ئاسانكاری بۆ بەشداری كوردستانیانی ناوچە دابڕینراوەكان لە سەرژمێریدا ئەركێكی نیشتمانییە!

‌کاوە محمود

ئاسانكاری بۆ بەشداری كوردستانیانی ناوچە دابڕینراوەكان لە سەرژمێریدا ئەركێكی نیشتمانییە!

سەرژمێری دانیشتوان لە وڵاتاندا، پرۆسەیەكی گرنگی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی هەمەلایەنە، كە بە هیچ شێوەیەك گۆمان لەسەر پێداویستیبوونی نییە‌و، هەر لەم ڕوانگەیەوە بەشی ئامار لە نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەسەتی یارمەتیدانی وڵاتان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دامەزرا.

كڕۆكی سەرژمێری بریتییە لە پەیڕەوكردنی میتۆدێكی لۆجیكی لە كۆكردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دانیشتوان، وەك بنەمایەك بۆ وەرگرتنی بڕیار لە ئاییندە بۆ ئاراستەی پلاندانانی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و بەكارهێنانی داتا‌و زانیارەكانی سەرژمێری لە میانەی خەرجكردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتكردنی تەندروستی‌و نەهێشتنی دیاردەی بێكاری‌و هەژاری‌و دابینكردنی خزمەتگوزارەییەكانی بواری خوێندن‌و، ئامادەكردنی توێژینەوە سەبارەت بە سەرجەم ئاراستەكانی گەشەپێدان، كە بۆتە ئامانجێكی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030.

سەرخستنی سەرژمێری بەندە بە دابینكردنی زەمینەی پێویست، كە ئەو پرۆسەیە لە ڕەوشی سەقامگیری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی ئەنجامبدرێت‌و، ئاكام‌و داتا‌و زانیارییەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی پەراوێزخستنی پێكهاتەیەك، یان توێژێكی دیاریكراو نەبێت‌و، نەكرێ بە ئامرازی جێبەجێكردن‌و سەپاندنی دۆخێكی تایبەت لەو وڵاتەدا‌و، لەم ڕوانگەیەوە لە ڕەوشی نائاسایی‌و لە قۆناغەكانی ناسەقامگیری، یان لە میانەی پرۆسەی عەدالەتی ڕاگوزاری ناتەواوبوو، سەرژمێری ئەم مەبەستەی كە ڕاستەخۆ بەندە بە پلانی گەشەپێدان‌و كاركردن بۆ ئاییندە ناپێكێت.

خولی سەرژمێری 2020 لە جیهان كە لە نێوان ساڵانی 2015 تا 2024 دەكرێت. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقیا لە وڵاتانی عێڕاق‌و تونس‌و جیبۆتی‌و مەغریب لە ساڵی 2024 دەكرێت، بەڵام سەرژمێری دانیشتوان لە وڵاتانی لوبنان‌و سوریا‌و یەمن‌و سودان‌و لیبیا‌و سۆماڵ بە هۆی ناسەقامگیری ڕەوشی سیاسییەوە ناكرێت.

شایانی باسە دوا سەرژمێری لەو وڵاتانە بەم جۆرە بووە: لوبنان 1932، سوریا 2004، یەمەن 2004، سودان 2008.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ڕەوشی سیاسی لە عێڕاق‌و دۆخی سەقامگیری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی لەبارە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری؟
لە عێڕاقدا قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار بۆ كۆتایهاتن بە قۆناغی بەعس‌و دیكاتۆریەت‌و ئاكامە قانونی‌و ئابووری‌و كرمەڵایەتییەكانی كۆتایی نەهاتووە. ماددەی 140، كە بەكێكە لەو بابەتانە‌و خودی دەستوور ئاماژە بۆ ئەنجامدانی هەنگاوەكانی دەكات، كە سەرژمێری یەكێكە لەو هەنگاوانە‌و، پێش ئەوەش هەنگاوی دیكە هەیە، كە تائیستا جیبەجێنەكراوە. بڕبارەكانی قیادەی سەورەی بەعس سەبارەت بە گۆڕانكاری دیموگرافی‌و داگیركردنی زەوی جوتیارانی كورد‌و توركمان لە كەركوك وەكو خۆی ماوە. لە عێڕاقدا نەك ئەو قۆناغەی عەدالەتی ڕاگوزار كۆتایی نەهات، بەڵكۆ شەڕی تایفگەری شیعە‌و سوننە‌و بابەتی بوونی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی (داعش)‌و، سەرهەڵدانی گۆڕانكاری دیموگرافی نوێ، قۆناغی دیكەی پێداویستی عەدالەتی ڕاگوزاری هێناوەتە پێشەوە.

یەكێك لەو بابەتانەی، كە قەیرانی پرۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا بەرهەمیهێناوە جێبەجێنەكردنی دەستوور‌و سیاسەتی جیاكارییە، كە ئەمەش قەیرانی نەبوونی متمانەی دروستكردوە‌و، هەردەم مەترسی ئەوە هەیە تاقمی دەسەڵاتدار داتا‌و زانیارییەكان بە جۆرێكی چەواشە، یان بە نیازی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی دوور لە ڕێكەوتننامەكان بەكاربهێنێت‌و لەم بوارەشدا ناكرێ متمانە بە بەڵێنی سەرزارەكی بكرێت.

تێكرای ئەم بابەتانە ئاماژەیە، كە زەمینەی لەبار بۆ سەرژمێری لە ئارادا نەبووە‌و، ئەم بابەتەش بۆ پاراستنی شوناسی كوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنڕاوەكان بە نیسبەت كوردستانیانی ئەو ناوچانە بۆتە تەحدایەكی گەورە‌و، هەرچەندە باس لەوە دەكرێت سەرژمێرییەكە بە گوێرەی سەرژمێری 1957 دەكرێت‌و، خەڵكی ئەو ناوچانە ئەكەر بەهەر هۆیەكەوە لە دەرەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان نیشتەجێبن ناو‌و زانیارییەكانیان بۆ شوێنی لەدایكبوونیان لەو ناوچانەدا دەگوێزرێتەوە، بەڵام زۆربەی كوردستانیانی ئەو ناوچانە سەرەڕای ئاستەنگەكان دەیانەوێ ڕۆژی سەرژمێری لەو ناوچانە تۆماربكرێن.

دانیشتوان ئەو ناوچانە كار بۆ پاراستنی شوناسی كوردستانیبوون دەكەن‌و، گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ بوونیان لەو ناوچانە لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری بكات.


PM:06:09:19/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی