لە حەلەب تا ئۆکراین تێفکرینی دەوێت
ستران عەبدوڵا
سوپای رەسمی سوریا تەقریبەن لە حەلەب هەڵات و شارەکە کەوتە دەست گروپە چەکدارەکان. ناو و نازناوی گروپەکان هەرچۆنێک بێت زۆر لەداعشەوە دوور نین.
ڕەنگە گەرەکیان بێت وەک جاری پێشوو کە بە عینوانی داعشی ترسیان خستە دڵی دونیاوە و هاوپەیمانییەکی گەورەی نێودەوڵەتیان دژی خۆیان گاڵدا نەخوازن کەس بوروژێنن، بەڵام هەر لەو تایپەی خوێندنگەی داعش و قاعیدەن ، نە خۆیان دەتوانن زۆر خۆیان حەشاردەن و نەکەسیش بەم دوعایەیان دەڵێت ئامین.
بۆیە زۆر نابا جەمسەرگیری لە ناو سوریا قووت دەبێتەوە. هێشتان زووە بڵێن سوریای رەسمی چی دەکا و چی لێ دێت.
بەڵام لەرووی چانسی دەربازبوون و پەراوێزی هەلودەرفەتی ئاشتییەوە رژێمەکەی ئەسەد دەرفەتێکی گەورەی مانۆری سیاسیی لەدەست خۆیدا چونکە دوای تەنگەتاوکردنی دەوڵەتی داعش لە بەشەکەی سوریا و ڕاماڵینی گروپە چەکدارەکان لەبەشی زۆری وڵاتەکە بە جۆرێک هەڕەشەی روخانی لێ دوورخستەوە، خنەخنی رژێم و سوریای رەسمی بە گشتی لە چارەسەری سیاسیی پێ پەرواییەکی گێلانە بوو و رەوایی دایە گەلەکۆمەکی تازە لە دژی دیمەشق.
هێشتا زووە بزانین ئەم پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییە هەر لەناوخۆی حەلەب و شام قەتیس دەبێت و ئەوانەی کردیان هەر مەبەستیان تەمبێکردنی ئەسەد بوو یان گەرەکیانە سەرەتای گۆبەنێکی ئیقلیمگیر بێت، بەڵام چونکە ناوچەکە لێی دەرژێت و لە بەزمی کەم نییە، پێویستە سیناریۆی رەشمان لەبەرچاو بێت بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ خەریتەکەی دەوروبەری کە خۆی بە تڕە کەڵەک بەندە.
بەڕاستی باسەکە تێفکرینی وردی دەوێت پێش هیچ بانگەواز و فاڵگرتنەوەیەک.
هیوادارم کەس تەوتین و هەژماری منەکەی تایتڵی سەرەکییە لەمڕۆی پرۆسەی سیاسیی کوردستاندا گرێ نەدا بە هێڵی گەرمی حەلەب تا کرێم ، ئیسرائیل تا ئۆکراین چونکە زۆر جار ئیدعای ستراتیژزانی دەکرێتە دەسکەلای خۆدزینەوە لە ئەرک و فرمانە لۆکاڵییەکان.
قوربان سکی تێر و گیرفانی پڕ و دانی مووچە لەوادەی خۆیدا تێفکرینی خوازراو لەسەرەوە لە تەمەنناوە دەکاتە واقیعی بەرجەستە.
AM:09:35:30/11/2024
ئهم بابهته 924
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی