سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا: بەهۆی کێشەی کورسییەکەوە لەگەڵ ئەردۆغان، شەوان خەوم نەماوە


وێستگه‌ نیوز-
چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیه‌نێت، بەهۆی ئەوەی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەسەر کورسییەکەی ئۆرسولا ڤۆندێر لاین دانیشتووە، بەئاسانی شەوان خەوی لێناکەوێت و ئەو رووداوە کە ئەو تێیدا "خەجاڵەت باربووە" لە مێشکیدا دووبارە دەبێتەوە. 
 
کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە، بەڵام تەنیا دوو کورسی دانرابوو و چارلس میشێل لەپاڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر کورسییەکە دانیشت. 
 
ئەوە وایکرد ئۆرسولا ڤۆندێرلاین بەپێوە بوەستێت و بە وتنی "ئحم" کاردانەوەی بۆ رووداوەکە پێشاندا. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دواتر بڵاوکرانەوە، ڤۆندێرلاین لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوو و بەشداریی کۆبوونەوەکە بوو. 
 
ئەو رووداوە پێشینەیەکی هەیە، کاتێک لە ساڵی 2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بروکسلی کرد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و سەرۆکی ئەنجوومەن لەگەڵیدا لەسەر کورسییەکان لە تەنیشتییەوە دانیشتن. 
 
رووداوەکە دوای ئەوەی ڤیدیۆکەی بڵاوبووەوە، خەڵکانێکی زۆر رەخنەیان لە چارلس میشێل و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت، بەتایبەتی میشێل کە خۆی دانیشتووە و هاوڕێکەی بەپێوە وەستاوە. 
 
چارلس میشێل رووداوەکە بە "خەجاڵەتهێنەر" ناودەبات و بە رۆژنامەی Handelsblattـی ئەڵمانی وتووە، "ئەوە نهێنی نییە کە لەو کاتەوە شەوان باش خەوم لێناکەوێت، لەبەر ئەوەی دیمەنەکان لە مێشکمدا دووبارە دەبنەوە"، ئەوەشی گوتووە، ئەگەر رێگەیەک هەبووایە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئەو دۆخە چاک بکاتەوە، ئەوە دەیکرد. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتیکردەوە ئامادەکاریی تەواو نەکرابێت و وتی، "پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتیی لە ئاستی داخوازییەکانی لایەنەکەی یەکێتیی ئەوروپا بووە. بە واتایەکی دیکە، رێکخستنی دانیشتنەکە لە ئاستی خواست و پێشنیازەکانیان دیزاینکراوە."
 


PM:07:13:10/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت