ كاتێك سه‌ركردایه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ش بۆ بڕیاری كوشتنی كه‌سێك كۆنه‌بونه‌ته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر كۆبونایه‌ته‌وه كه‌سه‌كه نه‌ده‌كوژرا چونكه یان خزمی كه‌سێكیان ده‌رده‌چو ئه‌پارێزرا ! یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك له‌ژێره‌وه كه‌سێكیان پێی ده‌وت ئاگات له‌خۆت بێت ده‌تكوژن.! وه‌ك چۆن له‌دوای راپه‌ڕین كوڕ‌و كچه هه‌ژارو بێ پشتوپه‌ناكانیان به‌خوێنێكی سارد ئه‌كوشت‌و مه‌سولی فایلدارو خزمه‌كانیان‌و پاره‌داره‌كان وه‌ك "ماسی سوك‌و باریك" له‌و تۆڕه‌ی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانی ئه‌هاتنه ده‌ره‌وه.!
بۆچی پیاو هه‌بوه له‌كوردستانا، بتوانێت بڕیاری كوشتنی (تاڵب رۆسته‌م‌و برایمی حه‌مه‌خورشه) بدات..!؟ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ته‌ماح‌و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی نه‌بوایه ؟
پاشان ئێوه كێ بون له رێكخراو و له ناوخۆ بڕیاری كوشتنی خه‌ڵكتان داوه ؟ وه‌ك خۆت ئه‌ڵێیت كه یه‌كێك له به‌رپرسه‌كانی رێكخراو بویت‌و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌و بێ بڕیاری ئێوه كه‌س نه‌كوژراوه.! تۆیه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی شار ژیاویت، له‌كوێ‌و چۆن ئه‌و سه‌دان پیاوه گه‌وره‌و تێكۆشه‌رانه‌ی شاری سلێمانیت ناسیوه‌و بڕیاری كوشتنیانت داوه؟
ئایا وتاره‌كه‌ی من هێرشی ناڕه‌وابو یان ئه‌م بوختان‌و سوكایه‌تیه‌ی تۆ كه گۆمێك له‌خوێنی سارد ئه‌خه‌یته ئه‌ستۆی شۆڕش‌و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی؟
نه‌خێر ئه‌و تاوانانه‌ی ئێستا خالید به‌شێوه‌یه‌ك وێنه‌ی ده‌كات‌و خۆی‌و چه‌ند كه‌سێكی وه‌ك خۆی لێبێبه‌ری ده‌كات، هه‌رگیز به‌كۆبونه‌وه‌و بڕیاری سه‌ركردایه‌تی یان رێكخراو نه‌بوه!
هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌زانێت ئه‌و زنجیره تاوانانه‌ی دوای راپه‌ڕینیش، له‌مه‌ڵبه‌ندی رێكخستی سلێمانیه‌وه ئاڕاسته ده‌كراو خالید ره‌زا كارگێڕی مه‌ڵبه‌نده‌كه بوو، ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌ك كه‌سی موكه‌ره‌ری مه‌ڵبه‌نده‌كه بوو، ئه‌گه‌ر ناوی لیژنه‌كه‌شی بیرنه‌ماوه، بۆ بیرخستنه‌وه‌ی من پیتی ناوی خۆیان‌و باوكیان ده‌نوسم (ئ و، ش ع، ك ع، د س، ح ن...) بون. خۆ ئه‌گه‌ر تاوانه‌كانیشی له‌بیر نیه ؟ ناچارم بیری ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌ی بخه‌مه‌وه كه له "خێوه‌ته‌ی شارباژێڕ" له‌جه‌سته‌ی هاوڕێ بێ پشتوپه‌ناكانی رێكخستن دروستیانكرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌حكه‌مه بكرێن یانه‌خۆ كه‌سێكی ئه‌و لیژنه‌یه، یاساناس‌و لێكۆڵه‌ر (موحه‌قیق) بوبێت..!!
به‌ڵام هاوزه‌مان، ئه‌و دوو خائینه گه‌وره‌یه‌ی زمانیان له (جه‌باری حاجی ره‌شیدو هاوڕێكانی) دابوو، به‌ناوی (غ م و ها ق)، چونكه دوو مه‌سول به‌خزمایه‌تی پێیان ده‌گه‌یشتن، پارێزران‌و پله‌یه‌كی به‌رزی پێشمه‌رگایه‌تیان پێدرا..!
ئه‌و كوشتاره هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ش بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه "مام جه‌لال" توڕه بێت‌و فایلی لێكۆڵینه‌وه‌كان دابخات، به‌دوایدا تاوانباره راسته‌قینه‌كان مه‌حكه‌مه نه‌كرێن‌و وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچن.
ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌راستی په‌پوله ئاسا سۆزی بۆ (بێتاوانی‌و ناوداری ئه‌حمه‌د رازی) ده‌ربڕیوه ؟ فه‌رمو دوای سی‌و دو ساڵ، كه‌مێ سۆز بتگرێت، گۆڕی ئه‌و هه‌ڤده كه‌سه نیشانی كه‌سوكاریان بده لای كه‌می بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن ئێسكوپروسكه‌كانیان به‌عورفی ئاینی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بنێژنه‌وه.
تاوان وناوه‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن، گه‌ر خالید یه‌ك تۆز حورمه‌تی مێژوی كورد‌و شۆڕشه‌كه‌ی بگرتایه وه‌ك مامجه‌لال‌و كاك نه‌وشیروان ئیعتراف‌و داوای لێبوردنی ده‌كرد ! نه‌ك پاساو بۆ هه‌مو ئه‌و تاوانانه بهێنێته‌وه.
شۆڕش، ده‌زگایه‌كی هه‌بوه به‌ناوی "دادگای شۆڕش" ئه‌و دادگایه به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌و وه‌رگرتنی وته‌كانی تۆمه‌تبارو به‌ڵگه‌ی یاسایی هه‌رگیز له‌دوره‌وه به‌غیابی حوكمی كوشتنی كه‌سی نه‌داوه! هه‌ر كوشتنێك به‌ده‌ر له‌بڕیاری ئه‌م دادگایه درابێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی‌و پاره‌و غیره‌و كینه بوه.
جارێك حاكم قادر كه سه‌روه‌ختێ دادوه‌ری شۆڕش بو وتی: (كه چومه دادگای شۆڕش مام جه‌لال پێی وتم شتێك هه‌یه هه‌میشه بیرت نه‌چێت، كه حوكمی كوشتنی كه‌سێك ئه‌ده‌ی بیزانه كه زیندونابێته‌وه تاكو داوای لێبوردنی لێبكه‌یت).
خۆزگه خالید‌و هه‌مو ئه‌و یه‌كێتی‌و كۆنه یه‌كێتیانه‌ی ناو گۆڕان كه خۆیان به دڵسۆزی سه‌ركرده‌كان‌و یه‌كێتی‌و شۆڕشه‌كه‌یان ئه‌زانن‌و من به‌هێرشی ناڕه‌وا تۆمه‌تبار ئه‌كه‌ن، به‌یه‌ك دێڕیش بوایه وه‌ڵامی (مه‌سعود بارزانی)یان بدایه‌ته‌وه كه نوسیویه‌تی "جه‌بار فه‌رمان چل پێشمه‌رگه‌ی دیلی به بلۆك كوشت"
دیاره ئه‌مه‌یان پێ هێرش نیه‌و پێ ره‌وایه ! گه‌رنا خۆ جه‌بار فه‌رمانیش سه‌ركرده‌ی شۆڕش‌و یه‌كێتی بوو ! بۆچی وه‌ڵامی (مه‌سعود بارزانی)تان نه‌دایه‌وه‌و ناده‌نه‌وه ؟
بوختان‌و درۆی چواره‌م:
سوهاد وتویه‌تی یان نا! خالید به‌ناوی سوهاده‌وه نوسیویه‌تی:
(له‌زه‌رعاته‌كانی كه‌نه‌سوره نزیك شه‌ست مه‌تری خۆمان له‌زینانێكی توتن دا شارده‌وه هه‌تا رۆژ هه‌ڵات ورده ورده خه‌ڵك ئه‌هات بۆ سه‌ر زه‌رعات به‌بێڵ‌و خاكه‌نازه‌وه من‌و ماجیدیش به‌دوربین سه‌یرمان ئه‌كرد بزانین ناسراوێك ببینین به‌رزان وتی ئه‌وه زاهیری مه‌لا عه‌بدوڵایه...هتد)
وه‌ڵام:
ئێمه (ماجید، مه‌جید عه‌لیانی، ته‌یب داقوقی، سوهاد، فواد، به‌رزان‌و خۆم) ته‌نیا فواد خه‌ڵكی سلێمانی بو، من‌و به‌رزان خاڵۆزاو پورزاو زاهیدی مه‌لا عه‌بدوڵاش بنئامۆزامان، جارێ سێ ناوی یه‌كه‌م له‌هه‌مو ته‌مه‌نیاندا به‌رێبواری‌و سه‌ردانیش، شاری سلێمانیانی‌و شه‌ست مه‌تریان نه‌بینیبو، سوهاد خۆیشی یه‌ك دو ساڵێك له سلێمانی ژیابو ئێستاشی له‌سه‌ر بێت خۆی‌و ماجید له‌و زه‌رعاتانه "كه‌نه‌ماون" یان له ئابڵاخ كه خزمانی ئێمه‌ن، به‌دوربینی قه‌وسیش كه‌سێكی ناسیاو نادۆزنه‌وه! ئاخر چۆن ئه‌وان بۆ ناسیاو ده‌گه‌ڕێن له‌كاتێكدا ئێمه هه‌رچی بێڵ‌و خاكه‌ناز له‌شانی زه‌رعاته‌كانه به‌خاوه‌ن زه‌ویه‌كانیشه‌وه خزم‌و كه‌سی خۆمان بون؟ كێ به‌م درۆیه بڕواده‌كات له‌ناو زه‌ویه‌كانی خۆمانداو كه‌سوكاری خۆماندا، دوو كه‌سی خانه‌قینی بۆ ناسیاو بگه‌ڕێن؟ به‌دوربینیش..!
هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌بو كه ئه‌و زینانی توتنه‌مان له‌زه‌وی (كاكه‌مین)ی ئامۆزای خۆماندا شك ده‌بردو پێش چه‌ند رۆژ له‌شاره‌زوره‌وه ته‌گبیری چونه ئه‌وێمان كردبو. به‌گه‌یشتنمان به‌منداڵێكدا په‌یامێكی نهێنیمان بۆ كاكه زایدی مه‌لا عه‌بدوڵا نارد كه كادرێكی چالاك‌و رایه‌ڵه‌یه‌كی پته‌وی به‌رێكخسته‌كانی ناو شاره‌وه هه‌بو، گه‌یشته لامان‌و به دوو جێگه‌و دوو تیم سێ به‌سێ له‌سه‌ر رێنمایی خۆی دامه‌زراین‌و سوهاد به‌ته‌نیا لێمان جیابۆوه‌و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر یه‌كمانگرته‌وه.!
ئه‌ركی هه‌موان له‌سه‌ر من‌و به‌رزان‌و خزمه‌كانمان‌و رێكخستنه‌كان بو، چونكه سوهاد به‌هه‌رهۆیه‌ك بو كه‌متر هه‌واڵیمان ده‌زانی. تیمه‌كه‌ی من (ته‌یب‌و مه‌جید)، به‌رزانیش (فواد‌و ماجید) ئه‌و ماڵانه‌ش كه تێیدا ده‌ماینه‌وه، تیمی به‌رزان (ماڵی كاكه‌مین، زاهیدی مه‌لا عه‌بدوڵاو ماڵی دایكی‌و ماڵی باوكی كه جیاواز بون).
تیمه‌كه‌ی من (ماڵی كامه‌رانی عه‌بدوڵای كه‌ریمه‌گێل، عومه‌ر قه‌ڵادزێیی، جوتیاری ره‌حیمی كوره‌چی) هه‌ندێكجار ئاڵوگۆڕمان ده‌كرد.
ئه‌م ناوانه هه‌م رێكخستن بون‌و هه‌م خزمی نزیكی من‌و به‌رزان بون.
سوهاد خانه‌قینی یه‌كه‌م شه‌وی لێده‌رچێت یه‌ك شه‌و له‌گه‌ڵ هیچ تیمێك نه‌مایه‌وه، چه‌ند رۆژێكی كه‌میش نه‌بێت له‌سه‌ر داوای خۆمان ته‌نانه‌ت سه‌ردانیشی نه‌كردوین.! بۆ راستی ئه‌م قسه‌یه‌ش هه‌موان له‌ژیانا ماون ئێستاشی له‌سه‌ر بێت ته‌حه‌دا ئه‌كه‌م سوهاد جگه له‌كاكه زاید یه‌ك ماڵ‌و یه‌ك كه‌س له‌م ناوانه بناسێت.!
ئێ كه ئه‌و هیچ كام له‌م ماڵ‌و ناوانه‌ی نه‌دیبێت‌و نه‌ناسبێت، ئیتر چۆن خالید به‌ده‌ستی دوو ئه‌و درۆ و بوختانانه ریز ده‌كات ؟
وابزانم ئه‌مه‌نده به‌سه بۆئه‌وه‌ی بڵێم هه‌رچی خالید له‌زمانی سوهاده‌وه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه نوسیویه‌تی راستی تێدانیه.
بوختانی پێنجه‌م:
خالید ده‌ڵێت (هه‌مان شه‌و به بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی به دۆڵی شیخ محه‌مه‌دو له كه‌پكی شیلانه‌وه به شاناخسێ دا كشاینه‌وه بۆ دیوی ئێران. له‌وێوه هێزه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك به سه‌رپه‌رشتی كاك قادری حاجی عه‌لی‌و مه‌لبه‌ندی ٣ به سه‌رپه‌رشتی كاك كۆسره‌ت به قه‌ندیلدا گه‌ڕانه‌وه بۆ سنوری مه‌ڵبه‌ندی سێ كه تا ئه‌و كاته ڕژیم هێرشی بۆ نه‌كردبو. دوای پشودانێكی چه‌ند رۆژه هێزه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی ١ به سه‌رپه‌رشتی كاك قادر له ده‌شتی هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و سنوری مه‌ڵبه‌ند له گه‌رمیان گه‌ڕانه‌وه. من به حوكمی ئه‌وه‌ی كه له‌و كاته‌دا عه‌ده‌د جیهازی كاك نه‌وشیروان بوم‌و كاك نه‌وشیروانیش به‌رپرسی یه‌كه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هێزه‌كانی بو (مامجه‌لال له گه‌شتی ئه‌وروپا بو)، هه‌مو زانیاریه‌كانیش له هه‌مو هێزه‌كانه‌وه ئه‌درا به ئێمه، بۆیه ئاگاداری هه‌مو ڕوداو و قۆڵه‌كان بوم. كاك قادر‌و هێزه‌كه‌ی له‌دوای بڕینی سه‌دان كیلۆمه‌تر به‌پێ‌و به‌برسێتی‌و شه‌كه‌تی كاتێك گه‌یشتنه‌وه قوڵایی گه‌رمیان..هتد)
وه‌ڵام:
بڕوانن خالید چۆن ئه‌ڵێ زانیاری هه‌مو هێزه‌كان لای من بوه ! چۆن ئه‌ڵێ منیش زانیاری هێزه‌كانم ئه‌دا به‌كاك نه‌وشیروان ! چۆن ده‌شڵێ ئاگاداری هه‌مو روداوه‌كان بوم..!
قوڕ به‌سه‌ر كورد تۆ زانیاریت دابێت‌و تۆ مێژوه‌كه‌ی بنوسیته‌وه !
له‌دوای ئه‌و هه‌مو لێكۆڵینه‌وه‌و كتێب‌و نوسراوانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نفاله‌كان‌و شه‌ڕه‌كان نوسرابن، زانیاری نه‌بێت له‌سه‌ر به‌رپرسی گه‌وره‌ترین مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌كۆی چوار مه‌ڵبه‌ند، زانیاری نه‌بێت له‌جوڵه‌كانی قادری حاجی عه‌لی له ناهه‌موارترین‌و خراپترین دۆخی كورد‌و شۆڕش‌و پێشمه‌رگه‌دا، ئنجا بێت ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قینی ره‌ش بڕێژێت له‌خه‌یاڵی خۆ‌یا حیكایه‌ت دروستبكات، كه‌سانێكیش هه‌بن ده‌ست به‌گه‌ردن بڕوای پێبكه‌ن ! به‌راستی كاره‌ساته.!
ئاخر چی راستبكه‌مه‌وه؟ له‌كاتێكدا كاك قادر‌و هێزه‌كه‌ی یاوه‌ری له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر نه‌گه‌یشتون به شه‌ڕگه‌كانی (قه‌یوان - ماوه‌ت‌و دوكان‌و سورداش‌و دۆڵی جافه‌تی) یه‌ك فیشه‌كیش له‌تفه‌نگی ئه‌و هێزه‌وه كه له‌گه‌ڵ كاك قادرا بوه له‌ئه‌نفالی یه‌كدا، نه‌ته‌قیوه.! ئێمه زیاتر له‌هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی تیپه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك بوین، سه‌دانیان له‌ژیاندا ماون.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه:
قادری حاجی عه‌لی‌و هێزه‌كه‌ی ویستیان بێن به‌هانای شه‌ڕگه‌ی ئه‌نفالی یه‌كه‌وه به‌ڵام نه‌یانتوانی له رێگه‌كانی (دۆڵه‌روت - تاسڵوجه - زێوێ - دوكان) بپه‌ڕنه‌وه، له‌رۆژی كۆتایی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كاندا، كه‌وتن به‌سه‌ر مه‌سافه‌ی ئینسیحابدا.
دواتریش خۆی بۆ كۆبونه‌وه چۆته شاری بانه‌و هێزه‌كه‌یشی وه‌ك هه‌مو هێزه‌كانیتر تێكه‌ڵاوی ئه‌و كشانه‌وه‌یه بو كه شه‌هید حه‌مه‌ره‌ش‌و چه‌ند سه‌رتیپ‌و فه‌رمانده‌یه‌كیتر سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد. یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیش له‌مه‌سافه‌و رێوڕۆیشتنی گه‌ڕانه‌وه‌دا، له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نه‌بون.! ئێستاش ئه‌توانێ پرسیار بكات‌و بزانێ كاك قادر چۆن‌و له‌چ رێگه‌یه‌كه‌وه به‌هێزه‌كه‌ی گه‌یشته‌وه..!!
بوختانی شه‌شه‌م:
خالید ئه‌ڵێت (به‌گێڕانه‌وه‌كه‌ی كاك ڕه‌زاق دا دیاره، گوایه جامی كه‌نداوی ساڵی ١٩٨٨ له سه‌ره‌تای مانگی یه‌كدا ده‌ستی پێكردوه، بۆیه گوێیان له هاتوهاواری یاریه‌كه گرتوه!. به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه جامی كه‌نداو له وڵاتی سعودیه له رۆژی ٢ی مارت ده‌ستیپێكردو له ١٨ی ٣ به بردنه‌وه‌ی كاسه‌كه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه كۆتایی هات ..هتد)
وه‌ڵام:
من وتاری سیاسیم به‌ئامانجێكی سیاسی نوسیوه، نه لێكۆڵینه‌وه، نه‌شیكاری وه‌رزشم كردوه! ئه‌م باسه‌ی خالید له‌سه‌ر رۆژو مانگی جامی كه‌نداو هیچ ئه‌رزشێكی نیه چونكه من باس له‌روداوێك ئه‌كه‌م كه تۆپانێی تیمی عێراقه‌و هاوڕێكه‌م هه‌واداری (ئه‌حمه‌د رازی)یه، ناوی خوله وه‌رزشیه‌كه هه‌رناوێكه گرنگ ئه‌وه‌یه دوای گه‌ڕان به گۆگڵ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خالید زانیم ئه‌و رۆژه‌ی ئێمه به‌هه‌ورازه‌كه‌وه بوین هه‌شتی مانگی یه‌ك بوه‌و یاری فتبۆڵی نێوان عێراق‌و سعودیه بوه له خولی ئۆڵۆمپی. لێره‌دا سوپاسی ده‌كه‌م كه من نوسیومه سه‌ره‌تای مانگی یه‌ك ئه‌و وایكرد بزانم رۆژی هه‌شتی یه‌كی ساڵی هه‌شتاو هه‌شت بوه. ته‌نیا هه‌ڵه‌یه‌كی من ئه‌وه‌بوه خوله‌كه كه‌نداو نه‌بوه به‌ڵكو ئۆڵۆمپیات بوه.! نه وتاری وه‌رزشیم نوسیوه‌و نه شیكارو نوسه‌ری وه‌رزشم هه‌تا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌بێت له‌سه‌رم بكه‌وێت، به‌ڵام ئایا قینی ره‌شی خالید بۆ هێنده كێرڤی به‌رامبه‌ر من به‌رزه ئه‌م كێچه‌م لێ بكات به گایه‌ك كه خۆی‌و هه‌موكه‌س ئه‌زانن من مێژوی فتبۆڵێن‌و وه‌رزش نانوسمه‌وه، به‌ڵام ئه‌و نیوه‌ی نوسینه‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی به‌لاڕێدابردن، بۆ وه‌رزش‌و خولی كه‌نداوی سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا ته‌رخانكردوه! ناوی ئه‌م خوله‌ی له‌بیرماوه چونكه پێشمه‌رگه‌كانی مقه‌ڕی مه‌سوله‌كان ماتۆڕی كاره‌بایان هه‌بو له‌به‌ر روناكی گڵۆپ‌و له‌ته‌له‌فزیۆندا یاریه‌كانیان ته‌ماشا ده‌كرد، ناهه‌قی نیه ئه‌قڵی نه‌یبڕێ پێشمه‌رگه هه‌بێت به‌هه‌ورازی شاخه‌وه‌و به‌رادیۆ موتابه‌عه‌ی یاری فتبۆڵ بكات.
له‌كۆتاییداو له‌گه‌ڵ (سالمی ساحێبقڕان) ئه‌ڵێم:
ده‌كا دونیایی پڕ شۆڕش، به‌دایم، فیتنه‌ها په‌یدا
به‌نه‌یڕه‌نگ‌و فسونی ئه‌و، له‌هه‌ر سوویێ وه‌غا په‌یدا
PM:09:25:07/02/2023
ئه‌م بابه‌ته 1004
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی