دوو شه‌پۆلی بارانبارین و سه‌رمای توند ئه‌م ناوچه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسیی گه‌رمیان رایگه‌یاند كه‌ دوو شەپۆل ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە، یەکەمیان شەپۆلی بارانبارینە و شەپۆلی دووەمیش لە بارانبارینەوە دەگۆڕێت بۆ شەپۆلی سەرمای توند.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شوهه‌وای گه‌رمیان رایگه‌یاندوه‌ كه‌ بەهۆی کاریگەریی ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست، پێشبینیی دەکرێت لە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەوە تا ئێوارەی دووشەممە هەندێك لە کاتەکان باران ببارێت، بەزۆریش کاتەکانی بەرەبەیانی دووشەممە، لەم شەپۆلەدا ئەگەری بڕی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی گەرمیان بەم شێوەیە پێشبینیی ده‌كرێت:

① ناوچەکانی باکوری گەرمیان لە نێوان ( 5 - 10 ملم)
② ناوچەکانی ناوەڕاستی گەرمیان ( 3 - 6 ملم)
③ ناوچەکانی باشوری گەرمیان ( 1 - 3 ملم)

کەشوهەوای گەرمیان دەشڵێت: شەپۆلی یەکەم له ئێوارەی دووشەممە کۆتایی دێت، بەڵام بەهۆی دروستبونی هەوری ناوخۆییەوە لە ناوچەکانی باکوری گەرمیان، ئەگەری چەند تاوێکی بارانی ناوخۆیی هەیە لە نیوەڕۆ و ئێوارەی سێشەممە.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌پۆلی دووه‌میش رایگه‌یاندوه‌ كه‌ بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاستەوە، پێشبینیی ده‌كرێت له نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەوە تا ئێوارەی پێنجشەممە ناوبەناو هەندێك کات بارانبار بە ڕێژەی جیاواز ببارێت، ئێوارەی چوارشەممه تۆپەڵە هەوایەکی ساردی سیبری ڕوسیا تێکەڵی شەپۆلەکه دەبێت و بەوهۆیەوە پلەکانی گەرمی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و بای ساردی باشور چالاک دەبێت و لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییەکانی باکوری گەرمیان ئەگەری بەفربارین هەیە.

ڕۆژی دواتر واتە پێنجشەممە ئەگەر هەیە شەپۆلی بەفربارین فراوان ببێت و زۆرێك له ناوچەکانی باکوری گەرمیان و بەشێك لە بەرزاییە ناوەڕاستی گەرمیانیش بگرێتەوە و کەش زۆر سارد دەبێت و پلەکانی گەرمی لە شەودا چەند پلەیەك دەچنە ژێرسفری سەدییەوە، ئێوارەی پێنجشەممە شەپۆلی دووەم کۆتایی دێت و پێشبینیی دەکرێت بەهۆی بەفربارینەوە چەند ڕۆژێك شەپۆلی سەرما بەردەوام بێت.

پێشبینی بڕی باران و بەفری شەپۆلی دووەم :
① ناوچەکانی باکوری گەرمیان لە نێوان ( 6 - 12 ملم و 1 - 5 سم بەفر)
② ناوچەکانی ناوەڕاستی گەرمیان ( 4 - 7 ملم و 0.5 سم بەفر)
③ ناوچەکانی باشوری گەرمیان ( 3 - 5 ملم)


PM:09:42:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 13764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت